ڕەنگەکان کاریگەریان لەسەر دەروونی مرۆڤ دەبێت

ڕەنگ لە هەموو شوێنێک هەیە، زیاتر لەوەی کە هەستی پێدەکەین کاریگەری لەسەر دەروون و هەستەکان هەیە، ئەو ڕەنگەی لەبەری دەکەیت دەتوانێت کاریگەری لەسەر باری دەروونی، ڕەفتار و ئاستی فشارت هەبێت.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ڕەنگ، کاریگەری دەروونی و فیزیۆلۆژی لەسەر مرۆڤ هەیە، بەم پێیە، زۆرجار خاوەنکار و بازرگانەکان لە کاتی دیزاینکردنی فرۆشگا و ماڵپەڕ و لۆگۆکانیاندا بیر لەو ڕەنگانە دەکەنەوە کە هەڵیدەبژێرن.

 

ڕەنگ لە هەموو شوێنێک هەیە، زیاتر لەوەی کە هەستی پێدەکەین کاریگەری لەسەر مەزاج و هەستەکان هەیە، ئەو ڕەنگەی لەبەری دەکەیت دەتوانێت کاریگەری لەسەر باری دەروونی، ڕەفتار و ئاستی فشارت هەبێت.

 بابەتێکی ساڵی ٢٠١٤ لە سایتی کۆدکۆندۆ بە ناوی "چۆن دەروونناسی ڕەنگەکان لە پڕۆژەکانی دیزاینی وێبەکەتدا بەکاربهێنیت"، باسی ئەو هەستانەی کرد کە بە شێوەیەکی باو بەهۆی ڕەنگە بەناوبانگەکانەوە دەوروژێنرێن.

 

ڕەنگەکان لە سروشتەوە وەرگیراون

پسپۆڕی ڕەنگەکان لیاتریس ئایزمان دەڵێت چۆن ڕەنگەکان کاریگەرییان لەسەرمان هەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تێگەشتن لە ڕەنگەکان لەسەر بنەمای سروشتەوە وەرگیراوە و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆماندا بەکاریدەهێنینەوە، بۆ نموونە، ڕەنگی شین پەیوەندی بە ئاسمانی شینەوە هەیە، کە کاتێک منداڵین شتێکی ئەرێنییە بە واتای یاریکردن لە دەرەوە و خۆشی دێت، لەبەر ئەمەشە شین سەقامگیری و ئارامیمان بیردەخاتەوە.

 

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ڕەنگەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر باری دەروونیمان و شێوازی وەڵامدانەوەی کەسانی دیکە بۆمان هەیە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە تەنانەت ڕەنگەکان دەتوانن لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و هەناسەدانمان بگۆڕن، وەک توێژەران کیس جاکۆبس و فرانک هاستمایەر لە ساڵی ١٩٧٤دا بۆیان دەرکەوتووە، هەندێک لە کاریگەرییەکانی ڕەنگەکان لە چەندین کلتوور دەردەکەون، ڕەنگە گەرمەکانی وەک سوور و زەرد و پرتەقاڵی هەست و سۆز دەجوڵێنن، وەک خۆشەویستی، سۆز، خۆشی و توڕەیی. ڕەنگە فێنکەکان، وەک شین و سەوز و وەنەوشەیی پەیوەستن بە هێمنی و ئارامی و حەوانەوە.

 

ئەو رەنگی بۆیەیەی كە لە نوسینگەکان یاخود ژووری میوانەكاندا بەكاردێت، باری دەروونی ئەو كەسانە دەردەخەن بۆیە بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە ژیانی ڕۆژانەماندا گرنگە بە هەند وەربگیرێرت.

 

ڕەنگەکان جیاوازیان هەیە لای تاک

ڕەنگە دڵخوازەکان بۆ هەرکەسێک جیاوازە، ژن و پیاو حەز بە هەندێک ڕەنگ دەکەن بە شێوەیەکی گشتگیر، شین ڕەنگی سەرەکی پەسەندکراوی پیاوان و ژنانە، بەڵام زیاتر پیاوان حەزیان لەو ڕەنگەیە و بەڕێژەیەکی زیاتر ژنان ڕەنگی وەنەوشەیییان پێ باشترە.

 

ژنان بە شێوەیەکی زۆر حەز بە ڕەنگی نەرم دەکەن وەک پەمەیی لە کاتێکدا پیاوان سێبەری گەشیان پێ باشترە وەک سووری یاقوت، چونکە مێشکی پیاوان پێویستی بە درێژی شەپۆلی کەمێک درێژتری ڕووناکی هەیە بۆ ئەوەی هەمان ڕەنگەکان ئەزموون بکەن، کە ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی پیاوان ئەو ڕەنگانەیان پێ باشتر بێت کە درێژی شەپۆلەکانیان کورت بێت، وەک سێبەری تۆختری شین و سەوز، یان سپی و ڕەش و خۆڵەمێشی.

 

چۆن ڕەنگ کاریگەری لەسەر ژیانمان هەیە

فەرهەنگ و کلتوور کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر هەڵبژاردنی ڕەنگ، لە زۆرێک لە کلتوورەکاندا سوور بە واتای مەترسی دێت، هێماکانی هاتوچۆ کە پێویستیان بە سەرنجدان و کاردانەوەی خێرا هەیە بەزۆری سوورن و کاریگەرییەکانی ڕەنگ لەسەر ڕەفتار جێبەجێ دەکرێت.

 

ڕەنگەکان کاریگەرییان لەسەر تام و چێژ هەیە، ڕەنگی خۆراک دەتوانێت ئارەزووی خواردنمان زیاد بکات و کاریگەری لەسەر تام و چێژ هەبێت، پرتەقاڵ بە زیادکردنی ئارەزووی خواردن ناسراوە و زۆرجار بۆ پاکێجی خۆراک و لە چێشتخانە خێراکان بەکاردێت، شین دەبێتە هۆی بێزاری و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.

 

ڕەنگی جلوبەرگ کاریگەری لەسەر چۆنیەتی هەستکردنمان بە مرۆڤەکان هەیە، ڕەنگی جلوبەرگی کەسێک کاریگەری لەسەر کەسایەتی و تایبەتمەندی هەیە کە لە ڕێگەی ڕووداوە مێژووییەکان یان گروپە سیاسییەکانەوە لایەنگری کلتووری هەبێت.

 

ڕەنگ کاریگەری لەسەر پلەی گەرمی هەیە، هەستکردن بە گەرمی یان سەرما پەیوەندی بە تۆنی ڕەنگی ژینگەکەوە هەیە، لە ژوورێکدا کە بە ڕەنگی گەرم بۆیاخ کراوە پلەی گەرمی هەست بەرزتر دەکات لە هەمان پلەی گەرمی لە ژوورێکی ڕەنگ فێنکدا، شین نوێنەرایەتی زستان، سەهۆڵ، ئاو، تازەیی، باران، با دەکات، ڕەنگە گەرمەکانی وەک سوور یان زەرد وێنەی وەک ئاگر و خۆر و هاوین لە مێشکتدا بەرهەمدەهێنن.

 

ڕەنگەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانمان هەیە، ڕەنگی بەرهەمەکەت دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کڕینی لەلایەن کڕیارانەوە، ڕەنگەکان هەست و سۆز لە مرۆڤەکاندا دەوروژێنن.

 

ڕەنگەکان کاریگەرییان لەسەر کارکردن هەیە، توێژینەوەیەک دەریدەخات کە ئەو خوێندکارانەی کە دەبوو لە ژوورێکی ڕەنگ سووردا چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە، لەبەرئەوەی کە سوور پەیوەندی بە مەترسی و شکستەوە هەیە، چونکە هەڵەکان لە تاقیکردنەوەکاندا بەزۆری بە سوور نیشانە دەکرێن، لە توێژینەوەیەکدا ئەو تیمانەی کە ڕووبەڕووی ڕکابەرەکانیان بوونەتەوە بە جلوبەرگی سوورەوە زۆرتر دۆڕاون بە بەراورد بەو کاتانەی کە ڕکابەرەکان جلی شینیان لەبەردا بووە.

 

ڕەنگەکان لە ڕووی فیزیۆلۆژییەوە کاریگەری هەیە، ڕەنگ تەنها کاریگەری لەسەر باری دەروونی و سۆزداری نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر جەستەمان هەیە، بەگوێرەی ئامادەکاری دەروونی بۆ مەترسی، سوور ناسراوە بە بەرزکردنەوەی وریایی فیزیۆلۆژی، سیستمی دەمارەکانمان چالاک دەکات و بەمەش لێدانی دڵ و بڕی ئەو ئەدرنالینەی لە خوێنماندا دەسوڕێتەوە زیاد دەکات.