"شیرپێدانی سروشتی دایک دەپارێزێت لە شێرپەنجەی مەمک"

شیرپێدانی سروشتی کە لە دایکەوە بۆ منداڵە هەردوولا سوودمەند دەبن و ناهێڵێت دایکەکە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببێت و منداڵەکەش دەپارێزێت لە نەخۆشییەکانی شەکرە و زەخت لە کاتی گەورەبووندا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- شیری دایک چەندین سوودی گرنگی بۆ منداڵ هەیە و وای لێ دەکات لە کاتی گەورەبووندا دوور بێت لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان، هەروەها سوودێکی زۆریشی بۆ دایکەکە دەبێت و دووری دەخاتەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە و خەمۆکی، پسپۆڕانی خۆراکیش ڕێنمایی دایک و باوکاکان دەکەن منداڵەکانیان نەکەن بە قوربانی شیری قوتو.

 

"منداڵ پێویستە دوای لە دایکبوونی ژەکی پێ بدرێت"

تارا عەلی بابان، پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان ئاماژەی بەوەکرد، شیرپێدانی سروشتی کە لە دایکەوە بۆ منداڵە لە نیو کاتژمێری یەکەمی دوای لەدایکبوونی کۆرپەلەوە دەستپێدەکات، لە هەفتەی یەکەمدا ئەو شیرەی دایک بەرهەمی دەهێنێت پێی دەوترێت ژەک کە شلەیەکی خەستی مەیلەو زەردە و بڕەکەی زۆر کەمە، هەروەها ڕیژەیەکی زۆر لە پرۆتین و ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی منداڵەکە و لە نەخۆشی دەیپارێزێت، بۆیە زۆرجار پێی دەوترێت کوتانی یەکەم، هەر دایکێکیش ئەگەر بیەوێت شیری خۆی نەدات بە منداڵەکەی، با هەوڵ بدات لە هەفتەی سەرەتادا ژەکەکەی پێ بدات.

 

"منداڵ تا ٢ ساڵی دەبێت شیری دایک بخوات"

تارا عەلی بابان ڕوونی کردەوە، لە دوای ژەکەوە قۆناغێکی تری شیرپێدان دەستپێدەکات کە پێی دەوترێت شیری پێگەیشتوو، پرۆتین و چەوری و نیشاستەی تێدایە کە هەرسکردنی ئاسانە بۆ منداڵ و دەیپارێزێت لە حەساسیەت و سک ئێشە، منداڵ تا تەمەنی ٢ ساڵی دەبێت شیری دایک بخوات، بەڵام تا شەش مانگی دەبێت ٪١٠٠ شیری پێ بدرێت، چونکە لەو ماوەیەدا تەنها بە شیری دایک گەشە دەکات، لە دوای شەش مانگی دەبێت وردە وردە خواردنی پێ بدرێت و لە دوای یەک ساڵی شیر پێدانی کەم بکرێتەوە بە جۆرێک ٣بۆ ٤ جار پێی بدرێت لە ڕۆژێکدا.

 

وتیشی: هەموو دایکێک بەشی دوو منداڵ شیری هەیە و ئەگەر بڕیار بدات بە شیری خۆی منداڵەکەی بەخێو بکات بێگومان شیری دەبێت، حاڵەتی زۆر دەگمەن هەیە ئەگەر دایک نەتوانێت شیر بۆ کۆرپەلەی دابین بکات، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەشێک لە دایکەکان پێش لە دایکبوونی منداڵ بڕیاڕ دەدەن کە شیریان کەمە و لەگەڵیدا شیری قوتوی پێ دەدەن.

 

"ئەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن تەندروست ترن"

تارا عەلی بابان ئەوەشی خستەڕوو، شیرپێدانی سروشتی تەنها سوودی بۆ منداڵ نییە، بەڵکو سوودیشی بۆ دایکەکە هەیە و دایک دەپارێزێت لە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان، خەمۆکی، قەڵەوی و خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون، زۆر جار منداڵ شیری دایک ناخوات ئەمەش لەو دایکانەدا ڕوودەدات کە بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت و دوای چەند کاتژمێرێک منداڵەکەیان دەبینن، لایەنەێکی تری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شیری قوتو منداڵەکە بە ئاسانی دەستی دەکەوێت لە مەمەوە، بەڵام بۆ شیری دایکەکە هیلاک دەبێت تا برێکی دەست دەکەوێت.

 

دەشڵێت: شیری قوتو تەنها کاتێک دەدرێت بە منداڵ کە دایکەکە کێشەیەکی هەبێت، یان نەخۆش بێت لەو کاتەدا دەتوانرێت بڕێکی کەم لە شیری قوتو بدرێت بە منداڵ، نەخۆشیەکانی وەکو شەکرە و زەخت و غودە کاریگەری نابێت لەسەر منداڵ ئەگەر شیری دایک بخوات، ئەو منداڵەی شیری دایک دەخوات زەعیف تر و وردیلە ترە، بەڵام تەندروستە، ئەو منداڵەشی شیری قوتو دەخوات قەڵەوتر و گەورەتر دەردەکەوێت، بەڵام ناتەندروستە، چونکە ڕێژەی شەکر و چەوری لە شیری قوتودا زۆرترە، بۆیە منداڵەکە لە کاتی گەورەبووندا مەترسی قەڵەوبوون و تووشبوون بە شەکرە و زەختیان زیاترە، چونکە ئارەزووی خواردنی چەور و شیرین دەکەن.

 

تارا عەلی بابان جەختی کردەوە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان کات نادرێت بەو دایکانەی کار دەکەن تا شیر بدەن بە منداڵەکانیان، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەرەوە لە ڕۆژێکدا سێ جار دایکەکە دەتوانێت شیر بدات بە منداڵەکەی، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەر نابێت دایکان وازبهێنن لە پێدانی شیر بە منداڵەکانیان، دەبێت دایکان زیانەکانی شیری قوتو بزانن و هەوڵ بدەن شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن، نەک لەبەر قەڵەوبوونی منداڵەکەیان پەنا ببەنە بەر شیری قوتو.