تەندروستی سلێمانی چەند ڕێگایەک بۆ پاراستنی چاوەکان لە ماندووبوون دەخاتەڕوو

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى ئاماژە بەوەدەکات، سەرباری ئەوەی ماندووبوونی چاوەكان مەترسیدار نییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرە، بە چەند ڕێگایەک دەتواندرێت چاوەکان لە ماندووبون بپارێزرێن وەک پشوودان، باشتركردنی هەواگۆڕكێ لە شوێنی كاردا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بابەتێکی تایبەت بە پاراستنی چاو لە ماندووبوون بڵاوکردووتەوەو ئاماژەی بە چەند رێگایەک کردووەو نووسیوویەتی: سەرباری ئەوەی ماندووبوونی چاوەكان مەترسیدار نییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرەوە و كاتێك چاوەكان ماندوو دەبن هەست بە سووتانەوە و خوران دەكرێت.

 

چۆن بتوانین چاوەکانمان لە ماندووبوون بپارێزین؟

-پشوودان، پشوو بە چاوەكانت بدە لە كاتی هیلاكبوونیدا و هەوڵبدە بۆ ماوەی (پێنج) دەقیقە چاوەكانت دابخەیت.

- باشتركردنی هەواگۆڕكێ لە شوێنی كاردا، دەبێت شوێنی كاركردن هەواكەی پاك بێت و تەپوتۆزی تێدا نەبێت و هەروەها جگەرەی تێدا نەكێشرێت بۆئەوەی چاوەكان پارێزراو بن لە ووشكبوونەوە.

- ئەنجامدانی ڕاهێنان، پێویستە لە كاتی كاركردندا ڕاهێنانی پشوودان ئەنجام بدرێت وەك دانانی ئەنیشك لەسەر مێزی كاركردنەكەت و پاشان بەرزكردنەوەی دەستەكانت بۆ سەرەوە بۆ خستنە ژێر چەناگەت یاخود دانانی سەرت لە نێوان هەردوو قۆڵت و دەستتدا پاشان داخستنی چاوەكانت و كرداری هەناسەدانی قووڵ ئەنجام بدە .

- شێلانی برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو، مەساجكردن بۆ برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو بۆ ماوەی ١٠ چركە یارمەتیدەرە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوە و هیلاكبوونی چاو.

-بەكارهێنانی چاویلکەی گونجاو، لە كاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا یاخود لە كاتی خوێندنەوەدا، ئاگاداربە لە بەكارهێنانی چاویلكە و هاوێنەی پزیشكی چاو بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی چاویان لاوازە پێویستە ئەو چاویلكەیەی بەكاری دەهێنێت گونجاوبێت و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دانرابێت.

-بەكارهێنانی قەترەی چاو، لە كاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەوا چاوەكان رووبەڕووی هیلاكبوون و ووشكبوونەوە دەبنەوە بۆیە دەبێت لەو كاتانەدا قەترەی چاو بەكاربهێنرێت بۆ ڕوودانی گریانی دەستكرد كە بەبێ ڕەچەتەی پزیشكی لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت و چاو لە وشكبوونەوە دەپارێزێت و پاكی دەكاتەوە.

- چاوتروكانی زیاتر بۆ چالاكبوونی چاوەكان، هەركاتێك كۆمپیوتەر زیاتر بەكاربهێنرێت ئەوا پێویستە چاوەكان زیاتر بتروكێنرێت ئەویش لە پێناو چالاكبوونی زیاتری چاوەكان و هێشتنەوەی بە تەڕی و ڕوونەدانی وشكبوونەوەی چاوەكان.

- ئامێرە ئەلكترۆنییەكان، پزیشكان ڕێنمایی ئەوە دەكەن لە كاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكاندا وەك كۆمپیوتەر و هاوشێوەكانی ، بۆ ماوەی (٥ بۆ ١٥) چركە چاو لەسەر شاشەی ئەو ئامێرانە لابەرین و بە سەیركردنی شوێنێكی دیاریكراو و دورتر لە ئامێرەكە بڕوانین.

-خۆراك، خواردنی خۆراكەكانی وەك سپێناغ و ماسی و هێلكە و چەرەسات و پرتەقاڵ لە ژەمە سەرەكییەكانی ڕۆژانەدا.

- شوێن، پێویستە ئەو شوێنەی كە ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی تێدا بەكار دەهێنرێت ڕووناكییەكەی گونجاو بێت واتە  ڕووناك بێت و تاریك نەبێت.