ڤیان جاف بووە بوورکانێک بەرامبەر دوژمنانی ئازادی ژن و گەلی کوردستان

 ڤیان سۆران، یاخود ڤیان جاف لە پەیامێکیدا دەڵێت: بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی مەزنیش بەڕێوە ببرێت، لەبەردەم تێکۆشەردا هیچ شتێک نییە بە ناوی ئەستەم و ڕێگری.

سلێمانی

 

لەیلا والی حسێ، ناسراو بە ڤیان جاف یاخود ڤیان سۆران، هەندێک جاریش بە ڤیان کاروخ ناوی دەهێنرێت، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی خەبات چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، هەر لە شاری سلێمانی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە هەرە دیار و زیرەکانی قوتابخانەکەی و هەمیشە بووەتە نموونە لەناو هاوڕێکانیدا و هەموو ساڵێک لە یەکەمەکانی خوێندنگەکەی بووە.

 

ڤیان جاف هەر لە تەمەنی منداڵییەوە درکی بە سستەم و زوڵمی کۆمەڵایەتی کردووە و لای پەسەند نەبووە، ئەمەش وای لێکردووە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە کۆنەپەرستییە ببێتەوە کە ژنی کۆت و بێ ئیرادە کردووە، خوێندن و سەرکەوتنەکانی لە خوێندنگە بۆ ڤیان جاف ناتوانێت خەیاڵ و خەونەکانی بۆ ئازادی دەستەبەر بکات، ئیدی لە میانەی لێگەڕینە قوڵەکانی بۆ تروسکاییەکانی ئازادی لە بەهاری ساڵی ١٩٩٧دا دەستبەرداری خوێندن دەبێت و دەستدەکات بە پەروەردەی هزری و خەونە ئازادی بەخشەکانی و ڕوو لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی دەکات .

 

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، لە میانی خۆپەروەردە کردنیدا درک بە ڕاستینەی کۆمەڵگەی پاوسالار و کەسێتی ژن دەکات و وزە و تواناکانی زیاتر دەردەکەوێت، بە جۆش و خڕۆشێکی قوڵەوە بەشداری پەروەردەی ژنان و چالاکییەکانی ژنان لەناو بزوتنەوەی ئازادیخوازیدا دەبێت، هەر لە سەرەتای دەستپێکی بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە پێداگری خۆی لە گۆڕەپانی شەڕ وەک یەکەمین هەنگاوی تێکۆشانی شۆڕشگێرانە هەڵدەبژێرێت و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت، لە چەندین چالاکیشدا بەرەنگاری دوژمن دەبێتەوە.

 

ڤیان جاف بەهۆی ئەوەی کە شۆڕشگێڕێکی زیرەک و لێها‌توو بووە، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧دا لەلایەن هەڤاڵانییەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ بینینی پەروەردە لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی لە دۆڵی بیقاع لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە.

 

ڤیان جاف لە سەرجەم نووسینەکانیدا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە پەیامی هەبێت، پێی وابوو پێویستە دیوار لە نێوان کرداری تیۆری و پراکتیکیدا دروست نەکرێت و کەسێتییەکی پێشەنگ بوو، ئەوەی لێی تێدەگەیشت لە پراکتیکیشدا بەرجەستەی دەکرد، هەوڵیداوە ببێتە نمونەی ژنێکی کوردی ئازاد و بە جەرگ و چاو نەترس بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی لە ژنی کورد بە تایبەتی و تەواوی گەلی کوردستان بە گشتی دەکرێت، هەڵوێستی خۆی هەبووە و بە گیانێکی تێكۆشەرانەوە ڕووبەڕووی ستەم بووەتەوە.

 

نامەی ڤیان جاف بۆ خێزانەکەی

ڤیان جاف بەر لە چالاکییە گیان فیداییەکەی نامەیەک بۆ خێزانەکەی دەنووسێت و تیایدا دەنووسێت؛

"بۆ بنەماڵەی خۆشەویستم

پێشەکی سڵاوو رێزم هەیە بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو خزمان و دۆستانم، چاوی یەکە بە یەکەتان ماچ دەکەم و هیوای لەش ساغی و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم.

 

ئازیزان، نزیکی ١٠ ساڵە بەهۆی هەلومەرجی تێکۆشان و هەندێکیش عاجز بوونم لە ئێوە نامەم بۆ نەناردن، سەرەتا کە بەشداری شۆڕشی ڕزگاری گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی ژنی کورد بووم بە ڕێبەرایەتی پەکەکە و سەرۆک ئاپۆ، زۆر لەیەکتر تێنەگەیشتین، بۆیە تۆزێک یەکترمان عاجز کرد، بەڵام لە دوای ١٠ ساڵ هیوادارم ئیدی تێبگەن و واتا بدەن بهو رێبازەی کە من و بە هەزاران کوڕ و کچی گەنجی هەر چوار پارچەی کوردستان تیایدا رەنج و تێکۆشان دەدەن، ئێوە ئیدی بتانەوێت‌ و نەتانەوێت‌، بنەماڵە و خانەوادەیەکی شۆڕشن و ئەوەتان لێ نایە کە دەرگای خۆتان و دڵی خۆتان بەڕووی هەڤاڵان و ئهو فیکر و ئامانجەدا بگرن، کە کچەکەتان و بە ملیۆنان ئینسان ئاشقیەتی، ئێوە کەسانێکن کە خاوەن رێز و پله و پایەیەکی کۆمەڵایەتین و کوردێکن کە لە مێژووەکەتاندا هەڵەبجە و ئەنفال و قوربانیدان شاهیدی بۆ هەڵوێستی نیشتمانپەروەریتان دەدات، ئێمە گەلێکین کە فەلسەفەی تێکۆشانمان لەسەر راستینەی شێر شێرە چ ژنە چ مێرە ئاوا بووە، بۆیە ئیدی هەبوونی ژن لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیدا وەکو ئینسانێک بە عەیب و لەکەدارکردنی نامووس مەزانن، ئیدی داوای پێوان و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگە مەکەن و دانبنێن بە هەبوونی ژندا وەک مرۆڤێک، چونکە دانپێدانانی بە مرۆڤبوون و بە ئیرادەبوونی ژن، واتای بە مرۆڤبوونی گەل و کۆمەڵگەیە، ئەگەرنا ئەوا لە ژیاندا هەر نیمچە دەبن".

 

ڤیان سۆران هەمیشە وەک بوورکانێک بوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی ئازادی ژن و گەلی کورد، فەرماندەی یەژاستار ڤیان سۆران (لەیلا والی حەسەن) لە شەوی ١/٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا، بە بڕیاربوون، ئیرادە، ورەی تێکۆشان، ئەوینداری بۆ ئازادیی وەک میراتێک بۆ هەموو ژنان بە جێهێشت.