وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشیاری خۆپارێزی لە پەتای خوێنبەربوون دەدات

لە پارێزگای کەرکوک یەکەم حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندرا و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئامادەکارییان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بە ناوی تای خوێنبەربوون کرد، هەروەها ڕاشیگەیاند کە ساڵانە ژمارەیەك هاوڵاتی تووشی پەتاکە دەبن و زیاتر لە ناو شوان و قەساب و ئەو کەسانەدا بڵاوە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵاندا هەیە.

 

وەزارەتەکە ئاشکرایکرد کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری عێراق تەنها ١٠ هاوڵاتی تووشی ئەو پەتا ڤایرۆسییە بوون، هاوکات  وەزارەتی تەندروستی عێراق نەخۆشییەكەی كۆنتڕۆڵ كردووە و بەدوداچوون بۆ حاڵەتەكان دەكات.

 

لەدوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، لەو پارێزگایە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.

 

هاوکات وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون-Haemorrhagic Fever  دەکات.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە دوای ئەوەی لە عێراقدا سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گواسترەوەی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ بەناوی پەتای خوێنبەربوون ڕاگەیەندرا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری و ڕێکاری هۆشیاری خۆپارێزی هاوڵاتیان دەگرێتەبەر.