چارەسەرێکی نوێ بۆ شێرپەنجەی ئێسک دەدۆزرێتەوە
لە بەریتانیا دەرمانێک دۆزراوەتەوە کە توانای هەیە چاکبوونەوەی خێراتر بە تووشبووانی شێرپەنجەی ئێسک ببەخشێت، ئەوەش وەک چارەسەرێکی نوێ خراوەتەڕوو.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/03/20230309-imgpsh-fullsize-anim-1-jfifde0749-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئێست ئەنگلیا لە بەریتانیا، نموونەی خانەی شێرپەنجەییان لە ١٩ کەس وەرگرت و ئاشکرایان کرد، جینێک بەناوی "RYNX2" لە سەرجەم خانەکانی تووشبووانی شێرپەنجەی ئێسک هەیە و هانی بڵاوبوونەوە و زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەرمانێکیان بە ناوی "CDD522" دۆزیووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لەو جینە.
تویژەران ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەو دەرمانە زۆربوون و بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان کەمدەکاتەوە و بەرگریی لاشە زیاتر هاندەدات بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.
بە وتەی توێژەران، سەرقاڵی بەراوردکردنی توانای دەرمانەکەن لەسەر خانەکانی مرۆڤ، هاوکات چاوەڕێی دەزگای ڕێکخستنی دەرمان و بەرهەمەکانی چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندیان پێبدرێت لە جێبەجێکردنی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی دەرمانەکە لەسەر مرۆڤ.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی "WHO" ئاشکرایکردووە کە شێرپەنجەی ئێسک سێیەم باوترین شێرپەنجەی ناو منداڵانە و لە جیهاندا ساڵانە زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس تووشی دەبن کە زۆرینەیان گەنج و منداڵن.