"کەرتی تەندروستی گەرمیان پەکی کەوتووە و هاوڵاتی زیانی پێدەگات"

بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن کارمەندانی کەرتی تەندروستی نەخۆشخانە حکومییەکانی گەرمیان، هەڵوێستیانە بۆ پێدانی مووچەکانیان کە سێ مانگە نەدراوە و بۆ ئاوڕدانەوەیە لە دۆخی نەخۆشخانەکان، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و تا دێت ئەو نەخۆشخانانە بەرەو خراپتر دەچن

شنیار بایز

 

سلێمانی- کەرتی تەندروستی سنووری گەرمیان یەکێکە لەو کەرتانەی لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە پشتگوێ خراوە، نەخۆشخانە حکومییەکان بەدەست دابین نەکردنی پێداویستییەکانیان، کەمی دەرمان و پێداویستییەکانی ژووری نەشتەرگەری و هەموو ئەو پێداویستیانەی بۆ چارەسەرکردنی هاوڵاتیان پێویستن دەناڵێنێت و دۆخی هاوڵاتیان بەرەو خراپی دەچێت و ناچارن بۆ وەرگرتنی چارەسەری ڕوو لە کەرتی تایبەتی و شارەکانی دیکەی کوردستان بکەن.

 

بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن کارمەندانی کەرتی تەندروستی نەخۆشخانە حکومییەکان، هەڵوێستی کارمەندانە بۆ پێدانی مووچەکانیان کە سێ مانگە نەدراوە و بۆ ئاوڕدانەوەیە لە دۆخی نەخۆشخانەکان، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و تا دێت ئەو نەخۆشخانانە بەرەو تێکچوونی زیاتر دەچن، لە بەرامبەردا نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە دەرمان و پێداویستی و پارەی زیاتر، زیاتر بەرەوپێش دەچن و لەم نێوەندەشدا تەنها هاوڵاتیانی چینی هەژار زەرەرمەند دەبن.

 

"کەرتی تەندروستی کەرتێکی پەک کەوتووە لە گەرمیان"

نیگار عومەر، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە سنووری گەرمیان، دەربارەی کەرتی تەندروستی لە گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، کەرتی تەندروستی کەرتێکە پەکی کەوتووە، چەندین گیروگرفتی دروستکردووە لە سنوورەکەدا، ئەمەشە وایکردووە هاوڵاتیان ناچاربن ڕووبکەنە کەرتی تایبەت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کەرتە تایبەتەکان سەر بە کەسانی دەوڵەمەندن و ئەوانن بایەخێکی تەواو دەدەن بە کەرتەکە، وتیشی: لە دۆخی ئەم نەخۆشخانانەدا، بێگومان خەڵکی هەژاری سنوورەکە باجی دەدەن، چونکە سادەترین دەرمان بوونی نییە و ناچارە بچێتە کەرت تایبەت و بازاڕ بیکڕێت.

 

هۆکاری ئەم بارودۆخەی کە لە ناخۆشخانەکانی سنووری گەرمیاندا هەیە گەڕاندەوە بۆ لاوازی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و ئیدارەی ناوچەکە و فەرامۆشکردنی سنووری گەرمیانە لەلایەن حکومەتەوە.

 

"هاوڵاتیان ناچارن دەرمان بە بڕەپارەیەکی زیاتر بکڕن"

وەک نیگار عومەر باسی لێوە دەکات، دۆخی نەخۆشخانەکانی گەرمیان و هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی گیروگرفتانەی هەیانە تازە نین، بەردەوام کێشەی نەبوونی دەرمان و نەبوونی خزمەتگوزاری وایکردووە، کارمەندان و پزیشکان بایکۆت بکەن و دەوامی ڕۆژانەیان نەکەن، بایکۆتکردنی کارمەندان و پزیشکان دووبارە بووەتە کێشە بۆ چارەخوازان، ئەمەش تازە نییە و چەند ساڵێکە کەرتی تەندروستی لەو سنوورە گەیشتووەتە خراپترین ئاستی.

 

ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە کێشمەکێشمی نێوان حزب و لایەنەکان، هۆکارێکی دیکەی خراپبوونی کەرتی تەندروستییە، "باجی خراپی دۆخی نەخۆشخانەکان بێگومان خەڵکی سنوورەکە دەیدات، کات هەبووە نەخۆشێکی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەرمانێکی پێویست بووە، بەڵام دەستی نەکەوتووە ناچار بووە لە بازاڕدا بیکڕێت لە کاتێکدا بڕە پارەکەی جیاوازیان هەیە".

 

"خۆبەخشەکان بەشی زۆری نەخۆشخانەکانیان پڕکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە"

نیگار عومەر باسی لەوەکرد، ژووری نەشتەرگەرییەکانیش کێشەی تێدایە، هەر بۆیە پزیشکەکان نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە گشتییەکان دەنووسن، لە کاتێکدا ئەو نەشتەرگەریانە لە نەخۆشخانەکانیشدا ئەنجام دەدرێت، یاخود بەشێک لە پزیشکەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا دەکەن، ئەمەش بە تایبەت لە حاڵەتەکانی منداڵبووندا دەردەکەوێت.

 

ئەو چالاکوانە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکەی نێو نەخۆشخانەکان کرد، ئەویش بریتییە لەوەی، بەشی زۆری نەخۆشخانەکان لەسەر دەستی خۆبەخشان دەڕوات بەڕێوە، ئەم خۆبەخشانە لە سەرەتای دروستبوونی کۆرۆناوە گرنگترین بەشی نەخۆشخانەکەیان بەڕێوەدەبرد، کە بەشی کۆرۆنا بوو، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراون و نزیکەی چوار مانگە مووچەیان پێنەدراوە، هۆکارەکەشی نەبوونی بودجەیە یاخود خراپی ئەم سیستمەیە کە دامەزراندنی نەهێشتووە، ئەگەرچی لایەنی پەیوەندیدار بەڵێنی پێداون، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر.

 

"کەرتە تایبەتەکان بۆ مەبەستی سەرمایەداری بەکاردێت نەک خزمەت بە هاوڵاتیان بکات"

نیگار عومەر ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی نەبوونی مووچەوە ماوە ماوە ئەو نەخۆشخانە بێ خزمەتگوزارییە بایکۆت دەکەن، ماوەیەک بەر لە ئێستا لە بەشی فریاگوزاری خێرا کارمەندەکان بایکۆتیان دەکرد، ئەمەش دووبارە بووە هۆکار کە هاوڵاتیان ڕووبکەنە کەرتە تایبەتەکان، نرخی پێداویستییەکانیش هێندە گرانە چارەخوازان بە زەحمەت دەتوانن چارەسەر لەو جێگایانەدا وەربگرن.

 

دەشڵێت: کەرتی تەندروستی کەرتێکی هەستیارە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، ناکرێت دەسەڵاتداران بۆ مەبەستی سەرمایەداری خۆیان بەکاری بهێنن، زۆرینەی کاتەکان نەخۆشەکان لەوکاتەی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنوورەکە دەکەن، بەهۆی ئەو هەموو کەموکورتیەی هەیانە، دۆخی نەخۆشەکان خراپتر بووە، هەندێک کات لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانیشدا چارەسەریان نەبووە، ناچار ڕوویانکردووەتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر، شەقامی نێوان گەرمیان و سلێمانیش هێندە خراپە، ئەمانە هەمووی هۆکار بوون بۆ ئەوەی نەخۆشەکە گیان لەدەستبدات یاخود ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە.

 

"پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"

لە کۆتایشدا نیگار عومەر باسی لەوەکرد، لایەنی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەری گشتی کەرتی تەندروستی کەمتەرخەمن و کەرتەکەیان پشتگوێ خستووە، هاوڵاتیان چەندین جار داوایان کردووە و هەوڵیان داوە کە گەرفتەکان چارەسەر بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان لە ئاستی پێویستیدا نەبووە و تەواو پشتگوێ خراوە.

 

بە پێویستی دەزانێت وەک ڕێگەچارەسەرییەک هاوڵاتیانی ناوچەکە زیاتر هەڵوێستیان هەبێت، هەرچەندە هاوڵاتیان و کارمەندان چەندین جار گردبوونەوەیان کردووە و داوای چارەسەریان کردووە، بەڵام بە داواکانیانەوە نەهاتوون، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار تەواوی کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکات و چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر کارمەندانی پزیشکی بایکۆت نەکەن و زیان بە چینی هەژاری ناو کۆمەڵگە نەگەیەنن.