تاتیانا کورتوکۆڤا؛ ڕوویەکی نوێی مۆسیقای فۆلکلۆریی ڕووسیا

تاتیانا کورتوکۆڤا، بە دەنگە گەرمەکەی و جلوبەرگی نەریتی، توانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش میراتی کەلتووری بە جیهانی هاوچەرخەوە ببەستێتەوە. ئەو سەلماندی کە ژنێکی خاوەن زانیاری و ناسنامەی کەلتووری، دەتوانێت ببێتە خاوەنی دەنگێکی جیاواز و لەبیرنەکراو.

ناوەندی هەواڵ – تاتیانا کورتوکۆڤا؛ هونەرمەندی ڕووسی، بە تێکەڵکردنی ڕەسەنایەتیی میراتی مۆسیقای فۆلکلۆری لەگەڵ ڕۆحی سەردەم، توانیویەتی شوێنێکی تایبەت بۆ خۆی لە جیهانی هونەردا دروست بکات.

 

بە سەرکەوتنەکانی لە بەڕێوەبردنی کۆرەکانی مۆسیقا و ئامادەبوونی سەرنجڕاکێشی لەسەر شانۆ، وێنەی ژنێکی داهێنەری پێشکەش دەکات کە ناسنامەی کەلتووری دەپارێزێت و بە شێوازێکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو لێکی دەداتەوە.

 

لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی بە مۆسیقا کرد

تاتیانا سێرگیڤنا کورتوکۆڤا لە شاری خابارۆڤسکی ڕووسیا لەدایک بووە، بەڵام شاری پێنزا بە شوێنی دەستپێکردنی گەشتی ژیانی خۆی دادەنێت و وەک زێدی خۆی قبووڵی دەکات.

 

تاتیانا لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی بە فێربوونی مۆسیقا کردووە، فێری لێدانی پیانۆ بووە و خوێندنی نۆتە مۆسیقییەکانی تەواو کردووە.

 

کورتوکۆڤا لە بەردەوامیدانی گەشتی هونەری و مۆسیقی خۆیدا، بەشداریی بەرنامەیەکی ناسراوی فۆلکلۆری کردووە. دواتر لە بەڕێوەبردنی کۆری مۆسیقا لە کۆلێژی هونەری پێنزا ڕاهێنانی وەرگرتووە.

 

ئامانجە ئەکادیمییەکانی بەوەوە سنووردار نەبوون؛ تاتیانا کورتوکۆڤا لە ساڵی ٢٠١٦دا بەکالۆریۆسی لە بواری گۆرانیی فۆلکلۆری و پێشکەشکردنی شانۆیی لە پەیمانگای دەوڵەتی ئیپۆلیتۆڤ ئیڤانۆڤ لە مۆسکۆ وەرگرتووە. دواتریش لە زانکۆی دەوڵەتی پێنزا لە بواری دەروونناسیی پەروەردەدا خوێندنی باڵای تەواو کردووە و گەشتی ئەکادیمیی خۆی بەردەوام کردووە.

 

گۆرانی «Matushka» خاڵی وەرچەرخانی کاری هونەریی بوو

لە بواری بەرهەمهێنانی هونەریشدا، گۆرانییە بەناوبانگەکەی بە ناوی «Matushka» خاڵی وەرچەرخانی کاری هونەریی ئەو بوو.

 

ئەم بەرهەمە کە بە وشەکانی هەستی نیشتمانپەروەری، هێز و قوربانیدانی ژنان بەرز دەکاتەوە، گەیشتە جەماوەرێکی فراوان و لە خشتەی گۆرانییە زۆر گوێلێگیراوەکاندا شوێنی بەرزی بەدەستهێنا.

 

سەرکەوتنەکانی تاتیانا کورتوکۆڤا بە گۆرانیی «Odnogo» (تەنها یەک شت) و ئەلبوومی «U Istoka» (لە سەرچاوەوە) بەردەوام بوون.

 

ئەم هونەرمەندە کە بە جلوبەرگی فۆلکلۆرییەوە دەردەکەوێتە سەر شانۆ، وێنەی ژنێکی خاوەن متمانە بەخۆ و شانازی بە ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتیی خۆیەوە پێشکەش دەکات؛ ژنێک کە ناسنامەی کەلتووریی خۆی بە جیهانی هاوچەرخەوە دەبەستێتەوە.

 

تاتیانا کورتوکۆڤا نیشان دەدات کە کاتێک میراسی کەلتووری لەلایەن ژنێکی خوێندەوار و داهێنەرەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، دەتوانێت ببێتە هێزێکی نەرم کە سنوورەکان ببەزێنێت.