هۆنراوەی ئەمڕۆ: شیعرییەت لەدێڕەکاندا

شیعرییەت لەدێڕەکانا

(١)

سێبەرەکان دەزانن هاوین چەند گەرمە

کەچی ڕقیان لەکاسکێت هەڵنەگرت!!

(٢)

ئەوە کەوشەکانن، ڕێگا دەبینن چەند کەندولەندن

کەچی گازندەیەک ناگەیەنن!

(٣)

دەستەکان هۆشیارن لەقفڵدا،کەچی ڕۆژێک

دەرگای هیلاکییان کلۆم نەدا

(٤)

جۆگەلە دەزانێ قەوزە چەند هاروهاجە،

کەچی قسەیەکی چەقۆی لێنەدا

(٥)

درەختەکان سەریان دەخورێ بەهێلانە،

کەچی گەڵا نەبووە سیخوڕ لەڕێگەی ڕاوا

(٦)

کێڵگەکان داهۆڵ دەناسن چەند تەقلیدن،

کەچی ڕۆژێک ڕاپۆرتیان لێ نەدا

(٧)

ئەوە تاری تاریکییە هەڵدەچێت،لەشەوەزەنگا کەچی

لەدەماری ڕووناکییا توڕەبوونێک نەڕوا

(٨)

ئەزموونی دڕک بۆ باخ پاسەوان و پەرژینە،

بۆیە گوڵ ناسکی خۆی درکاند لەگەڵ دڕکا !!!

(٩)

ڕەشەبا سێو بەسنگی دارەوە ،بەرئەداتەوە

ئەوە سوچی پێگەشنتە،نەک بەهانەی ڕەشەبا

(١٠)

دارچنار فوارەی (با) لەسەریا پیر بووە،

کەچی لقەکانی دەڵێن ئەوە پرچی ئاوە نەنووستووە !!!

 

ئەم دێرە هۆنراوانە لە نووسینی هۆنەر ڕۆژ هەڵەبجەییە، کە لە کتێبی چاپکراوی حەوتەمدا بە ناوی "دێڕێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە" هەن.