پێترا هێرێرا... فەرماندەیەک کە سەرپێچی لە جیاکاری کرد و سوپای دروست کرد

پێترا هێرێرا وەک سیمبولی بەرخۆدانی ژنان لە شۆڕشی مەکسیکدا سەریهەڵدا، دوای ساڵانێک لە شەڕکردن بە ناوی ساختەی پێدرۆ هێرێرا، ڕەتکردنەوەی ئەو پلە و پایەیەی کە شایەنی بوو، یەکەیەکی شەڕکەری تەواوی ژنانی دامەزراند، کارەساتێکی بێ وێنەی لە مێژووی شۆڕشدا بەدەستهێنا

ناوەندی هەواڵ

پێترا هێرێرا نموونەیەکی ناوازەی ئازایەتی ژنانی لە شۆڕشی مەکسیکدا خستەڕوو، لە ژێر ناسنامەی پیاودا خەباتی کرد، ئۆپەراسیۆنی ستراتیژی بەرچاوی ئەنجامدا، سەرکردایەتی سەدان چەکداری ژنی کرد، یەکەیەکی سەربەخۆی ژنانی دامەزراند، توانای ژنانی نیشاندا بۆ سەرکردایەتیکردنی شەڕەکان و تۆمارکردنی مێژوو.

 

پێترا هێرێرا وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی ژنانی شۆڕشی مەکسیک دەرکەوت، بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی هەڵاواردنی توندی ژنان لەو کاتەدا ناچار بوو ناسنامەیەکی پیاوانە بە ناوی "پێدرۆ هێرێرا" وەربگرێت، بەهۆی بوێری و لێهاتوویی سەربازییەوە، بە خێرایی بوو بە کەسایەتییەکی دیار لە هێڵی پێشەوە.

 

پێترا هێرێرا لە ”سۆڵدادێراس”دا خزمەتێکی زۆری کردووە، یەکەکانی شەڕکەر بوون کە سەرجەمیان ژن بوون لە سەردەمی شۆڕشدا، بە توانا سەرنجڕاکێشەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئاڵۆزەکان خۆی جیاکردەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە ئەرکە ستراتیژییەکانی وەک تەقاندنەوەی پردەکان و سەرکردایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵێک سەرباز لە بەرەکانی شەڕدا، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە سیمبولی بەرخۆدانی ژنان لەو سەردەمەدا.

 

پشتگوێخستنی ناسنامەی ئەو وەک ژن

 

پێترا هێرێرا کە دواتر ناسنامەی خۆی ئاشکرا کرد، لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٤ بەشداری لە شەڕی دووەمی تۆریۆن کرد و سەرکردایەتی یەکەیەکی نزیکەی ٤٠٠ ژنە شەڕکەری کرد، ئەدای ئەو لەم شەڕەدا وەک کەسایەتییەکی دیاری لە شۆڕشدا جێگیر کرد.

 

بەڵام سەرکەوتنەکانی لە سەنگەرەکانی جەنگدا، نەگۆڕدرا بۆ ئەو پیشە سەربازییەی کە هیوای بۆ دەخواست، دەوترێت پانچۆ ڤیلا، یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕش، نەیویستووە ئەو سەرکەوتنە بگەڕێنرێتەوە بۆ فەرماندەیەکی ژن و هەر بۆیەش ڕەتیکردووەتەوە پێترا هێرێرا بەرزبکاتەوە بۆ پلەی جەنەڕاڵ.

 

دوابەدوای ئەم بڕیارە، پێترا هێرێرا کە لە سوپای پانچۆ ڤیلا جیا بووبووەوە، بڕیاریدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ درێژە بە خەباتی خۆی بدات و یەکەیەکی سەربازیی خۆی پێکبهێنێت کە سەرجەمیان ژن بوون. پێترا هێرێرا جێگەی خۆی لە مێژوودا مسۆگەر کرد وەک یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکان کە سەلماندی ژنان دەتوانن لە پێشەنگی شۆڕشی مەکسیکدا بن.