ژیاننامەی ئەمڕۆ: دایکی پێشمەرگە لە شاخ و ناوێکی ونی ئێستا

ئایشەگوڵ ژنە تێکۆشەر و چاونەترس لە شاری کۆیە لەدایکبووە و بە دایکی پێشمەرگە لە شاخ ناسراوە، بەڵام لە دوای شەهیدبوونی ناوەکەی وون دەبێت.

ئایشەگوڵ ژنە تێکۆشەر و چاونەترس لە شاری کۆیە لەدایکبووە و بە دایکی پێشمەرگە لە شاخ ناسراوە،  بەڵام لە دوای شەهیدبوونی ناوەکەی وون دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنە تێکۆشەر ئایشە گوڵ به‌رپرسی کۆمیته‌یی یه‌کێتی ئافره‌تانی حزبی شوعی کۆیە لە شاری کۆیە لەدایکبووە و بەشێوەیەکی نهێنی به‌شدارى لە ناو حزبی شوعی کردووه و وه‌کو پۆستە هەڵگرێک ڕێکخستنەکانی نێوان شاخ و شارى ئه‌نجامداوه، دوو کوری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە شەهید کراون.

ئایشە قادر یونس، ناسراو بە "ئایشەگوڵ" لە  ١ی تومموزی ١٩٣١ لە شاری کۆیە لەدایکبووە، هۆکاری ناونانی بە ئایشە گوڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتای گەنجیەوە چینایەتی نیشتیمانەکەی کاری تێکردووە، هەربۆیە بەشێوەیەکی نهێنی به‌شدارى حزبی شوعی کردووه و لە ناو شاردا چالاکی ئەنجام داوە لە ساڵی ١٩٤٧ لەگەڵ "محمد ئەمین عەبدوڵڵا هەمزە" ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خاوەنی سێ کچ و پێنج کوڕ بووە.

 

ئایشەگوڵ ژنێکی لەسەرخۆ، ڕەوشت بەرز، نیشتیمانپەروەر و جێگەی ڕێز و متمانەی هاوڕێکانی بووە، هەر بۆیە بوەتە پردی پەیوەندی لە نێوان ڕێکخستنەکانی شاخ و شار، ئەم ژنە تێکۆشەرە منداڵەکانی بەجۆرێک پەروەردە کردبوو کە وەفایان بەرامبەر خاک و نیشتیمان هەبێت، ئایشەگوڵ بە دایکی پێشمەرگە ناسراوە بەهۆی ئەوەی کە "محمد حەلاق و بەشدار"ی کوڕی پێشمەرگە بوون و بە ئازایەتی و بوێری ناوبانگیان هەبووە بەڵام هەردوو کوڕەکەی شەهید دەبن، دوا پله‌ی شه‌هید ئایشه‌گوڵ به‌رپرسی کۆمیته‌یی یه‌کێتی ئافره‌تانی حزبی شوعی، لقى كۆيه‌ بووە.

 

ئەم ژنە تێکۆشەرە لە ساڵی ١٩٨٨ کاتێک خەریکی ئەنجامدانی کارێکی نهێنی حزبی شوعی دەبێت، لە ناو شاری هەولێر، لەلایەن ده‌ستگاکانی ڕژێمی به‌عس ده‌ستگیر ده‌کرێت، لەگەڵ ئەوەی ڕژیمی بەعس توشی ئەشکەنجەیەکی زۆری دەکەنەوە، بەڵام تا دوا هەناسە خۆڕاگر، چاونەترس و دڵسۆز بووە و بەردەوام بووە لە پاراستنی نهێنییەکان، بەڵام دواجار دوای شەش مانگ لە دەستگیرکردنی لە ١٦ی ئابی ١٩٨٨ بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید "وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌و کاتى عێراق" شەهید دەکرێت.

 

ئايشه‌ گوڵ ته‌رمه‌كه‌ى له‌گۆرستانى "معمل قير" به‌ نه‌هێنى نێژراوە، بەڵام ساڵی ١٩٩١ ته‌رمه‌كه‌ى له‌گۆرستانى "معمل قير"دۆزرايه‌وه‌، كه ئاسه‌وارى بڕينى هه‌ردوو سينگى و لێدانى ١١ گوله‌ به ‌لاشه‌كه‌يه‌وه‌ دياربوو، دواتر تەرمەکەی گوازرایەوە بۆ شاری کۆیە لە گۆڕستانی دەروێش خدر بەخاک سپێردرا.

 

هەر لە شاری کۆیە پەیکەرێکیان بۆ ئایشەگوڵ دروستکرد، بەڵام پەیکەرەکە لەلایەن چەکداری کۆنە جاشەوە پاش ماوەیەک تەخت کرا و لایانبرد، له کاتێکدا که ئه‌م ژنه تێکۆشه‌ره خه‌باتى رێکخستنى تايبه‌تى بۆ حزبى شوعى له‌ ناو شار ئه‌نجامداوه، به‌ڵام له ئێستادا هيچ کامێک له ڕێکخراوانى تايبه‌ت به ژنان گرنگیەکی ئەوتۆ بە یادکردنەوەکەی ناده‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که دانيشتوانى باشورى کوردستان به باشى ئايشه‌گوڵ و خه‌باته‌کانى نه‌ناسن، بەڵام خەباتی ئایشەگوڵ هەردەم لە مێژووی ژنانی کوردستان بە سەربەرزی و سەرفرازی دەمێنیتەوە.

 

ت.پ