کۆڕی "ئامالگامەیشن" لە قوبرس.. کاتێک کولتوورەکان لە دەنگی ژناندا بەیەک دەگەن
کۆڕی ژنانی "ئامالگامەیشن" لە قوبرس، ژنانێک لە پاشخانی کولتووریی جیاوازەوە کۆدەکاتەوە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی گۆرانییە نەریتییەکان بە دەنگی خۆیان و بەبێ بەکارهێنانی ئامێری مۆسیقا، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئاوازە کەلەپوورییەکان و هارمۆنییە هاوچەرخەکان.
ناوەندی هەواڵ
لە قوبرس، ژنانێک لە پاشخانی کولتووریی جیاوازەوە کۆدەبنەوە بۆ دووبارە پێشکەشکردنەوەی مۆسیقای کولتوورە جیاوازەکان بە دەنگی تایبەتی خۆیان، بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێکی مۆسیقا، کۆڕی "ئامالگامەیشن” تەنها پشت بە هێزی دەنگی مرۆڤ دەبەستێت، مۆسیقای نەریتی لەگەڵ ڕێکخستنە هاوچەرخەکان تێکەڵ دەکات و ئەزموونێکی مۆسیقی ناوازە بە گوێگرانی دەبەخشێت.
کۆڕەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن ڤاسیلیكی ئاناستاسیۆ، هونەرمەند و ڕێبەری کۆڕی قوبرسیوە دامەزراوە، کە تەواوی ئەندامانی گروپەکە ژنن، ئەندامنی گروپەکە پێکهاتون لە نەوە جیاوازەکان و پاشخانە کولتوورییە جۆراوجۆرەکانن، لە هەمان کاتدا ڤاسیلیكی ئاناستاسیۆ ئەرکی بەڕێوەبردنی هونەری و ڕێبەرییکردنی کۆڕەکەشی لەئەستۆگرتووە.
ئاوازە نەریتییەکان بە دەنگی ژنان دووبارە زیندوو دەبنەوە
کۆڕی ئامالگامەیشن (Amalgamation Choir) بەرهەمەکانی لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە نەریتییەکان، ئاوازە کولتوورییە جیاوازەکان، لەگەڵ دانراوە مۆسیقاییە ڕەسەنەکانەوە وەردەگرێت، بەڵام ڕۆڵی کۆڕەکە تەنها لە ڕاپەڕاندن و وتنی ئەم بەرهەمانەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ داڕشتنەوەی هونەرییان لە ڕێگەی دابەشکردنی فرەدەنگی (پۆلیفۆنی)، هارمۆنیی هاوچەرخ و تێڕوانینی مۆسیقایی نوێبووەوە کە کارەکتەری جیاواز بە گۆرانییەکان دەبەخشێت.
ئەندامانی کۆڕەکە شێوازی گۆرانیوتنی ناسراو بە "ئاکاپێلا" (A cappella) پەیڕەو دەکەن، کە ئەدایەکی گۆرانیوتنی بێ ئامێری مۆسیقایە و تەنها پشت بە دەنگی مرۆڤ دەبەستێت بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی مۆسیقایی فرەچەمک و لەم شێوازەدا، ژنان هەندێک جار دەنگی خۆیان وەک ئامێری مۆسیقا بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی پێکەوە هارمۆنییەکی دەوڵەمەند و تەواوکار دروستبکەن.
چەندین کولتوور لە یەک دەنگدا کۆدەبنەوە
ئەوەی کۆڕی ئامالگامەیشن (Amalgamation Choir) جیا دەکاتەوە تەنها شێوازە مۆسیقاییەکەی نییە، بەڵکو لە کۆکردنەوەی ژنان لە دەوری ئەزموونێکی داهێنەرانەی هاوبەش بەرجەستە دەبێت، ژنانێک لە نەوە و پاشخانە کولتوورییە جیاوازەکان دەنگی خۆیان یەکدەخەن، تاوەکو هەر یەکێکیان ببێتە بەشێک لە چیرۆکێکی مۆسیقایی بەکۆمەڵ.
لە ڕێگەی بەیەکگەیشتنی دەنگە جیاوازەکان لە یەک ئاوازدا، کۆڕەکە سەردەکەوێت لە بەستنەوەی گۆرانییەکانی ڕابردوو بە گەلی ئەمڕۆوە، لە هەمان کاتدا پردی پەیوەندی لە نێوان کولتوورەکاندا دەکاتەوە و جەخت لەسەر توانای مۆسیقا دەکاتەوە لە تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و دروستکردنی کەشێکی هاوبەش کە خەڵکی پێکەوە کۆبکاتەوە.