جووڵە و ڕەفتاری ڕۆژانە دەبێتە هۆی ئازاری جەستە

هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و باس لە شێوازەکانی جووڵە و ڕەفتاری ڕۆژانە دەکات، کە دەبێتە هۆی ئازاری جەستە و پێویستە بە شێوازی دروست مامەڵە بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و باس لە ئازارەکانی جەستە دەکات، کە بەهۆی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەوە دروست دەبێت و دەڵێت: ھەندێک جار بوونی ئازار لە جەسەتەدا ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵبژاردنە سادەکانمان کە ڕۆژانە دەیکەین.

 

هەڤین کەمال شا محەمەد چەند نموونەیەک دەخاتە ڕوو، ئەوانیش؛

١-لەپێکردنی نەعل و پێڵاوی نەگونجاو وەکو سەندەل و نەعلی لاستیک و پێڵاوی نووک تیژ، دەبنە ھۆی ئازاری پێیەکان، قولە پێ و ئەژنۆ .

٢-بەکارھێنانی زۆری مۆبایل (سمارت فۆن)، نووسینی تێکست و نامە بە بەردەوامی، دەبێتە ھۆی ئازاری پەنجەکانی دەست و شان و ملت، بۆیە ھەر کاتێک ھەستت بە ئازار کرد پشوویەک وەرگرە.

 

٣- دانانی جزدانی پارەکەت لە بەشی پشتەوەی پانتۆڵەکەت، لەوانەیە ھۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئازار لە پشت و سمت، ھەروەھا ئازارێکیش کە بگات بە بەشی خوارەوەی قاچ، ئەویش بەھۆی فشار خستنەسەر دەماری (سایەتیک) کە لەو شوێنەدایە ڕۆژ بە ڕۆژ، ھەروەھا لەوانەیە شێوازی سروشتی وەستانی بڕبڕەکانی پشتیش تێک بدات، بۆیە باشترە پێش ھەموو دانیشتنێک جزدانەکەت لابدەیت.

 

٤-دانیشتنی ھەڵە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، دانانی کورسی ئۆتۆمبێلەکەت بە گۆشەیەکی ھەڵە وادەکات کە ببێتە پێشە بۆ گرتنی سووکان، بۆیە ئازاری شان و ملت بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی تووشی ئەمە نەبیت، پێویستە بە ڕێکی کوشنی ئۆتۆمبێلەکەت دانێیت و بە گۆشەیەکی وەستاو بە جۆرێک پاڵپشتی سەر و مل و بەشی خوارەوەی پشتت بکات، سووکان دەبێت بە ئاسانی دەستت بیگاتێ و دەستەکانت کەمێک نوشتاوە و ئاسوودە بن.

 

٥-گەمەکردن بە یارییە ئەلکترۆنییەکان، ھەندێک یاری ئەلکترۆنی کە جووڵەکانی وەک جووڵەی چەند وەرزشێک وایە، لەوانەیە ببنە ھۆی برینداری بەستەر و تەقینی کرکڕاگە و ھەندێک جار شکاویش، چارەسەریش ئەوەیە کە ھەندێ وەرزشی ڕاکێشان و سترێچینگ بکەیت پێش ئەنجامدانی ئەو گەمانە، ھەروەھا بۆ کاتێکی کەم ئەنجام بدرێت.

 

٦-خواردنی زۆری پەنیر، ئەو کەسانەی حەزێکی زۆریان لەپەنیر خواردنە ڕەنگە ھۆکاری سەرئێشەکەتان بێت، بەتایبەتی پەنیرە خۆشەکراوەکانی وەکو شیدەر، پارمیزا و سویسریەکان، ئەویش بەھۆی زۆری ماددەی (تایرامین) تیایاندا، ھەروەھا ئەم ماددەیەی کە سەرئێشە دروست دەکات لەوانەیە لە ھەندێک گۆشتی دروستکراو و معلب و ھەندێک خواردنەوەی وەکو بیرە یاخود ئەلکھولەکان ھەبێت، بۆ چارەسەری ئەمەش دەتوانیت یادەوەرییەک دانێت بۆ ئەو خۆراکانەی ئازارت بۆ دروست دەکەن و دوورکەویتەوە لێیان.

 

٧-پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە بە هەڵە لە کاتی سەیر کردنی تیڤی یاخود پشوودان، لەوانەیە ئازاری پشتت بۆ دروست کات، بۆیە باشترە نەھێڵیت لەو کاتانەدا خەوت لێکەوێت بە شێوازێکی ھەڵە، ھەمیشە کاتی نووستن بچۆرە جێگای خۆت.

 

٨-ھەڵگرتنی منداڵەکەت، ڕۆژانە ھەڵگرتنی منداڵەکەت بە ھەردوو دەستت دەبێتە ھۆی ھەوکردنی بەستەرەکانی پەنجە گەورە و مەچەک، بۆیە باشترە ئاگات لە ھەڵگرتنی منداڵەکەت بێت، بێ ئەوەی فشار بخەیتە سەر مەچەکت، دەستت بخەرە ژێر سمت و پشت و ماسولکەکانی قۆڵت بەکاربهبێنە.

 

٩- شێوازی ھەڵگرتنی لاپتۆپ بە یەکشان یاخود بە دەست ئازارت بۆ دروست دەکات، بۆیە باشترە کە جانتایەک بەکاربێنیت بە ھەردوو شان ھەڵگیرێت یاخود زوو زوو جێگۆرکێ بکەیت بە جانتاکە لە شانەکانتدا.

١٠-توند بەستنی قژ لەناو ژناندا، لەوانەیە سەرئێشە دروست بکات یاخود ئەوانەی شەقیقەیان لەگەڵە ھەستیار ترن بەرامبەر لاستیکی قژ، کڵاوی تەسک و توند، بۆیە لەو کەسانەدا باشترە قژیان نەبەستن و پەخشانی بکەن.

 

١١-پزیشکەکان ھەتا ئێستا نازانن بۆ، بەڵام بۆنی بەھێز یەکێکە لە ھۆکارەکانی دروست بوونی ئازاری شەقیقە، وەکو عەتری تیژ، بۆنی دووکەڵ و جگەرە، بۆنی بۆیاخ، بۆیە باشترە بزانیت کام بۆن ناڕەحەتت دەکات و دوورکەویتەوە لێی.

١٢- شێوازی نووستنی ناڕێک، ئەوانەی بە دەمدا دەخەون لەسەر گەدەیان، یاخود بەلایەک و لەسەر باڵێکیان ھەمیشە ئازاریان بۆ دروست دەبێت، باشترین ڕێگا بۆ نووستن بە پشتدا یاخود بەلادا بەشێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا.

 

١٣-خواردنەوە ئەلکھولیەکان بەتایبەتی شەرابی سوور، ویسکی، بیرە، شەمپانیا هۆکاری ئازارن، بۆیە باشترە تەرک بکرێن یاخود کەم بکرێنەوە.

١٤-نەخواردنی ژەمێک، دەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی شەکری لەش لە ھەندێک کەسدا، کە دەبێتە ھۆی سەرئێشەیەکی زۆر، بێ ئەوەی بزانیت کە ھۆکارەکەی برسی بوونە، بۆیە باشترە ژەمەکانت ڕێکخەیت و خواردنی بەسوود بخۆیت.

 

١٥-کێشەکانی چاو و کزی بینین ھەندێک جار دەبنە ھۆکاری سەرئێشە، بۆیە باشترە ھەمیشە پشکنین بۆ بینینت بکەیت.

١٦-ھەڵگرتنی شتی قورس بە ڕێگەی ھەڵە خراپترین شێوازیش چەمانەوە بۆ پێشەوەیە بۆ ھەڵگرتن، ئینجا ڕێک کردنەوەی پشت لە کاتی ھەڵگرتن دا هۆکاری ئازارن، بۆیە باشترین شێواز چەمانەوەی ئەژنۆ و حەوزە بۆ ھەڵگرتنەوەی شت.

 

١٧-سترێس و بیرکردنەوەی زۆر ھەمیشە ئازار زیاد دەکات.

١٨-سێکس کردنی زۆر، لەوانەیە فشاری خوێن بەرز بکاتەوە و کاریگەری ھەیە لەسەر گرژبوونی ماسولکەکانی شان و مل، ئەمیش لە پیاواندا زیاترە وەک لە ژنان.

 

١٩-ھەڵگرتنی منداڵ بە شان یاخود، وەکو پێی دەوترێت قەڵادۆشکانی منداڵ ھۆکارە بۆ دروست بوونی ئازاری شان و مل.

٢٠- ھەندێک کێشەی ددان و شەویلگە بە تایبەتی ئەوانەی لە کاتی خەودا ددانیان جیڕ دەکەنەوە و توندی دەکەن، ئازاری شەویلگە و سەرئێشەیان بۆ دروست دەبێت.