ئەسمەهان، لە گۆرانیبێژییەوە بۆ جیهانی سینەما

بە گۆرانی وتن لە ژوورەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد و تا دەبێتە قوتابی ئوم کەلسوم، پاشان لەناو جیهانی سینەمادا خۆی دەبینێتەوە، بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە کۆتای بە ژیانیشی دێنن.

بە گۆرانی وتن لە ژوورەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد تا بووە قوتابی ئوم کەلسوم، پاشان لەناو جیهانی سینەمادا خۆی دەبینێتەوە، بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە کۆتای بە ژیانیشی دێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمال ئەتڕەش ناسراو بە ئەسمەهان ئەکتەر و گۆرانیبێژی سوری- میسڕی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩١٢ لە دایک بووە، خێزانەکەی سەر بە بنەماڵەی بەنی ئەتڕەشی سوری-ن، خوشکی میوزیسیان فەرید ئەتڕەشە، فەریدی برای دەستی گرتووە و بردویەتیە ناو جیهانی هونەر و کردویەتی بە ئەستێرەی هاوشانی گۆرانیبێژانی بەناوبانگی ئەو سەردەمەی وەک ئوم کەلسوم، لەیلا موراد و نەجات عەلی.

بەهرەی هونەری ئەمال زوو دەرکەوت، لەماڵەوە گۆرانی دەوت و لە قوتابخانە کلاسیکیەکەی ئوم کەلسوم-دا گۆرانی عەبدول وەهاب و فەریدی برای دەگووتەوە، ڕۆژێک لە رۆژان فەرید ئەترەش میوانداری ئاوازدانەری میسڕی داود حوسنی کرد، وە گوێی لە ئەمال بوو لە ژوورەکەی خۆیدا گۆرانی دەوت داوای کرد بانگی بکەن و پرسیاری لێکرد دووبارە گۆرانیەکە بڵێتەوە، ئەمال گۆرانیەکەی ووت و داود سەرسام بوو بە دەنگی، و پێی وت ''ڕاهێنانم بە کچێک دەکرد بە ناوی ئەسمەهان، وەک تۆ جوان و دەنگ خۆش بوو بەڵام کۆچی دوای کرد پێش ئەوەی بەناوبانگ بێت، لەبەر ئەوە حەز دەکەم بەناوی ئەوەوە بانگت بکەم" لەوە بەدواوە ئەمال بە ئەسمەهان ناسرا.

ئەسمەهان لە ساڵی ١٩٣١دا بەشداری لە گۆرانی وتندا کرد لەگەڵ فەریدی برای لە هۆڵی ماری مەنسور لە شەقامی عیمادالدین دوای ئەوەی لەگەڵ باوکیدا لە بۆنە و ئاهەنگ و ڕادیۆ ناوخۆیەکان دەردەکەوت، بووە ئەستێرەیەک بەسەر ئاسمانی گۆرانی عەرەبیەوە.

 

شاژنی شاخ

لە ساڵی ١٩٣٣ هاوسەرگیری لەگەڵ پاشا حەسەن ئەتڕەش کرد و لەگەڵی چوو بۆ شاخەکانی دروز لە سوریا تا وەک شاژن ژیان بکات، خاوەنی یەک کچ بوو بەناوی کامیلیا، ژیانی شاخی وەک شاژن بە ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی کۆتای هات و لە سوریاوە گەڕایەوە بۆ میسڕ، سۆزی جیهانی هونەری وای لێکرد و بچێتە بواری سینەماشەوە.

دەرگای ناوبانگ بە ڕوویدا کرایەوە وەک گۆرانیبێژێکی دەنگ خۆش و ڕوخسار جوان چووە ناو جیهانی سینەماوە، لە ساڵی ١٩٤١ بەشداری یەکەمین فیلم بوو لەگەڵ فەریددا بەناوی (إنتصار الشباب - سەرکەوتنی گەنجان) لە گۆرانییەکەشیدا لەگەڵی بەشداربوو، لە کاتی تۆمارکردندا لەگەڵ دەرهێنەر ئەحمەد بەدرخاندا یەکیان ناسی و بە نهێنی هاوسەرگیریان  کرد، بەڵام هەر زوو جیابوونەوە پێش ئەوەی ڕەگەزنامەی میسری وەربگرێتەوە کە بەهۆی هاوسەرگیری لەگەڵ حەسەن ئەترەش لێی سەندرابۆوە.

لەساڵی ١٩٤٤ لە دووەم و کۆتا فیلمیدا بەشداری کرد بە ناوی (غرام وإنتقام - خۆشەویستی و تۆڵەکردنەوە) لە تەنیشت یوسف وەهبی و ئەنوەر وەجدی مەحمود ملیجی کە خۆشترین گۆرانیەکانی تێدا تۆمار کرد کۆتای ئەو فیلمەش کۆتای ژیانی نواندنی بوو، بە دەنگیشی لە چەند فیلمێکدا بەشداری کرد وەک ( يوم سعيد - ڕۆژێکی خۆش)، لەگەڵ عەبدول وەهابیشدا بەشداری ئۆپرای (قيس وليلى) کرد، لە فیلمی نفس-د گۆرانی (محلاها عيشة الفلاح) وتووە لە ئاوازی عەبدول وەهاب، گۆرانی (ليت للبراق عيناً )ی تۆمارکرد لە فیلمی (ليلى بنت الصحراء).

 

نهێنی کۆتا هاتنی ژیانی ئەسمەهان

بۆ گۆرانی وتن گەڕایەوە بۆ میسڕ، ئەسمەهان لەگەڵ هاوژینی سێیەمی ئەحمەد سالمی دەرهێنەر دڵخۆش نەبوو، لەو کاتەی کاری لە کۆتا فیلمی دەکرد داوای مۆڵەتی لە بەرهەمهێنەری فیلمەکە یوسف وەهبی کرد گەشت بکات بۆ رأس البر و هەندێک کات لەوێ بەسەر بەرێت و بحەوێتەوە، لە بەیانی هەینی ١٤ی تەمموزی ١٩٤٤ لەگەڵ ماری قەلادەی هاوڕێیدا بەڕێ کەوتن، لە ڕێگادا شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و دەکەونە کەنداوی تەرعە لە شاری تەڵخا، ئەوەی سەیر بوو ئەسمەهان و هاوڕێکەت خنکان بەڵام شۆفێرەکە هیچی لێ نەهات و دوای ڕووداوەکەش دیارنەما، بەدیار نەمانی شۆفێرەکە پرسیار دروست بوو کێ لە دوای مردنی ئەسمەهانەوەیە؟، بەڵام بێ وەڵام مایەوە، پەنجەی تۆمەت خرایە سەر دەزگای زانیاری بەریتانیا و مەلیک فاروق و ئەحمەد سالمی هاوژینی و ئوم کەلسوم.

لە کارکردنیدا ئەسمەهان لەگەڵ ئاواز دانەرێک کاری نەدەکردم بەڵکو لەگەڵ چەندەها کاریکردووە لە نموونەی: محەمەد عەبدول وەهاب، ریاز سنباتی، محمد قسبەجی، فەرید ئەتڕەشی برای و داود حوسنی، لەگەڵ چەندەها شاعیری وەک ئەحمەد ڕامی، یوسف بەدروس، ئەختەڵ صغیر، مەئمون شناوی و بەدیع خەیری کاریکردووە.

لە دوای مردنیشی لە ماڵی هاوسەرەکەی میر حەسەن ئەتڕەش لە شاخی دروز مۆزەخانەیەک بۆ ئەسمەهان بنیات نراوە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا چیرۆکی ژیانی ئەسمەهان کرا بە دراما لە نواندنی سۆلاڤ فەواخرجی، ئەحمەد شاکر و دەرهێنانی شەوقی ماجری. 

 

ت.پ