زۆر بەکارهێنانی مۆبایل مل دووچاری ئازار دەکاتەوە

پسپۆڕان هۆشدارییان لە مەترسی تەماشاکردنی شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر داوە، کە دەتوانێت زیان بە مل بگەیەنێت، تا ئەو ئاستەی کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ زیادبوونی ئەو کاتژمێرانەی کە بەکارهێنەران ڕۆژانە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانیان بەسەری دەبەن، پزیشکان هۆشدارییان داوە کە دەبێتە هۆی فشاری دەروونی و کاریگەری لەسەر ئێسک و دەمار و ماسولکەکان بەجێدەهێڵێت و ئازاری درێژخایەن دروستدەکات، جگە لە ڕەقبوونی ماسولکەکان و هەوکردنی جومگەکان و پاڵەپەستۆی دەمارەکان.

 

توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە، کێشی سەری کەسێکی پێگەیشتوو لە نێوان ٤.٥ و ٥.٤ کیلۆگرامە، هەروەها ڕاکێشانی بۆ پێشەوە بە گۆشەی ٤٥ پلە بۆ ئەوەی چاو بچێتە سەر مۆبایل، بڕی فشار و هێز لەسەر مل نزیکەی ٢٢ کیلۆ زیاد دەکات.

 

ڕۆژنامەی بەریتانی “دەیلی مەیڵ” لە زاری کاڤیتا ترێڤێدی، یاریدەدەری مامۆستای پزیشکی فیزیایی و چاکسازی لە زانکۆی تەکساس ساوسوێستەرن، دەڵێت: مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕاستە و جەستەمان بە شێوەیەک دروست نەکراوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەیری خوارەوە بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرچەندە مل زیاتر شۆڕ بکرێتەوە بەرەو خوارەوە، فشارەکە زیاتر دەبێت، ماسولکەکانی دەوروبەری دەکرێنەوە لەپێناو پاراستنی دەمارەکانی نزیکی، ئەم کرانەوەیە لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی هەوکردن و ئازار لە ملدا.

 

بژاردەی چارەسەری بێ نەشتەرگەری بۆ ئەم جۆرە برینانە بریتین لە دەرمان، چارەسەری فیزیایی و دەرزی ستیرۆید، لە خراپترین حاڵەتدا نەخۆشەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری دەبێت، پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە ڕاگرتنی مۆبایل لە ئاستی چاودا یارمەتی کەمکردنەوەی فشار دەدات و دەتوانێت ڕێگری لە ئازار و کێشەکانی مل لە داهاتوودا بکات.