"پسر- مادر"... فیلمێک کە ڕاستی سەختەکانی هەژاری و دەسەڵاتی ستەمکارانەی نەریت بەسەر ژیانی ژنانی کرێکاردا ئاشکرا دەکات
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە هەژاری لەگەڵ دەسەڵاتی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتیدا تێکەڵ بووە و هەڵبژاردنەکانی ژنان لە کەشی تەسکدا قەتیس کراون کە بە ترس و خەبات بۆ مانەوە پێناسە دەکرێن، فیلمی "پسر- مادر" "کوڕ-دایک" ڕەنگدانەوەی توندی ڕاست چینی کرێکار پێشکەش دەکات.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی "پسر- مادر" "کوڕ-دایک" لە ساڵی ٢٠١٧دا بوێرانە یاری نێوان چەوساندنەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاشکرا دەکات، هەروەها چۆن نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هێزێک کە چارەنووسی ژنان کۆنترۆڵ دەکات و نادادپەروەری لەناو چینی کرێکاردا بەردەوام دەکات.
لەیلا، ژنێکی گەنجە، دوای مردنی هاوژینەکەی ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و بێ لێبوردن دەبێتەوە، تاکە بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی ئەمیر عەلی کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵ و کچە بچووکەکەی لە ئەستۆدایە، ئەو لە کارگەیەکدا کاردەکات بە کرێیەکی کەم کە بەزەحمەت بەردەوامی دەدات و بە کردەوە هیچ ئاسایشێکی کارەکەی نییە، مانەوەی خۆی و منداڵەکانی دەبێتە موعجیزەیەکی ڕۆژانە.
هەر لەو کارگەیەدا کازم، شۆفێری پاسێک کە هاوژینەکەی لەدەستداوە، پێشنیاری هاوسەرگیری دەکات. پێشنیارەکەی مەرجێکی توندی لەگەڵدایە: کوڕەکەی ئەمیر عەلی ناتوانێت لەگەڵیان بژی، ئەو بە ئاماژەدان بە خەڵک بیر لە چی دەکەنەوە و بوونی کچەکەی لە ماڵەکەدا پاساو دەداتەوە، وەک ئەوەی کۆمەڵگە مافی ئەوەی هەبێت دەستوەردان بکاتە سەر ژیانی خەڵک و مەرجەکانی خۆی بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنێت.
لەیلا کە هەڕەشەی دەرکردنی لە کارەکەی لەسەرە، خۆی لە مەیدانێکی بێبەزەییدا دەبینێتەوە، کە قبوڵکردنی هاوسەرگیری واتە پاراستنی کەمێک سەقامگیری بۆ خۆی و کچەکەی، بەڵام بە واتای قوربانیدانی کوڕەکەیە، ڕەتکردنەوە واتە کەوتنە ناو هەژارییەکی گەورەوە کە ئەو و منداڵەکانی دەگرێتەوە، لە کۆتاییدا هاوسەرگیری هەڵدەبژێرێت، بڕیارێک کە جیهانی ئەمیرالی تا ناوەڕۆکی خۆی دەهەژێنێت.
"پسر- مادر" "کوڕ-دایک”، یەکەم فیلمی درێژی دەرهێنەر مەهناز محەمەدی، تەنا چیرۆکێکی خێازنی نییە، بە توندی ڕاستی چینی کرێکار و ژنانی بێهاوژین لە کۆمەڵگەیەکدا ئاشکرا دەکات کە کار دەبێتە ئامرازی مانەوە نەک ڕزگاری، لەیلا تەنها ژنێکی خەباتکار نییە، بەڵکو ئەو کرێکارێکە کە بەهۆی هەژارییەوە گیری خواردووە و هەموو بڕیارێک کە دەیدات دیکتە دەکات.
ئەو دووڕیانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەڵبژاردنی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پێکهاتەیەکی ئابووری-کۆمەڵایەتییە کە بە توندی کۆنترۆڵی چارەنووسی مرۆڤەکان دەکات. لەیلا لە نێوان داڕمانی ئابووریدا گیرۆدە دەبێت کە هەڕەشە لە خودی بوونی خۆی دەکات و داڕمانێکی سۆزداری کە مەترسی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کوڕەکەیدا دروست دەکات ئەم ئەزموونە بەدەر نییە، بەڵکو ڕاستیەک کە زۆرێک لە ژنانی چینی کرێکار دەژین کە ڕۆژانە لە ژێر قورسایی بارودۆخی ژیان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان وەستاون.
فیلمەکە ئاشکرای دەکات کە چۆن داب و نەریتەکان دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ ئامرازی ستەمکردن کە یاسا توندتر نەبێت، هەروەها ئەوەی خەڵک دەیڵێن دەبێتە دەسەڵاتێک کە کۆنترۆڵی جەستەی ژن و هەڵبژاردنەکانی و داهاتووی دەکات.
لە هەمان کاتدا، فیلمەکە وێنەیەکی وردی شێوازەکانی نادادپەروەری بەیەکەوە گرێدراو دەکێشێت. لەیلا هەم وەک ژن و هەم وەک کرێکارێک چەوساوەتەوە. ئەو کرێکارانەی کە بەهەمان شێوە تووشی ئازاردان دەبن، لە ژێر فشاردا دەبنە بەشێک لە هەمان سیستەمی چەوساندنەوە، بەم شێوەیە فیلمەکە ئەوە ئاشکرا دەکات کە نادادپەروەری هێڵکاری نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزە کە لە چوارچێوەی چین و پەیوەندی و پێکهاتە کولتوورییەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە.
لە کۆتاییدا "پسر- مادر" "کوڕ-دایک" پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو، کاتێک مرۆڤێک لە هەڵبژاردنی ڕاستەقینە بێبەش دەبێت، ئایا دەکرێت بەرپرسیار بێت لەو بڕیارە دڵتەزێنانەی کە ناچارە بیدات؟ یان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەو سیستەمەدایە کە ئەم هەڵبژاردنانە دروست دەکات و سنووردار دەکات تا نەمێنن؟
لە ماوەی هەفتەی کرێکاراندا فیلمەکە ڕەهەندێکی زیادە وەردەگرێت، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە کارکردن کاتێک لەناو پێکهاتە نادادپەروەرەکاندا پراکتیزە دەکرێت، دەتوانێت لە سەرچاوەیەکی ئاسایشەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی لاوازی، خەڵک پاڵ بنێتە ناو زنجیرەیەک هەڵبژاردنی هەڵنەهاتوو و زۆرەملێ.