ژیاننامەی ئەمڕۆ: گۆرانيبێژ و ژه‌نيارى ته‌نبور

نه‌جمه ته‌جه‌دود ئه‌ندامى گروپى کامکار و گروپى ته‌نبورى شه‌مس، يه‌که‌مين ژنى ئێرانى بووه که گۆرانيبێژیى به ژه‌نيارى ته‌نبور ده‌ستپێکردووه.

ناوه‌ندى هه‌واڵ

نه‌جمه ته‌جه‌دۆد له ساڵى ١٩٥١ له خێزانێکى هونه‌ردۆست له شارى تاران لەدايکبووه، له‌گه‌ڵ بيژه‌ن کامکار ئەندامی گروپى کامکار هاوسه‌رگيرى دەکات، ئەم هاوسه‌رگيريه ده‌بێته هۆى ئاشنابوونى نه‌جمه له‌گه‌ڵ ئاواز و موزيکى کوردى.

نه‌جمه ده‌رچووى به‌شى دراماتيکە له په‌يمانگاى تاران، له بوارى ئاواز له‌گه‌ڵ مامۆستايانى به ناوبانگى ئێرانى وه‌کو: غوڵام حوسه‌ين به‌نان، حوسه‌ين قه‌وامى، نه‌سرالله ناسح‌پور و داوود گه‌نجه‌‌يى کارى کردووه، هه‌روه‌ها سێتار له لاى قه‌شه‌نگ کامکار فێربووه.

نه‌جمه‌ یەکێکە لەو ژنە ئێرانییانەی که گۆرانيبێژى به ژه‌نيارى ته‌نبور له‌لاى مامۆستاى ئاواز که‌يخۆسرۆ پورنازه‌رى فێربووه، هه‌روه‌ها ئه‌ندامى گروپى کامکار و گروپى ته‌نبورى شه‌مسه.

 

کاره‌ هونه‌رییەکانى نه‌جمه‌ ته‌جه‌دود

نەجمە يه‌که‌مين هه‌نگاوى بۆ گۆرانيبێژى سونه‌تى و موزيکى ئیران له ده‌ره‌وه‌ى ئێران ده‌ستپێکردووه، یەکێکە لە ئەندامانی گروپى کامکار و به‌شدارى له کۆنسێرته‌کانى ئه‌و گروپه له ناوەوە و ده‌ره‌وه‌ى ئێراندا کردووە.

 

گۆرانيبێژى گروپى ته‌نبورى شه‌مس بووە له ساڵى ١٩٩٩، ئەو ژنە هونەرمەندە له کۆنسێرتى گروپى ته‌نبورى شه‌مس به بۆنه‌ى ڕۆژى جيهانى مه‌ولانا له وڵاتى تورکيا و فه‌رەنسا بەشداری کردووە له ساڵى ٢٠٠٧.

 

ئه‌لبومی کارە هونەرییەکانی نه‌جمه تەجەدود بريتين له: سه‌رخۆشه‌کان سڵاويان بۆت هه‌يه، نيشتمان، سپى و ره‌شايه‌تى مانگ، هه‌ستێکى تر(به‌شى يه‌ک)، هه‌ستێکى تر(به‌شى دوو)، بيابانى بێ کۆتا و جلى ره‌نگاوره‌نگ.