بەشێک لەو خۆراک و یارییانەی ناو ماڵ ئاستی زیرەکی منداڵان چالاک دەکات

زۆرێک لە خێزانەکان بەدوای چارەسەری سەیردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان زیرەک بکەن وەک کڕینی یاری گرانبەها، لەکاتێکدا دەتوانن بە ئامێرە سادەکانی ماڵەوە منداڵانی بلیمەت بەخێو بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو خێزانەکان بەدوای پەروەردەکردنێکی سەلامەت و تەندروستی منداڵەکانیاندا دەگەڕێن کە زیرەک و لێهاتوو ببن لە داهاتوودا، بۆیە خێزانەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن منداڵەکانیان بە شێوازی نامۆ زیرەک بکەن یان یاریە ڕەنگاوڕەنگەکانیان بۆ بکڕن، لەکاتێکدا ئەم ڕێگایانە بە تەنها سوودێکی تەواو بە منداڵەکان ناگەیەنن.

 

ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە ئازادانە دێن و دەڕۆن و جارجار دەچنە ناو سروشت و دەتوانن بەرکەوتنیان بۆ شتەکانی دەوروبەریان هەبێت، سیستمی دەمار و خانەکانی مێشکیان چالاک دەبێت، بۆیە ڕێگریکردن لە منداڵ لە ماڵدا بۆ جوڵە و دەستدان لە شتەکانی دەوروبەری زیان بە منداڵ دەگەیەنێت.

 

کەلوپەلە سادەکانی ناو ماڵ یارمەتی زیرەککردنی منداڵ دەدات

کاتێک پەرداخ و کەوچک و هەندێک کەلوپەلی سادەی دیکە دەدەیت بە منداڵەکەت یارمەتی فێربوونی دەدات، لە وردبوونەوە، جیاکردنەوەی ڕەنگەکان و لەگەڵیدا دەتوانیت فێری چەندین شتی دیکەی بکەیت و پرسیاری لێبکەیت لە کاتی یاریکردنەکاندا.

 

دەتوانیت چەند پارچە دار یان کەوچکێک لەسەر چەند پەرداخێکی جیاواز بەکاربهێنیت بۆ دروستکردنی دەنگی جیاواز و تێبینی جیاوازییان بکات، پێویست ناکات یاری جۆراوجۆر بۆ منداڵەکە بکڕیت کە زۆر گرنگیان پێ نادات، یاخود چەند قاپێک بە قەبارەی جیاواز بە منداڵەکەت بدەیت و پێی بڵێیت کە جیاوازیان بکات و ڕێکیان بخات ئەمەش هەستی وردبوونەوە لە منداڵدا زیاد دەکات.

 

منداڵان حەزدەکەن دەست لە خواردنەکان بدەن، بۆیە دەتوانیت برنج بخەیتەسەر سینییەکی گەورە و ڕێگەی پێبدەیت دەستی تێبخات و تیایدا وێنەبکێشێت و بە دڵی خۆی شێوەکان دروستبکات، ئەم ڕێگایە هەر وەک لمی سەر دەریا وایە کە منداڵان چێژ لەوە دەبینن دەستی تێبکەن.

 

هێلکەیەک بدە بە منداڵەکەت و داوای لێبکە ئاگای لێبێت، لەوانەیە لە یەکەم باردا بیشکێنێت، بەڵام جاری داهاتوو وریاتر دەبێت، ئەزموونی پاراستنی بۆ گەشەکردنی ڕەهەندە جیاوازەکان، زیرەکی منداڵەکە بەهێز دەکات.

 

چەرەسات یاخود پاقلەمەنییەکان لە هەر جۆرێکی مشتێکی بخەرە ناو دەفرێکەوە، کە هەم شێوە هەم ڕەنگیان جیاوازە و داوا لە منداڵەکەت بکە لێیان وردببێتەوە و جیاوازییەکانیان بدۆزێتەوە، بێگومان شێوازی ڕێنمایکردنی منداڵەکەش بە پێی تەمەنی دەگۆڕێت.