وەریدە مەداد... سیمبولی بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاریی فەرەنسیدا

ژنانی جەزائیر وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە شۆڕشی ئازادیخوازیدا دەرکەوتن، کاتێک بەشداریکردنیان لە کاری بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان کرد، وەریدە مەداد بە یەکێک لە دیارترین سیمبولەکانی ئەم خەباتە دادەنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تۆماری شۆڕشی جەزائیردا کە پڕە لە ناوی پیاوان و ژنان، ڕووبەڕووی داگیرکاریی فەرەنسی بوونەوە، ناوی وەریدە مەداد وەک یەکێک لەو ژنە گەنجانەی دەدرەوشێتەوە کە گیانیان بەخت کرد بۆ ئازادیی نیشتمان.

 

سەڕەڕای کۆچکردنی زووی، بەڵام ژیاننامەکەی وەک شایەتحاڵێک مایەوە بۆ ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی کە ژنی جەزائیر لە شەڕی ڕزگاریی نیشتمانیدا گێڕایەو، کە تیایدا لە کچێکی خێزانێکی سادەوە گۆڕا بۆ بەرخۆدانێک کە پەیامی شۆڕشی هەڵگرت تا کۆتا چرکەی ژیانی.

 

وەریدە مەداد لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری جەزائیر لە دایکبووە، بۆ خێزانێک کە بنەچەکەیان بۆ ناوچەی قەبائیل دەگەڕێتەوە، لە ژینگەیەکی پارێزگاردا گەورە بوو کە دۆخێکی سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەبوو، بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد بچێتە خوێندنی سەرەتایی، پێش ئەوەی ناچار بێت بەهۆی نەریتی کۆمەڵایەتیی باوی ئەو سەردەمە واز لە خوێندن بهێنێت، دواتر خوێندنەکەی لە قوتابخانەی سەباحی ئیسلامی درێژە پێدا، پاشان ڕووی کردە فێرکردنی پیشەیی لە بواری درووماندا، ئەمەش ئەو ڕێگەیە بوو کە لە نێوان ژنانی ئەو سەردەمەدا باو بوو.

 

لە ژیانی مەدەنییەوە بۆ کاری بەرخۆدان

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕزگاریی جەزائیر لە یەکەمی تشرینی دووەمی ١٩٥٤، وەریدە مەداد دەستی بە بەدواداچوونی هەواڵەکانی خەباتی چەکداری دژی داگیرکاریی فەرەنسی کرد، لە ساڵی ١٩٥٦، کاتێک ماڵی خێزانەکەی میوانداریی ژمارەیەک لە شۆڕێشگێڕامت بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی کرد، بە سووربوونەوە داوای کرد بەشداری لە ریزەکانی شۆڕشدا بکات، سەرەڕای ناڕەزایەتیی باوکی و مەترسیی ئەرکەکە.

 

سەرکردەکان بە گڕووتینێک ڕازی بوون و ناوی نهێنیی "مریەم"یان پێبەخشی، بەم شێوەیە قۆناغێکی نوێی ژیانی دەستپێکرد کە ناونیشانەکەی خەباتی نهێنی و کاری فیدایی بوو لە ناو شاری جەزائیردا، کە لەو کاتەدا مەیدانی شەڕی قورس بوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەوەی بە "شەڕی جەزائیر" ناسرا، ئەرکی وەریدە مەداد مەترسیدارتر بوو، چونکە هێزە فەرەنسییەکان گەمارۆیەکی توندی ئەمنییان بەسەر گەڕەکەکانی پایتەختدا سەپاند و هەڵمەتەکانی دەستبەسەرکردن و پشکنینیان زیاتر کرد، سەرەڕای ئەوەش، بە جێگیری بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان و بەشداری کرد لە پاراستنی پەیوەندییەکان لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا.

 

دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان

لە ساڵی ١٩٥٧، پاش دەستبەسەرکردنی یەکێک لە شۆڕێشگێڕەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا، هێزە فەرەنسییەکان توانیان دەستیان بگاتە ژمارەیەک لە ئەندامانی تۆڕی بەرخۆدان، کە وەریدە مەدادیش یەکێک بوو لەوان، بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بردرا، کە تیایدا تووشی شێوازی توندی ئەشکەنجەدان بوو بە مەبەستی سەندنەوەی زانیاری لەسەر چالاکیی بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی و ناوی هاوڕێکانی، گێڕانەوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بە بێدەنگی مایەوە و ڕەتی کردەوە هیچ زانیارییەک بدات کە زیان بە بەرگریی جەزائیر بگەیەنێت.

 

دوای شکستخواردنی لێکۆڵەرەکان لە شکانی دڵپاکی و ئیرادەی، تووشی ئەشکەنجەدان بووەوە و لە باڵکۆنی یەکێک لە باڵەخانەکان هەڵدرایە خوارەوە کە بووە هۆی لەدەستدانی ژیانی لە ٢ی ئابی ١٩٥٧، لە کاتێکدا تەمەنی لە ١٩ ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، مردنی بە یەکێک لە دیارترین وێنەکانی خۆڕاگریی ژنی جەزائیر لە ماوەی جەنگی ڕزگارییدا دادەنرێت.

 

میراسێکی نەمر

دوای سەربەخۆیی جەزائیر، وەریدە مەداد بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە نیشتمانییەکان کە ساڵانە یادی دەنەخشێنرێت، ناوەکەی بەسەر ژمارەیەک لە دامەزراوە پەروەردەیی و گەڕەک و شەقامەکاندا لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا ناونا، وەک زیندووڕاگرتنی بەرخۆدانەکانی و دامەزراندنی یادەوەریی شۆڕش لە نەوە نوێیەکاندا.

 

هەروەها خولی زانکۆیی و دامەزراوە فەرمییەکان ناوەکەی هەڵگرتووە، لەوانەش خولی یازدەهەمی قوتابخانەی باڵای بۆ بیمەی کۆمەڵایەتی کە بە ناوی شەهید وەریدە مەداد ناونرا وەک رێزلێنانێک بۆ ڕێڕەوی نیشتمانیی.

 

چیرۆکی وەریدە مەداد لایەنێکی گرنگی مێژووی شۆڕشی جەزائیر دەردەخات، چونکە ژنان تەنها پشتگیری بەرگری نەبوون، بەڵکو بەشدارییان لە کردەوە شۆڕش و گواستنەوەی چەک و پەیامەکان کرد، بەرگەی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانیان گرت.

 

وەریدە مەداد یەکێک بوو لەو ژنە گەنجانەی کە ڕێگای ئازادییان هەڵبژارد لەسەر حسابی ژیانیان، بۆ ئەوەی ژیاننامەکەی ببێتە سیمبولی وەفاداری بۆ نیشتمان، بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە ژنی جەزائیر هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە دروستکردنی سەربەخۆیدا، و بەرخۆدانەکانی هێشتا لە ویژدانی جەزائیرییەکاندا تا ئەمڕۆش ئامادەن.