ژیاننامەی ئەمڕۆ: تەمەنێک کۆشش کردن لەپێناو ژنان و منداڵان
هودا شەعراوی ئەو ژنەی لە یەکەمین نەوەی ژنانی چالاکوانە لە میسردا کە بەردەوام خەباتی کردووە لە پێناو ژنان و منداڵاندا، لەگەڵ دیارترین ژنە چالاکوانەکانی میسر بووە کە مێژوویەکی جوڵانەوەی ژنانیان لە میسر پێکهێناوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە تا کۆتاتی سەدەی بیست.
ناوەندی هەواڵ
پێش ١٤١ ساڵ لەمەوبەر نور هودا محەمەد شەعراوی لە شاری منیەی سەعیدی میسر، لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٨٧٩ هاتووەتە دونیاوە، سەربە یەکەمین نەوەی چالاکوانانی ژنانی میسرە لەگەڵ نەبویە موسا و عەدیلە نەبراوی، لە دیارترین ژنە چالاکوانەکانی میسر بووە کە مێژوویەکی جوڵانەوەی ژنانیان لە میسر پێکهێناوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە تا کۆتاتی سەدەی بیست.
هودا لە خێزانیکی چین بەرزدا لەدایکبووە، کچی محەمەد سوڵتان پاشای یەکەمین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر بووە لە سەردەمی خدێوی تۆفیقدا، هودا منداڵ بووە کاتێک باوکی کۆچی دوای کردووە.
لەتەمەنی سیانزە ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەیدا کردووە کە نزیکەی ٤٠ ساڵ لەخۆی گەورەتر بووە و نازناوی ''شەعراوی'' لە مێردەکەی ''عەلی شەعراوی''وەرگرتووە،، هودا شەعراوی لەو ژنە دەگمەنانە بووە کە بەشداری لە گۆڕینی جیهانی دەوروبەری کردووە.
لە تەمەنی گەنجیدا کۆڕی وانەوتنەوەی ڕێکخستووە، بۆ یەکەمین جار بانگەوازی ژنانی بۆ شوێنە گشتیەکان کردووە، هودا یەکێك بووە لە ژنە یەکەمینەکان کە پەچەی لاداوە و لە ساڵی ١٩٢١دا ڕوخساری خۆی دەرخستووە.
ژیانی سیاسی شەعراوی
لە سیاسیەتدا بەشدار بووە، ڕابەری شۆرشی ١٩١٩ی ژنانی کردووە، لیژنەی حیزبی شاندی مەرکەزی ژنانی دروستکردووە، هەروەها کۆمەڵەیەکی بۆ چاودێری منداڵان لە ساڵی ١٩٠٧ دروستکردووە، لە وەرگرتنی ڕەزامەندی سەندیکاری میسری سەرکەوتوو بووە تا هۆڵێکی وانە وتنەوە بۆ ژنان تەرخان بکرێت لە ١٩٠٨.
دیارترین کاری لە ١٩٢٣ دابووە، کاتێک لە دەرەوەی وێستگەی شەمەندەفەرەکانی قاهیرە پەچەکەی لادا و ژنانی تریشی هاندا تا لاسای بکەنەوە، هەروەها خوێندنگایەکی کچانی کردەوە و یەکێتی ژنانی میسری دامەزراند و تێکۆشا لە پێناو ئەوەی کچان لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە شوو نەدرێن.
ئێستاش دوای ٧٣ ساڵ لە کۆچی هودا شەعراوی، بووەتە ئەو ژنە میسرییەی هەتا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ پیاواندا یەکسانە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و بێبەشکردنی لە میرات بووەتەوە.
هودا شەعراوی بە هاوەڵی نەبویە موسا و عادیلە نەبراوی ئامادەی یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنان بوون ساڵی ١٩٢٣ لە ڕۆما، وە دەڵێت'' ئەوەی لە کۆنگرەی ڕۆمای نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە سێجار چاوی بە سینۆری ئیتالیا ''مۆسۆلینی'' کەوتووە، یەکە بە یەکەی ئەندامەکانی کۆنگرەکە پێشوازیان لێکردین، کاتیک نۆرەی من هات وەک سەرۆکی شاندی میسر خۆم پێناساند و هەست و سۆزە جوانەکانی بەرامبەر بە میسر دەربری، وە ووتی گرنگی و چاودێری بە جوڵانەوە ئازادیەکانی میسر دەدات''.
کاتێک هودا لە کۆنگری یەکێتی ژنانی نێودەوڵەتی گەڕایەوە ''یەکێتی ژنانی میسر"ی لە ساڵی ١٩٢٧ پێکهێنا، تا ساڵی ١٩٤٧ بەڕێوبەری بوو، هەروەها ئەندامی دامەزرێنەی ''یەکێتی ژنانی عەرەب'' بووە و دواتر بووەتە بەڕێوبەری تاوەکو ساڵی ١٩٣٥، دوای بیست ساڵ لە پێکهێنانی یەکێتیەکە گرێبەستی لە کۆنگرەی ژنان لە ١٩٤٤ بە نوێنەری جیاوازی وڵاتە عەرەبیەکان کردووە و چەند بڕیارێکی تێدا داوە لەوانەش داوای یەکسانی مافی سیاسی لەگەڵ پیاواندا کرد بە تایبەت هەڵبژاردن، پەیڕەوکردنی مافی جیابوونەوە، هەڵبەستنی فرە ژنی تەنها بە بڕیاری دادگا نەبێت ئەویش گەر منداڵی نەبوو یاخود نەخۆشیەک شیفا و چاکبوونەوەی نەبێت، کۆکردنەوەی نێرومێ لە قۆناغی منداڵی و فێرکردنی سەرەتای.
یادکردنەوەی هودای چالاکوان
بزوێنەری لێکۆڵەری گۆگڵ یادی لەدایکبوونی هودا شعراوی کردەوە بەدانانی وێنەکەی لە بەرواری ٢٣ی حوزەیران، یادگاریەکانی لە گۆڤاری ''حەوا'' ژمارە ١٢٢١ لە بەرواری ١٩٨٠دا بڵاکراوەتەوە، وەک ڕێزێک بۆی ناوی لەسەر زۆرێک لە شەقام و دامەزراوەکانی میسر نیشانە کراوە و ڕازیلێنراوە، درامایەکیش بەناوی ''میسری نوێ'' لەسەر شاشەکان نمایش کرا باس لە ژیانی هودا و دۆخی سیاسی ئەو فەترەیە دەکات.
دوای بەڕێکردنی تەمەنێک و ژیانێک تێکۆشان لە پێناو ژنان و منداڵ لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لەوکاتەی خەریکی نوسینی پەیامێک بوو بۆ جیهانی عەرەبی بە جەڵدەی دڵ لە ساڵی ١٩٤٧ کۆچی دوایی دەکات، لە بەیاننامەکەشیدا داوای لە دەوڵەتانی عەرەبی کردووە هەموو بەیەک دەنگ لەسەر "پرسی فەلەستین" کاربکەن.
ت.پ