خراپی سیستمی خۆراک و کوالێتی خواردن شێرپەنجە زیاد دەکات

بەهۆی سیستمێکی خراپی خۆراک، کوالێتی خراپ، کۆنتڕۆڵنەکردنی خۆراکی ماوە بەسەرچوو هەروەها کۆنتڕۆڵنەکردنی منداڵ لەلایەن خێزانەکانەوە نەخۆشییەکان و بەتایبەت شێرپەنجە زیادی کردووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر ئەو خۆراکەی دەیخۆن و بەکاریدەهێنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە چەندین هۆکار هەن، لێرەدا باس لە کاریگەری خۆراک، کوالێتی و جۆری خۆراک دەکەین لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجە، پزیشک نیگا شەفیق، پسپۆڕی منداڵان و گەشە و دبلۆمی باڵا لە پسپۆڕی خۆراک، کاریگەری خۆراک لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە و ئەگەری زیادبوونی نەخۆشییەکە باس دەکات.

 

"خۆراک کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی تەندروستی هەیە"

ئەو پزیشکە باس لەوە دەکات کە خۆراکێک نییە بیخۆیت توشی شێرپەنجە دەبیت یان نەیخۆیت هەرگیز توشنابیت، شێوازی ژیان و بەردەوامبوون لەسەر کۆمەڵێک خواردن ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، بۆ ئەوەش پێویستە سیستمی خۆراکی ڕۆژانە ڕێکبخرێت.

 

"خۆراکی ڕۆژانە پێویستە سەوزە و میوەی تێدابێت و ببێتە بەشێکی سەرەکی لە خۆراکەکاندا، چونکە ڤیتامیناتی تێدایە کە سەلمێندراوە بەرگری دەکەن لە نەخۆشی، کارۆتینۆیدیان تێدایە بەرگری دژی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان دەکات، هەروەها ڕیشاڵییان تێدایە جوڵەی خواردن لە هەرسکردندا خێراتر دەبێت و پاکبوونەوەی لەش خێرا دەکات، ئەگەری توشبوونیش بە شێرپەنجە کەمدەبێتەوە."

 

لە بەرامبەر ئەمەدا کۆمەڵێک خۆراک هەن کە هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانیان هەبێت، وەک گۆشتی سور کە لە هەفتەیەکدا پێویستە ٧٠٠ گرام زیاتر نەخورێت، هەروەها گۆشتی ئامادەکراوەی سور وەک "سۆسج"، چونکە ماددەی پارێزەر بۆ مانەوەی یاخود خوێ و شەکری تێدەکرێت و تامی خۆشتر دەکات و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات بەتایبەت شێرپەنجەی کۆلۆن.

 

ئەو پزیشکە لە باسی چەوریدا ئاماژەی بەوەدا کە چەوری باش و خراپ هەن، باشەکان وەک، بادەم، گوێز، زەیتون و ڕۆنی ماسی، چەورییە خراپەکان ئەو چەوریەن کە دەستکاری کراون و پێیان دەوترێت چەوری گۆڕاو، وەک ئەو ڕۆنەی چیپسی پێ ئامادە دەکرێت.

 

"پیسبوونی خۆراکە دانەپۆشراوەکان دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین نەخۆشی"

ئەو خۆراکە دانەپۆشراوانەی لەسەر عارەبانە و جادەکان دەفرۆشرێن و ڕۆژانە دوکەڵی پیسیان بەردەکەوێت، نەک تەنها مەترسین بۆ شێرپەنجە بەڵکو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیەکانی سکچوون و ڕشانەوە زیاد دەکەن، هەروەها شیرینییە سەر دانەپۆشراوەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین، ئەویش هۆڕمۆنێکە هاوکاری دابەشبوون و گەشەی خانە دەدات و لەوکاتەی ڕێژەکەی لە خوێندا بەرزە و خانەی شێرپەنجەیی دروستبووە ئەم هۆڕمۆنە گەشەی پێدەدات و ناهێڵێت لەناو بچێت.

 

نیگا شەفیق دەشڵێت: ئەو زەیت و ڕۆنانەی بەکاردەهێنرێن ڕێژەیەکی کەم ڕۆنی سروشتین، بەڵکو ماددەی تریان تێکەڵە، بۆیە ئەگەر کەسێک ڕۆنی سروشتی دەستنەکەوت و نەیتوانی بیکڕێت کەمتر خواردنی سورەوەکراو بخوات، یاخود چەوری ئاژەڵ بەکاربهێنرێت باشترە".

 

"میدیا بووەتە هۆکار بۆ بەچێژکردنی خواردنی ئامادەکراو"

ڕۆژانە لە تەلەفیزیۆن و سۆشیاڵ میدیا هێندەی بابەتی ڕیکلامی خواردن و چێشتخانەکان دەبینرێت بابەتی دیکە نابینرێت، چونکە مرۆڤ بە گشتی حەز بە شتی سروشتی دەکات، بەڵام کاتێک بە ڕیکلام خواردنەکان دەڕازێننەوە مرۆڤ زیاتر حەزی دەچێتە سەر ئەو خۆراکانە، ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا ئەم نەوەیەی تازە پەروەردە دەبن، پێویستە دایکان زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن و ڕێگری بکەن بەردەوام منداڵەکانیان خۆراکی ئامادەکراو بخۆن و سەرەتا لە خۆیانەوە دەستپێبکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیشیان چاویان لێبکەن.

 

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی چۆن کار دەکەن؟

سۆکار مەحمود، نوێنەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی سلێمانی، سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاو لە لیژنەی هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد وەک خودی لیژنەکەی خۆی لە پێنج ئەندام پێکهاتوون، ئەندامەکانی دیکە لە نوێنەری فەرمانگەی ژینگە، نوێنەری تەندروستی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی و ئاسایشی ئابووری پێکهاتوون.

 

ئاماژەی بەوەدا لیژنەکانی قایمقامیەت نزیکی ٤٤ لیژنەن کە ڕۆژانە سەردانی کۆگاکانی ئاو و مارکێتەکان دەکەن و پشکنین بۆ شوێن و خۆراکەکان دەکەن، ئەگەر سەرپێچی هەبێت و یەکەمجار بێت پسوڵەی ئاگادارکردنەوە دەکەن، بەڵام ئەگەر پێشتر ئاگادار کرابێتەوە و بۆ دووەم جاری بێت سەرپێچی بکات پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەکەن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سەرپێچییەکەیدا بڕیاری داخستنی شوێنەکە دەردەچێت.

 

"دەبێت چێشتخانەکان پابەندی ڕێنماییەکان بن"

سۆکار مەحمود باسی لەوەکرد، لە هەر شوێنێک شتێکی ناتەندروست ببینین ئەگەر پەیوەندیدار نەبێت بە لیژنەکەی ئێمە ئەوە لیژنەکانی دیکە ئاگادار دەکەینەوە، "بە شێوەیەکی گشتی لە بابەتی خۆراک و چێشتخانەکان بە تایبەت، نابێت خۆراکی کەڕووی لێبێت، ترشابێت یاخود شوێنەکە پیس بێت، دەربارەی ئاوی دەبەکان، نەک تەنها لە دوکانەکاندا بەڵکو سەردانی کارگەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند ئاوەکان بە فلتەرا تێدەپەڕێن، لە دوای بەرهەمهێنانیش دەبێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە کارگەکاندا بێت و نەهێنرێتە بازاڕەوە".

 

خۆراکی خراپ و بەسەرچوو لە پاش سوتاندنیان و لەناوبردنیان دووبارە ژینگە پیسدەکەنەوە

ئەو نوێنەرەکی کوالێتی کۆنترۆڵ وتی: پاشەکەوتکردنی خۆراک بە شێوەیەکی ناتەندروست و شوێنی پیس و خۆراکی ماوە بەسەرچوو کاریگەری دەخەنە سەر دروستبوونی شێرپەنجە، ماددەی قڕکردنی زیندەوەرەکانی وەک قالۆنچە و حەشەراتی دیکە دەبنە هۆی توشووبن بە شێرپەنجە، ئەو مادانەی دەستیبەسەردا دەگرین بە شێوازی جیاواز بە پێی ماددەکە لەناو دەبرێن، خۆراکە یاخود ماددەیەکی دیکە، پاشان لە تانجەرۆ دەسوتێندرێن".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا لە کاتی سوتاندنی خۆراک و ماددەکاندا دوکەڵەکەی تێکەڵی هەوا دەبێت، کە ئەمەش زیانی بۆ ژینگە هەیە، وتیشی: بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێکارە ئەنجام دەدرێت، هیچ پلانێک نییە شێوازەکەی بگۆڕدرێت".