ڕۆمانی ”دایک” لەسەر شۆڕش و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی

ڕۆمانی ”دایک”ی ماکسیم گۆرکی، بێجگە لە گێڕانەوەی خەباتی کرێکارانی ڕووسیا لە دژی زۆرداری و دەسەڵاتداری، بەسەرهاتی گۆڕانی ژنێکی چەوساوە دەگێڕێتەوە کە لە ترسەوە دەیگوازێتەوە بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆمانی ”دایک”ی ماکسیم گۆرکی، نووسەری ڕووسی کە لە ساڵی ١٩٠٦دا لە سەردەمی کۆچبەریی خۆیدا نووسیویەتی، یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی ڕاستی کۆمەڵگە، ڕۆمانەکە خەباتی کرێکارانی ڕووسیا لە دژی دەسەڵاتداری و سیستەمی سەرمایەداری دەگێڕێتەوە، بە تایبەتیش لە ڕێگەی ژنێکەوە کە ژیانی ژێردەستەی قبووڵ ناکات و بەرەو خەباتی ئازادی هەنگاو دەنێت، ئەم هەڵوێستە نادادپەروەری قبووڵنەکردن و خەباتکردنەی، هۆشیاری و تێگەیشتنی دەریدەخات

 

لە ژیانی ژێردەستییەوە بەرەو خەبات

پەلاگەیا لەگەڵ هاوژینەکەی و پاڤێلی کوڕیدا لە شارۆچکەیەکی کرێکاریدا دەژێت، خەڵکی شارۆچکەکە لە ناو هەژاری و بێهیواییدا دەژین. لەوێ عەرەق و توندوتیژی بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی خێزانەکان، پەلاگەیا کە هر ڕۆژ لە ژێر توندوتیژی هاوژیبەکەیدا دەژێت، لە بەرامبەر ئەم زۆردارییەی لێی دەکرێت بێدەنگ دەمێنێتەوە و ژیانی خۆی وەک چارەنووسێک کە دەستکاری نەکڕێت قبووڵ دەکات و بەو شێوەیە دەژێت.

 

پاش ئەوەی هاوژینەکەی دەمرێت، پاڤێلی کوڕیشی بۆ ماوەیەک بە هەمان شێوە دەژێت، بەڵام لە عەرەق دوور دەکەوێتەوە و دەست بە خوێندنەوە دەکات، لەگەڵ ئەو گەنجانەی خاوەن بیری ئازادین هاوڕێیەتی دروست دەکات و لەسەر مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی گفتوگۆ دەکەن.

 

لە سەرەتادا پەلاگەیا زۆر دەترسێت لەم گفتوگۆیانەی کە کوڕەکەی بەشدارییان تێدا دەکات، بەڵام بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی گەنجان و گوێبیستبوونی بیرۆکەکانیان، تێڕوانینەکانی دەگۆڕێن، ئەو هێدی هێدی ئەم گەنجانە دەناسێت، پشتگیرییان دەکات و دەست بە یارمەتیدانیان دەکات.

 

لە دایکایەتییەوە بەرەو چالاکوانبوون

کاتێک ئەندرێی هاوڕێی کوڕەکەی لەگەڵیاندا دەژی، پەیوەندیی پەلاگەیا لەگەڵ گەنجەکاندا زیاتر پتەو دەبێت، لە هەمان کاتدا، بیرۆکە سۆسیالیستییەکان لەناو کرێکارانی کارگەکەدا بڵاودەبنەوە. پاڤێل، کە لە دژی نادادپەروەرییەکانی شوێنی کارەکەشی دەوەستێتەوە، دەستگیر دەکرێت. پەلاگەیا لە شوێنی کوڕەکەی دەست بە دابەشکردنی بڵاوکراوەکان دەکات و ئیتر ئەویش دەبێتە چالاکوانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەو ئیتر تەنها دایکی پاڤێل نییە، بەڵکو بۆ هەموو هاوڕێکانیشی دەبێتە دایکێک کە پشتگیریی لە بیرۆکەکانیان دەکات.

 

پاش ئەوەی کوڕەکەی لە زیندان دەردەچێت، دیسانەوە دەبێتە یەکێک لە ڕێبەرەکانی بزووتنەوەکە، لە ڕێپێوانی ١ی ئایاردا ئاڵای کرێکاران هەڵدگرێت و لە پێشیانەوە دەڕوات، پاش ئەم ڕێپێوانە، بەهۆی بەشداریکردنی لەم ڕێپێوانەدا دیسانەوە ئەو و زۆرێک لە هاوڕێکانی تری بە یەکەوە دەستگیر دەکرێن، لەو کاتەی کە پاڤێل لە زیندانە، پەلاگەیا فێری خوێندن و نووسین دەبێت، ئەو بڵاوکراوە و پەرتوکەکان لەسەر بیرۆکە سۆسیالیستییەکان دەگەیەنێتە گوندنشینان، خاوەندارێتی لەم بیرۆکە ئازادیخوازانەیە دەکات و بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە بڵاو ببێتەوە، بڕێک تێدەکۆشێت. کارەکانی پەیوەست بەو بزووتنەوەیە بە خۆی ئەنجام دەدات. بە بەشداریی ئەو، ئەو بزووتنەوەیەی کە لەناو کرێکاری کارگەکاندا دەستی پێکردبوو، زیاتر گەورە دەبێت.

 

بەرخودانی دایک

لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا پاڤێل و هاوڕێکانی، بێ ئەوەی پارێزەر بیانپارێزێت، خۆیان دەپارێزن. ئەو و هاوڕێکانی لە بەرامبەر دادگادا لەسەر مافەکانی مرۆڤ، قۆرخکاریی کرێکاران و نادادپەروەری دەدوێن. بەڵام دادگا ئەوان دەنێرێتە دوورخستنەوە.

 

پەلاگەیا تا ڕادەیەک بەم بڕیارە خەمبار دەبێت، بەڵام بە هەڵوێست و ڕاوەستانەی کوڕەکەی و هاوڕێکانیشی زۆر سەربەرز دەبێت، ئەو باوەڕی وابووە کە قسەکانی کوڕەکەی دەتوانن بگەنە دەستی زۆر لە مرۆڤەکان و هۆشیاریی کۆمەڵگە زیاتر ببێت.

 

لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، کاتێک پەلاگەیا دەیەوێت ئەو بڵاوکراوانە بڵاو بکاتەوە کە وتەکانی کوڕەکەی تێیدا باسكراون، دەستگیر دەکرێت. ئەو جانتاکەی دەكاتەوە و کاغەزەکان فڕێ دەداتە هەواوە. بڵاوکراوەکان لە دەستی کەسێکەوە دەچنە دەستی کەسێکی ترەوە، سەرەڕای ئەوەی لێی دەدەن، دەستبەردار نابێت لە وتنی ئەو ڕاستییانەی کە باوەڕی پێیان هەیە، سەرەڕای لێدانەکەش، هەڵوێستێکی بێترس نیشان دەدات.

 

ڕۆڵی ژن لە تێکۆشان پێناوی ئازادی و یەکسانیدا

ڕۆمانی ”دایک”، ڕۆڵی ژن لە تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانیدا دەخاتە ڕوو، گۆڕانی پەلاگەیا لە ژنێک کە ترسی هەیە بۆ ئەو ژیانەی دەژی و ئەو لێدانەی ڕۆژانە لە هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی دەبووەوە وەک چارەنووسێک قبووڵی دەکات، بەرەو کەسایەتییەکی بوێر، ئەوە نیشان دەدات کە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی وا دەکات کە هەموو ژنێک بتوانێت بەرەو بیری ئازاد هەنگاو بنێت و ئەو کەسایەتییە هەڵنوەشێنێتەوە کە سەرمایەداری لە مێشکی ژندا وەک چارەنووسێک دروستی کردووە.