زەیتی زەیتون سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات

توێژینەوەیەکی پزیشکی ئەم دواییە تیشک دەخاتەسەر سوودێکی نوێی خواردنی زەیتی زەیتون، کە بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خۆراکی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست ناسراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی توێژەرانی زانکۆی سڤیلیای ئیسپانیا و نەخۆشخانەی کۆستا دیل سۆل ئەنجامیانداوە، ترشی ئۆلیک کە ٪٦٠-٪٨٠ی پێکهاتەی زەیتی زەیتون پێکدەهێنێت، تایبەتمەندییەکی تێدایە کە یارمەتی خۆپاراستن لە شێرپەنجە و نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەدات و کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت.

 

گرنگترین خاڵەکانی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری Nutrients بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە، ئۆلیک دەدات، کە ترشێکی چەوری ناتێرە، ئەرکی سەرەکی ترشەکە کارکردنیەتی وەک مۆلیکولێکی وزە و پێکهاتەیەکی پەردەی خانەکان، بەپێی بەدواداچوونی پزیشکان ئاستی ترشی ئۆلیک لە مێشکی ئەو نەخۆشانەدا، کە تووشی نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی و نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون، نزم بووە.

 

یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی ئۆلیک تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەریەتی، بەو پێیەی دەتوانێت هەم دروستکردن و هەم چالاکیی ئەنزیمە دژە ئۆکسێنەرەکان ڕێکبخات، هەروەها کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت و توانای ڕێگریکردنی لە دەردانی ئەو پرۆتینانە هەیە بەشدارن لە گواستنەوەی کۆلیسترۆڵ و کەمکردنەوەی مژینی و لە کۆتاییدا ڕێگریکردن لە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان دەکات.

 

زەیتی زەیتون، کە ترشی ئۆلیکی بەرزە، سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئەو خانانەی کە پەیوەندییان بە هەوکردنەوە هەیە.