یەکەم دەنگی ژنی کوردی کە سەد ساڵ لەمەوبەر لە تۆمارەکاندا دەنگی دایەوە

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دەنگی ژنێکی کورد لە ڕێگەی تۆمارەکانەوە دەنگی دایەوە و بەمەش پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی مۆسیقای کوردی دەستی پێکرد، ئەویش دایکە جەمالی، گۆرانیبێژ و ئاوسەر کە بەرهەمەکانی بە زاراوەی سۆرانی لەسەر نزیکەی دە تۆماری تۆمارکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مێژووی کولتوور و هونەری کوریدا، هەندێک ناوی وەکو ڕۆشنایی لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەدرەوشێنەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، "دایکە جەمالی" بە یەکێک لە یەکەمین ئەو ژنانە دەژمێردرێت کە لە مێژووی مۆسیقای کوردیدا شوێنپەنجەیان بە دەنگ و هونەری گۆرانیبێژییان جێهێشتووە، ئەو تەنها خاوەنی دەنگێکی بەهێز نەبوو، بەڵکو سیمبولێک بوو بۆ دەستپێکێکی مێژوویی بۆ ژنی کورد لە بواری تۆمارکردنی دەنگدا.

 

زۆر ناو بوونیان نییە کە ژنان لە ڕێگەی تۆمارە مۆسیقییەکانەوە دەنگەکانیان لە مێژووی مۆسیقای کوردیدا بەڵگەنامە کردبێت، "دایکە جەمالی" یەکێکە لەو پێشەنگانە.

 

دایکە جەمالی، کە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ناوی ڕاستەقینەی شیرین یان بەهیجە یان فەرەحە ئیبراهیم یەعقوب بووە، لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری سلێمانی لە کوردستان لەدایک بووە، خێزانەکەی دواتر گواستیانەوە بۆ هەڵەبجە، کە لەوێ گەورە بوو و پەروەردە بوو، شارەکە بوو بە وێستگەی هەرە دیار لە دروستبوونی کەسایەتی هونەریی ئەودا.

 

لەو سەردەمەدا، هەڵەبجە لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی عەدلە خانیم جافدا بوو، ئەو کەسایەتییە ناسراوە بە ڕۆشنبیری و شاعیری و بایەخدانی بە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لەگەڵ هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ژنان، لەم ژینگەیەدا، دایکە جەمالی دەرفەتێکی دۆزییەوە کە ڕێگەی پێدا بەهرەکەی دەربخات و دەنگی خۆی بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، سەرەڕای سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکانی کە لەو کاتەدا بە دەوری ژناندا هەبوون.

 

یەکەم ژن کە گۆرانییەکانی بە سۆرانی تۆمار کرد

 

لە ساڵی ١٩٢٦ چووە جیهانی تۆمارکردنی مۆسیقاوە، بەم شێوەیە، بە پێی ئەوەی سەرچاوەکان باسی دەکەن، بوو بە یەکەم ژنی کورد کە گۆرانییەکانی بە زاراوەی سۆرانی تۆمار بکات.

 

ئەو ناوە هونەرییەی کە بۆ خۆی هەڵیبژاردبوو بریتی بوو لە "دایکە جەمالی" (Daykî Cemal)، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٣٠دا، بەرهەمەکانی لەسەر نزیکەی ١٠ تۆمار بۆ هەردوو کۆمپانیای تۆمارکردنی بەناوبانگ "بایدافۆن" (Baidaphon) و "ئۆدیۆن" (Odeon) تۆمار کرد، ئەم تۆمارکردنانە گرنگییەکی بێوێنەی لە مێژووی ئەرشیفی مۆسیقای کوردیدا بەدەست دەهێنن، چونکە بە هۆی ئەوان دەنگی ژنی کوردی گەیشتە نەوەکانی داهاتوو.

 

لەناو ئەو گۆرانییانەیدا کە تا ئێستاش ناسراون "هەی بەلار و بەلار" (Hey Belar û Belar)، و "خانمی سلێمانی" (Xanimî Sulaymanî)، و "هەی ئێنین ئێنین" (Hey înîn înîn)، "ئەمینێ ئەمین" (Aminê Amin)، هەروەها هەندێک لە تۆمارەکانی لە ئەرشیفی ڕادیۆی بەغداددا پارێزراون.

 

"دایکە جەمالی" لە سەردەمێکدا ژیا کە بە پێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگە بە ژن نەدرا کە وەک هونەرمەندێک دەرکەوێت، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە بارودۆخ و دابونەریتی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە پاڵیان پێوە نا کە دوای ماوەیەک واز لە گۆرانیبێژی بهێنێت و ژیانی خۆی دوور لە سەرنجەکان درێژە پێبدات.

 

تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە نەخۆشخانەی شار لە بەغداد کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی شێخ مەعروف لە هەمان شاردا نێژرا.

 

یادەوەری زیندوو

 

سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی ژیانیدا وازی لە هونەر هێنا، بەڵام بەرهەمەکانی و دەنگی لە ئەرشیفی توێژەرانی مۆسیقا و سەکۆکانی پاراستنی کولتووری کوردی بە پارێزراوی ماوەتەوە تا ئێستاش، گۆرانییەکانی کە دەگەڕێنەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، جێگەی بایەخ و ڕێزن بەوەی بەڵگەنامەی بەنرخن لە مێژووی گۆرانی و مۆسیقای ژنی کوردیدا، ئەو شوێنێکی بۆ خۆی لە یادەوەری کولتووریدا هەڵکۆڵی بەوەی کە دەنگی ڕەسەن بوو کە ڕێگەی بۆ هونەرمەندە كوردەکان خۆش کرد.

 

ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سەد ساڵ، هێشتا ناوی ئامادەیە لە مێژووی مۆسیقای کوردیدا، ئەو ژنەی کە دەنگی تۆمارکرابوو، لە ڕاستیدا دەنگی ژنی کوردی لە مێژووی مۆسیقادا نەمر کرد.