ئاگزیما چییە و چۆن چارەسەر دەبێت؟

گەشین کەمال، هۆکارەکانی نەخۆشی ئەگزیما و چارەسەرییەکان دەخاتەڕوو، کە دەکرێت لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لەو کەرەستانەی لەش دەخورێنن و چەندین ڕێگەی دیکە چارەسەری ئەگزیما بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشك گەشین کەمال، پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نەخۆشی ئەگزیما و ڕێگاکانی چارەسەری نەخۆشییەکە دەخاتەڕوو.

 

پزیشک گەشین کەمال وەها دەنووسێت: ئاگزیما یەکێکە لە نەخۆشییەکانی پێست، کە لە ئەنجامی هەوکردنی پێستەوە دروست دەبێت و زۆر جاریش بەهۆی حەساسییەتی پێستەوەیە کە زۆرتر ئەم هۆکارە بۆماوەییە لە کەسەکاندا.

 

کاتێک کەسێک تووشی ئاگزیما دەبێت نیشانەکانی ئەوەیە کە پێست کەمێک دەئاوسێت لە هەندێک جۆردا و سور دەبێتەوە و دەخورێت، پاشان دەگاتە ئەوەی کە پێستەکە دەقڵیشێت و پێست فڕێدەدات و وەک برین خۆی نیشان دەدات، زیاتر ئاگزیما لە دەمووچاو و دەست و قاچ دروستدەبێت، هەندێک جاریش لە شوێنی تری لەشدا بەدەردەکەوێت، بۆیە پێویستە کە تووشی ئاگزیما بوویت نەیخورێنیت، چونکە شوێنەکەی دەبێت بە برینی وشک و ئازاری دەبێت.

 

هۆکارەکانی پاڵنەر بۆ دروستبوونی ئاگزیما:

- خوری و قوماش

- سابوون و ئەو بەکارهێنەرانەی کە پێست ووشک دەکەنەوە

- هەستکردن بە گەرما و عارەق کردنەوە

- وشکبوونەوەی پێست

 

دەستنیشانکردنی ئاگزیماش دەبێت پزیشکی پێست بیکات، بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی تووشی ئاگزیما دەبن، جۆرێک لە جۆرەکانی حەساسییەتییان هەیە، بۆیە دەبێت پشکنین بۆ کەسەکە بکرێت بەر لە وەرگرتنی چارەسەر.

 

پزیشکی پسپۆڕی پێست دوای زانینی جۆری ئاگزیماکە و ڕێژەکەی، چارەسەری پێویستی بۆ دیاری دەکات.

 

خۆپارێزی لە ئاگزیما:

- بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کە پێست نەرم و تەڕ دەکاتەوە

- دوورکەوتنەوە لە هەواگۆڕکێی زۆر لە زۆر گەرمەوە بۆ زۆر سارد یان بە پێچەوانەوە

- دوورکەوتنەوە لە عارەق کردنەوەی زۆر یان سەرمابوونی زۆر

- کەمکردنەوەی فشارە دەرونییەکان

- دوورکەوتنەوە لەو کەرەستانەی کە دەبێتە هۆی خورانی لەش بە تایبەت خوری

- خواردنی ئەو خواردنانەی کە پێست بە تەڕی دەهێڵێتەوە بە تایبەت سەوزە و میوە