کارلێکی زۆرێک لە هۆکارەکانی سیستمی ژیان بەیەکەوە شێرپەنجە دروست دەکات

تایبەتمەندی بۆماوەیی و ژینگەیی و شێوازی ژیان و خۆراک هۆکارن بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، کە نزیکەی پێنج هەزار و ٢٥٠ حاڵەتی شێرپەنجە لە ڕۆژێکدا تۆمار دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شێرپەنجە نەخۆشییەکە کە بەشێک لە خانەکانی لەش بەبێ کۆنترۆڵ گەشە دەکەن و بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاو دەبنەوە، شێرپەنجە دەتوانێت لە نزیکەی هەموو شوێنێکی جەستەی مرۆڤەوە دەستپێبکات کە لە تریلیۆن خانە پێکهاتووە و بڵاوببێتەوە بە هەموو لەشدا.

 

تاکە هۆکارێک نییە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، زانایان پێیان وایە کارلێکی زۆرێک لە هۆکارەکانە بەیەکەوە کە شێرپەنجە دروست دەکات، ئەو هۆکارانەی کە بەشدارن تایبەتمەندییە بۆماوەییەکان و ژینگەییەکان، و ژیانی کەسەکانن.

 

تادێت ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا پەرە دەسێنێت و خەڵک زیاتر تووش دەبن، بە گشتی لە ساڵێکدا نزیکەی ملیۆنێک و ٩١٨ هەزار و ٣٠ حاڵەتی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێت، کە یەکسانە بە نزیکەی پێنج هەزار و ٢٥٠ حاڵەت لە ڕۆژێکدا.

 

سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بوونی ئامێری پێشکەوتوو، هێشتا نەتوانراوە چارەسەری تەواوەتی نەخۆشی شێرپەنجە بدۆزرێتەوە، تەنها دەتوانن بە ڕێگە گرتن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە لە کەسەکەدا، چارەسەر بکرێت بە دەرمان، بەڵام هەڵبژاردنی شێوازی ژیان کاریگەری لەسەر چانسی تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە، بۆیە بەم ئامۆژگاریانە شێوازی ژیان لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە خۆپاراستن لە شێرپەنجە.

 

بەکارنەهێنانی تووتن

جگەرەکێشان پەیوەندی بە چەندین جۆری شێرپەنجەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجەی سییەکان، دەم، قوڕگ، بۆری دەنگ، پەنکریاس، میزڵدان، ملی ڕەحم و گورچیلە، دوورکەوتنەوە لە تووتن، یان بڕیاردان لەسەر وازهێنان لە بەکارهێنانی، ڕێگەیەکی گرنگە بۆ یارمەتیدانی خۆپاراستن لە شێرپەنجە.

 

خواردنی ڕێجیمێکی تەندروست

هەرچەندە خواردنی خۆراکی تەندروست ناتوانێت دڵنیابێت لە خۆپاراستن لە شێرپەنجە، بەڵام لەوانەیە مەترسی توشبوون کەم بکاتەوە، خۆراکەکەت باشترە لەسەر بنەمای میوە، سەوزە و خۆراکەکانی تر لە سەرچاوەی ڕووەکییەوە بێت وەک دانەوێڵەی تەواو و فاسۆلیا، کحولیش ئەگەری تووشبوون بە جۆرەها شێرپەنجە زیاد دەکات، لەوانە شێرپەنجەی مەمک و قۆڵۆن و سییەکان و گورچیلە و جگەر، هەروەها زۆرجار خواردنی گۆشتی لە قوتوکراو مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات.

 

ئەو کەسانەی کە خۆراکی دەریایی دەخۆن، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک کەم دەبێتەوە.

 

ئەو کەسانەی چەوری تەندروست وەک زەیتی زەیتون لەبری کەرە هەڵدەبژێرن و لەبری گۆشتی سوور، ماسی دەخۆن و گرنگی بە خۆراکە ڕووەکییەکان دەدەن، وەک سەوزە و میوە، دانەوێڵە، گەنمەشامی و گوێز، ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجە کەم دەبێتەوە و پارێزراو دەبن.

 

پاراستنی کێشێکی تەندروست و چالاکی جەستەیی

بوونی کێشێکی تەندروست مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کەم بکاتەوە، لەوانە شێرپەنجەی مەمک و پرۆستات و سییەکان و قۆڵۆن و گورچیلە، هەر بۆیە چالاکیی جەستەیی جگە لەوەی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێش دەدات، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی قۆڵۆن کەم دەکاتەوە.

 

ئەنجامدانی هەر بڕە چالاکیەکی جەستەیی سوودی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام بۆ زۆرترین سوود، هەوڵبدە لانیکەم ١٥٠ خولەک لە هەفتەیەکدا چالاکیی ئایرۆبیکی مامناوەند یان ٧٥ خولەک لە هەفتەیەکدا چالاکیی ئایرۆبیکی سەخت ئەنجام بدەیت.

 

خۆت بپارێزە لە تیشکی خۆر

شێرپەنجەی پێست یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە و یەکێکە لەو جۆرە شێرپەنجانەی کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە لە خۆر دوور بکەوەرەوە کاتێک تیشکی خۆر بەهێزترینە،

کاتێک لە دەرەوە دەبیت، تا دەتوانیت لە سێبەردا بمێنەرەوە. چاویلکەی خۆر و دژە خۆر بەکاربهێنە و کەمتەرخەمی لە دژەخۆردا مەکە، دژەخۆرێکی بەکاربهێنە کە SPFی لانیکەم ٣٠ و زیاتر بێت، تەنانەت لە ڕۆژانی هەوریشدا.

 

ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام و ئەنجامدانی پشکنینی شێرپەنجەکان وەک شێرپەنجەی پێست، قۆڵۆن، ملی منداڵدان و مەمک دەتوانێت ئەگەری زوو دۆزینەوەی شێرپەنجە بەرز بکاتەوە و پارێزگاری بکەیت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.