هۆکارو نیشانەکانی ئازاری کلێنچکە
پزیشک هەڤین کەمال شا لە نووسینێکدا هۆکارو نیشانەو چارەسەرەکانی بۆ ئازاری کلێنچکە خستووەتەڕوو کە لەبەشی خوارەوەی ئێسکی بڕبڕەکانی پشتدا ڕوودەدات.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/07/20230705-111782020-tail-bone-jpg3db3ae-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕ له زانستی ئازار دەربارەی ئازاری کلێنچکە نووسیویەتی: بە ئازاری "coccydynia" ناودەبرێت ، ئازارێکی بێزارکەرە لەناوچەی ئێسکی خوارەوەی بڕبڕەکانی پشتدا ڕوودەدات کەپێ دەوترێت کلێنچکە.
ھۆکارەکانی :
- لەئەنجامی پێکان و کەوتن بەپشتدا .
- دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕوویەکی تەسک و ڕەق کەدەبێتە ھۆی ھەوکردنی جومگەکە .
- داخورانی جومگەکە بەھۆی ھۆکارەکانی داخوران وەک ھەر جومگەیەکی تر .
- لەئافرەتدا زۆر جار بەھۆی منداڵبوونی سروشتی ڕوودەدات، کە ئێسک و جومگەکەکە زەبریان پێدەگات لەئەنجامی فشاری منداڵەکەوە .
نیشانەکانی :
ئازاری کلێنچکە، ئازارێکی بێزارکەرەو ھەندێک جاریش تیژە، لەھەندێک چالاکیدا زیاتر دەبێت، وەکو دانیشتن، لەکاتی ھەڵسان لەدانیشتنەوە بۆ وەستان بەسەرپێوە، یاخود وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر، پیسایکردن و لەکاتی سێکسکردندا . بۆ ئافرەتان ھەندێک کات لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئازارەکە زیاد دەکات.
بۆکەمکردنەوەی ئازارەکە چی دەتوانیت بکەیت؟
- لەکاتی دانیشتندا دۆشەکەڵەی تایبەت بەکاربێنە، کەناوەکەی کونێکی تیادابێت، یاخود لەشێوەی حەرفی (V) ی ئینگلیزی بێت .
- لەکاتی دانیشتندا دەتوانیت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە .
- جەوەنەو پاکی سارد یاخود گەرم دەتوانیت بەکاربێنیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بەپێی نەخۆشەکە بەکامیان ئارامتر دەبێت.
-ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربھێنرێن بە تایبەتی دژەھەوکردنە ناستێرۆیدەکان ، بەڵام باشترە لەژێر ڕێنمایی
پزیشکدا بێت لەبەر زیانە لاوەکییەکانیان .
-ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی و وەرزشی تایبەت بەو کێشەیە، کەپزیشکی پسپۆڕ بۆت دادەنێت.
ئەگەر ئازاری کلێنچکەت بەو ڕێگا چارانەی سەرەوە چاک نەبوو، ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە پشکنینی کۆمت بۆ بکات بۆ زانینی ھۆکاری تر، تیشکی ڕەش و سپی" x ray" و تیشکی تەنووری ھەندێک جار پێویستن بۆ بینینی شکاوی، داخوران، یاخود ھەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک شێر پەنجە .
چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچکە :
-لێدانی دەرزی ستیرۆید ، پرۆلۆتێراپی ، پلازما بۆ کلێنچکە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا .
-بەکارھێنانی ئامێری شۆک وەیڤ و تێنس لەگەڵ یەکدا بۆ شوێنی ئازارەکە .
-سوتان و سڕکردنی گرێ دەماری" ganglion impar" بە هۆی ئامێری ڕادیۆفریکوینسی radiofrequency" لەژێر دەلالەتی ئامێری "C arm" دا بۆ نەھێشتنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچک .
نەشتەرگەری, کەئەمیش زۆر بەدەگمەن دەکرێت و ئێسکەکە لادەبرێت .