ڤایرۆسی كۆرۆنا دەتوانێت چەند ڕۆژێک لە میوەدا بمێنێتەوە

شارەزایانی بەریتانیا دووپاتیان کردەوە، ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ناسراو بە کۆرۆنا دەتوانێت لە هەندێک میوەی ئامادە بۆ خواردندا بۆ چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زاناکان تاقیکردنەوەیان بۆ ئاژانسی پێوانەی خۆراک "FSA" ئەنجامدا، لەسەر میوەکان و شیرینی و خۆراکە لە پاکەت و خواردنەوە لە بوتڵکراوەکان، واتا ئەو شتانەی کە خەڵک بێ ئەوەی بیشۆنەوە، دەیخەنە دەمیان، بۆ زۆربەی بەرهەمە خۆراکییەکان کە تاقیکراوەتەوە "دابەزینێکی گرنگ" هەبوو لە ئاستەکانی ڤایرۆس لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا، بەڵام لە هەندێک دۆخدا شوێنەوارەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک مانەوە، ئەمەش تیمی زانکۆی ساوسهامپتۆن دۆزییانەوە.

 

زاناکان ئاماژە بەوەدەکەن کە پێویست ناکات کڕیارەکان لەکاتی چارەسەرکردنی خۆراکدا ئاگاداری زیاتر وەربگرن - جگە لە شوشتنی دەستەکانت پێش ئامادەکردن و خواردنی، هەروەها خواردنەوەی بەرهەمی نوێ بۆ یارمەتیدانی لابردنی هەر پیسبوونێک لەسەر ڕووکەش.

 

ئەو بڕە ڤایرۆسەی بەکاریانهێنا لە کۆکە یان پژمەی کەسێکی توشبووەوە وەرگیرا، بۆ ئەوەی بزانرێت ماوەی چەند لەسەر خواردن دەمێنێتەوە، ئەو ڕێگەیەش لەبەر ئەوەیە کە هێشتا ڕێگای سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ کۆکە و پژمەیە.

 

ئەنتۆنی ویلسۆن، سەرۆکی تیمی هەڵسەنگاندنی مەترسی میکرۆبیۆلۆجی لە ئێف ئێس ئەی، وتی: "لە قۆناغی سەرەتای پەتاکەدا ئێمە زۆرمان نەزانیوە کە چۆن ڤایرۆسەکە لەسەر ڕووە جۆراوجۆرەکانی خۆراک و ماددەکان زیندوو دەبێتەوە، ئەم توێژینەوەیە تێگەیشتنی زیاترمان دەداتێ بۆ جێگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ڕووکەشی جۆرەها خواردن و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو گریمانانەی لە قۆناغی سەرەتای پەتاکە دروستمان کردووە گونجاون، هەروەها ئەگەری ئەوەی کە بتوانیت کۆڤید لە ڕێگەی خۆراکەوە بگری زۆر کەمە".

 

زاناکان دەڵێن: "سێوەکان ماددەی کیمیایی سروشتی لە پێستیاندا تێدایە کە لەوانەیە لە ماوەی چەند خولەکێک یان کاتژمێرێکدا دەست بە شکاندنی ڤایرۆسی کۆڤید بکەن"، هەروەها پەنیر و گۆشتی سارد، لەگەڵ پڕۆتینێکی بەرز و ناوەڕۆکێکی چەوری، وا دەردەکەون کە ڕێگە بە ڤایرۆسەکە بدات بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک - لەوانەیە هەفتەیەک بە زیندووی بمێنێتەوە.

 

توێژەرەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کۆڤید دەتوانێت تا هەفتەیەک لەسەر ڕووە پلاستیکییەکان بژی، بۆ کارتۆن لەوانەیە چەند ڕۆژێک بێت، بۆ قوتووەکانی ئەلەمنیۆم، لەوانەیە تەنها چەند کاتژمێرێک بێت.