ئەو خواردنانەی ڕێژەی شەکریان بەرزە زیان بە گورچیلە دەگەیەنن

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، کە ڕەنگە هۆکارێکی دیکە بۆ بەردی گورچیلە خواردنی ڕێژەیەکی زۆر بێت لەو خواردنانەی ئاستی شەکریان بەرزە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە لە نێوان زیاتر لە ٢٨ هەزار کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا، ئەوانەی شەکرێکی زۆریان لە خۆراکەکانیاندا هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە زیاترە، ئەمەش بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن دکتۆر شان ین، لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی باکووری سیچوان لە چین سەرپەرشتی کراوە و ئەنجامەکانی لە گۆڤاری فرۆنتێرز ئین نۆتریشن بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە.

 

توێژینەوەکە دەریدەخات، ئەو کەسانەی لەو گروپە خواردنی دەوڵەمەند بە شەکریان خواردووە، بەڕێژەی ٪٣٩ زیاتر ئەگەری دروستبوونی بەرد لە گورچیلەیاندا هەیە، بە بەراورد بەوانەی کە خۆراکی کەمتر دەوڵەمەند بە شەکریان خواردووە.

 

چۆن بەرد لە گورچیلەدا دروست دەبێت؟

-بەردی گورچیلە نەخۆشییەکی باو و ئاساییە، بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی نیشتمانی گورچیلەی ئەمریکا، نزیکەی ٪١٠ی مرۆڤەکان لە قۆناغێکی ژیانیاندا تووشی دەبن، زۆرجار بەردەکان دەتوانن لە ڕێگەی میزەوە تێپەڕن و لە جەستە دەربچن، بەڵام ئەگەر بەردی گەورە ببێتە هۆی گیرانی میزڵدان یان ئازارێکی بەرگە نەگیراو، لەوانەیە پزیشکەکان پێویستیان بە لابردنی بێت.

 

بەردی گورچیلە کاتێک دروست دەبێت، کە کیمیای ئاسایی میز نائاسایی بێت، لەوانەیە مادەیەکی کیمیایی زۆر بێت، یان ماددەیەکی تری پێویست نەبێت، یان شلەیەکی کەم لە میزدا هەبێت بۆ ئەوەی شل بێتەوە، ئامۆژگارییە گشتییەکان بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلە بریتین لە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو و سنووردارکردنی سۆدیۆم، چونکە دەبێتە هۆی دەردانی کالیسیۆمی زیاتری گورچیلە لە میزدا.

 

هەروەها کەمکردنەوەی وەرگرتنی پرۆتینی ئاژەڵ گرنگە بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلە، بەهۆی کاریگەرییان لەسەر کیمیای میز، توێژینەوەکە پێشنیاری زیادکردنی وەرگرتنی ئاوی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە بەتایبەتی لە پلەی گەرمی بەرزدا.