ژیاننامەی ئەمڕۆ: سومبولی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەرزیە فەریقی لە ٢٢ تەموزی ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەریوان لەدایکبووە، لەگەڵ هاوژینەکەی "ناسر ڕەزازی" گۆرانیبێژ ماوەیەک لەناو "پێشمەرگەکانی کۆمەڵە"دا خەباتیان دەکرد، مەرزیە لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٠٥دا لەژێر نەشتەرگەری دڵدا لە سوید کۆچی دوای کرد،

ناوەندی هەواڵ

 

مەرزییەی فەریقی لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە ئارەزووی لە گۆرانی و شانۆ بووە و بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە سەر شانۆی خوێندنگاکەی، مەرزییە ڕووبەڕووی بەربەست و ڕێگری دەبێتەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە، بەڵام ئەو بووبە ڕێچکە شکێن وپاڵپشتێکی گەورە بۆ ژنان، لە شاری مەریوان دەست بە خوێندن دەکات و پەیمانگای مامۆستایان لە شاری سنە تەواو دەکات، لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی "مۆسیقای سنە" گۆرانی دەڵێت، پاش تەواوکردنی خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێک دەبێتە مامۆستا، دوای دوو ساڵ وانە وتنەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگایەکی سەرەتای شاری سنە.

 

مەرزییە سومبولی دەنگ

مەرزییە سومبولی دەنگی مێژووی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سەرەتای کاری هونەری بۆ وتنەوەی گۆرانییەکانی "فەتانە وەلیدی" و گۆرانی فارسی دەگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک زانی دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ بۆ لەناوبردنی هونەر و فەرهەنگی کوردی دەدەن، بڕیاریدا گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێت.

 

لەساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ "ناسر رەزازی" ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت، لەهەمان ساڵدا کە "شۆڕشی گەلانی ئێران" سەرهەڵدەدات، دەچێتە ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە دژی شای دەرکراو، وە دوای هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت لە خەبات، بەڵام ئەم جارەیان دەگیرێت و پیشەی مامۆستایشی لێ دەسەنرێتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٨٠ کە ڕژێمی ئیسلامی دێتە سەر حوکم ناتوانێت بمێنێتەوە لە شاردا بۆیە دەڕواتە شاخ بۆ لای ناسر و دەبێتە پێشمەرگە و لەگەڵ دوومنداڵەکەی "دڵنیا و ماردین" لەناو "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"دا لە چیا دەمێننەوە و دەست دەکەن بە خەباتی هونەری خۆیان، سرودی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕی بڵاودەکەنەوە، مەرزییە پێش مردنی داوای کردووە "ئەگەر لە هەندەران مردم بمگەڕێننەوە بۆ خاکی کوردستان، وە لەسەر گۆڕەکەم شعرێکی مامۆستا "کەمال مێلگەری" کە کراوە بە گۆرانی لەسەر خۆشەویستیە بۆ کوردستان ئەوەم بۆ بکەنەسەر"، ئەو هونەرمەندە تێکۆشەرە ئازادکردنی کوردستانی بە دەرمانی دڵە نەخۆشەکەی دەزانی.

 

هونەری مەرزییەی فەریقی

یەکەمین گۆرانی کوردی کە تۆماری کرد بەناوی "لەسەر کانی دێتەوە لێو بەکەنی و گۆزە بە شانەوە" بوو، وە گوێی لە گۆرانیەکانی هونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابانی گرتووە، مەرزییە یەکەم ژن بووە کە سروودی تۆمار کردووە، یەکەمین سروود کە تۆماری کرد سروودی "سڵاو بۆ پێشمەرگە" بوو، هەروەها گۆرانی (گیانەکەم بە ئاسمانی شین، ماچی خودایی و پایز)ی لە قاڵبێکی شۆڕشگێڕیدا وتووە لە سەردەمی شاخدا.

 

لە ساڵی ١٩٨٥ بە ناچاری وازیان لە پێشمەرگایەتی هێنا و ڕویان کردە سوید، لەوێ کوڕێکی بوو بە ناوی" کاردۆ"، لە ساڵی ١٩٩٤ لە سوید دەست دەکاتەوە بە کاری هونەری و لەگەڵ ناسر ئەلبومێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە، دواتر لە ئاهەنگ و بەرنامەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەشداریان کردووە.

 

مەرزییە خۆی بە بەرپرسیار زانیووە لە بەرامبەر نەهامەتیەکانی ژنانی کورد، هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی پاراستنی مافەکانی مناڵان و ژن بووە لە سوید، لەڕێگەی کۆنسێرتێکی تایبەت بە ژنان ڕێزو خۆشەویستی خۆی بۆ ژنان دەربڕیوە، تاکە هونەرمەندی ژن بووە لەو سەردەمەدا کە توانیویەتی بە زاراوەکانی (کرمانجی، سۆرانی، کلهوری و هەورامی) گۆرانی بچڕیت.

 

مەرزییە فەریقی لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا لە ١٨ ئەیلولی ٢٠٠٥ لە ژێر نەشتەرگەری دڵدا لە سوید دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێت و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.

 

ت.پ