خەجە باوە بە هەلهەلە دەستی بە ڕاپەرین کردو بووە سیمبولی تێکۆشان
لەڕاپەرینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان بەرامبەر ڕژێمی بەعس، ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان بینی و خەجە باوە یەکێکە لەو ژنانەی لەگەڵ باسکردنی ڕاپەریندا ناوی وەک سیمبولی خاوەن ئیرادەو تێکۆشان دێتەوە یاد.

ناوەندی هەواڵ
لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ کە لە باشووری کوردستان لە شاری ڕانیەوە لە ڕۆژی ٥ی ئادار بەرامبەر ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد و تەواوی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە، ژنانیش ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕەتکردنەوەی ئەو ڕژێمەسەرکوتکەرەدا هەبوو، پێشەنگایەتی ڕاپەڕینیان کردووە، لە ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١ لە شاری هەولێر ڕاپەرین دەستیپێکرد، ژنێک بەناوی "خەجە باوە" پێشەنگایەتی ڕاپەڕینی هەولێری کردو بووە یەکەم شەهیدی ژن و سمبولی بەرخۆدان و تێکۆشان.
خەجە باوە، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی "مەلا قەرە"ی دەشتی ھەولێر لەدایک بووە، بووەتە دایکی ٧ منداڵ، ژنێکی چاونەترس و بوێر و پێشەنگ بووە، لە ساڵی ١٩٦٢ـدا پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە ڕۆڵێکی چالاکی گێڕاوە، لەناو شاریشدا ھاوکاریی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی کردووە، ساڵی ١٩٦٨، دوو لە پێشمەرگەکانی ئەیلوول لە دەشتی شەمامک بریندار دەبن و یەکێکیان برینەکەی سەخت دەبێت، خەجە باوە چەند ڕۆژێک لە ماڵی خۆیان دایدەنێت و تیماری دەکات تا تەندروستی باش دەبێت، چەندین جاریش چەک و پێداویستی گەیاندووەتە پێشمەرگە.
بووە یەکەم شەهیدی ژنی ڕاپەرین
ڕۆژی ١٠ی ئاداری ١٩٩١ برایەکی خەجە باوە شەهید دەبێت و هەمووان لە پرسەدا دەبن خەجە باوە پرسەی براکەی جێدێڵێت و دەڕوات، دوای چەند کاتژمێرێک دێتەوە و داوا لە ژنانی ناو پرسەکە دەکات جلی ڕەش فڕێبدەن و جلی ئاڵ و واڵا بپۆشن، ڕۆژی ١١ی ئادار، خەجە باوە هەر زوو خۆی ئامادە دەکات و پەڕۆ لەنێوچەوانی دەبەستێت و بە ھەلھەلە و چەپڵەلێدان خەڵکی گەڕەکی لە خەو ھەستاندووە و هەنگاوەکانی ڕاپەرینی دەستپێکردووە، جاشەکان لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری بۆ ئەوەی ڕێگای لێ بگرن، تەقەی لێ دەکەن و گوللەیەک بەر دەستی دەکەوێت و بریندار دەبێت بەڵام ئەوە خەجە باوە ناوەستێنێت و بەردەوام دەبێت لەگەڵ جەماوەری ئەو شارە ھێرش دەکەنە سەر جاشەکان و چەکیان دەکەن، بە کاریگەری ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بەشێکی زۆر لە جاش و سەربازانی بەعس دێنە ڕیزی جەماوەرەوە، ئیدی خەجە باوە بەپێش دەکەوێت و لە دواشیەوە ئاپۆڕایەک خەڵکی تووڕە بە گەڕەکی سێتاقاندا دەڕۆن، تا لای مەنزومە و بینای پارێزگای ھەولێر دەچن، پێش ئەوەی شەھید بکرێت، دەستی بە خوێنی بەعسییەکان خوێناوی دەکات و بە دیواردا دەهێنێت و بە دروشمی "ئەوە خوێنی بەعسییەکانە" پێشڕەوی دەکات و هێندەیتر گوڕ بە ڕاپەڕین و جەماوەر دەدات، ئەمەش بەعسییەکان توڕە دەکات و هەر لەوێدا بە ئامانجی دەگرن و شەهیدی دەکەن.