سیما سەمەند... پێشەنگێکی ئەدەبی فێمینیستی کوردی و دەنگی ژنان لە ڕادیۆی یەریڤان

سیما سەمەند هۆنراو نوسین و لێکۆڵینەوەی تێکەڵ کرد، لە ڕێگەی بەرهەمە فیکریەکانییەوە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ژنانی کورد بچنە نێو جیهانی ئەدەب و داهێنانەوە. ئەزموونی پیشەیی لە ڕادیۆی یەریڤان هێمایەکی گرینگ بوو، چونکە لە یەکەم ژنان بوو کە لەم بوارەدا کاریان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سیما سەمەند بە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی ژنان دادەنرێت لە ئەدەبیاتی سەردەمی و کوردیدا، سیما سەمەند، شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەر، جێپەنجەیەکی ڕوونی لەسەر ڕێڕەوی ئەدەبیاتی فێمینیستی کوردی بەجێهێشت و لە یەکەم ژنان بوو کە بناغەیەکی پتەوی بۆ ئەم ژانرە دامەزراند. هەروەها یەکێک بوو لە یەکەم ژنان کە لە ڕادیۆی یەریڤان کاریان کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئامادەیییەکی بەرچاوی کولتووری لە بازنەکانی میدیا و ئەدەبیدا هەبێت.

 

ژیانی سەرەتایی و پیشەکەی

سیما سەمەند لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی سینکەر لە ناوچەی ئەخبەر لە ئەرمینیا لە خێزانێکی ناسراو لە مێژووی ئێزدییەکان لەدایک بووە. کچی نووسەر و ڕۆشنبیری بەناوبانگ سەمەند سیاماندۆڤ ”سەمەند عەلی” بوو، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر داڕشتنی هۆشیاری کولتوورییەکەی.

 

تەمەنی منداڵی لە گوندەکەدا بەسەر بردووە، لەوێ گەورە بووە بە بیستنی چیرۆکی خێزانەکەی و گێڕانەوەی ئەو جینۆساید و ئاوارەبوونەی کە ئێزدییەکان تووشی بوون، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کەسایەتی و گەشەسەندنی ئەدەبی هەبووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، ناوی خۆی لە زانکۆی دەوڵەتی یەریڤان بۆ خوێندنی زمانەکان تۆمارکرد، لە ساڵی ١٩٥٨ دەرچووە، دواتر لە ڕادیۆی یەریڤان دەستی بە کارەکانی کردووە، لەوێ بۆ چەندین ساڵ وەک سەرنوسەر و سەرۆکی بەشی ئەدەبی کاری کردووە.

 

سیما سەمەند سەر بە خێڵی ”ریژکی” بووە و لەگەڵ زانای بەناوبانگ کارلین چاچان هاوسەرگیری کردووە، پێکەوە دووانەیەکی کولتووری دیاریان پێکهێنا، هەروەها خێزانەکەی پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ نووسەر ئارام چاچان هەبووە.

 

کاری ئەدەبی و میدیایی

سیما سەمەند بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕادیۆی یەریڤاندا گێڕا و بەرنامەی ئەدەبی و گفتوگۆی کولتووری پێشکەش دەکرد، بەشداری لە پەرەپێدانی بەشی ئەدەبیدا کرد، سەر بە نەوەی دووەمی نووسەرانی کورد لە یەکێتی سۆڤیەت و بە چاوی خۆی شاهیدی بەرهەمی گەورەکاندا ئەدەبی وەک فریقۆ ئۆسێف و سیسی ئیبۆ بووە.

 

سیما سەمەند لەسەر فۆلکلۆر و زمانەوانی و لێکۆڵینەوەی کولتووری نووسیویەتی و زۆرێک لە بابەتەکانی لە ڕۆژنامەی "ریا تەزە"دا بڵاودەکرانەوە، لە کاتێکدا کارەکانی زۆرجار لە ڕادیۆوە پەخش دەکران، چەندین بەرهەمی خەیاڵی و شیعر و ئەدەبی فێمینیستی نووسیوە و خۆی وەک یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ژن لە ئەدەبی کوردیدا جێگیر کردووە.

 

ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە ئەدەبیاتی فێمینیستی کوردیدا

بە درێژایی مێژوو ژنانی کورد بە هۆی کۆت و بەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، لە چوونە ناو بواری ئەدەبیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بوونەتەوە، بەڵام سیما سەمەد ئەو بەربەستانەی شکاند و زەمینەی بۆ نووسین و خوڵقاندنی ژنانی کورد خۆش کرد.

 

هەر لە سەرەتاوە دەیزانی ڕێگاکە قورسە، چونکە کۆمەڵگەی پیاوسالاری باو لەو کاتەدا بەربەستێکی بەرچاوی لەبەردەم بەشداری ژنان لە ژیانی گشتی و کایەی کولتووریدا دروست دەکرد، سەرەڕای ئەوەش توانی بوونی خۆی جێگیر بکات و بناغەی سەردەمێکی نوێ لە ئەدەبیاتی فێمینیستی کوردیدا دابنێت، ببێتە نمونەیەک.

 

سیما سەمەد لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراسێکی دەوڵەمەندی ئەدەبی لە دوای خۆی بەجێهێشت کە تا ئێستاش دەنگدانەوەی هەیە.

 

دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

- غەزەل: کۆمەڵە چیرۆکێکە لە سێ کورتە چیرۆک، وەرگێڕدراوە بۆ چەند زمانێک، لە ساڵی ١٩٦٠ نووسراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦١ چاپ کراوە.

- تەمیا عەسکەر

- جومان

- جەستەمان

- شایان

- ژن و هونەر

 

جگە لەم بەرهەمانە، سیما سەمەد چەندین پەرتوک و توێژینەوە و بابەتی بڵاوکردۆتەوە، کە هەندێکیان تا ئێستا چاپنەکراون و هەندێکیشیان بە زمانەکانی ئەرمەنی و ڕووسی نووسراون و تا ئێستا وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی.