هێمایەک کە دوو جیهانی جیاوازی یەکخستبوو: هێدی لامار

ئەستێرەی پێشووی هۆلیوود هێدی لامار، هەرچەندە بە جوانی ناسراوە، بەڵام بە عەقڵی داهێنەرانە و داهێنانی مۆدێلاسیۆنی فرێکوێنسی بووە بنەمای تەکنەلۆژیای پەیوەندی بێ تەل وەک وای فای و بلوتوز.

ناوەندی هەواڵ

 

 هێدی لامار یەکێک بوو لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی هۆلیوود لە ساڵانی چلەکان و پەنجاکاندا، بەناوبانگ بوو بە جوانی و ڕۆڵە سینەماییەکانی کە وای لێکرد یەکێک لە هێماکانی سەردەمی خۆی بێت. بەڵام لە پشت وێنە سەرنجڕاکێشەکەیەوە عەقڵێکی خولیای زانست و تەکنەلۆژیا بوو، کە دواتر بیرۆکەکانی بەشدارییان لە مێژووی پەیوەندییە بێ تەلەکاندا کرد.

 

هێدی لامار کە ناوی ڕەسەنی هێدڤیگ ئیڤا ماریا کیسلەر بووە، لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩١٤ لە ڤیەننا لە خێزانێکی جولەکە لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە حەزێکی کنجکاوی بۆ ئامێرەکان و چۆنیەتی کارکردنی شتەکان نیشان دەدا، هەروەها حەزی لە زانست و تەکنەلۆژیا بووە، هەرچەندە خوێندنی فەرمی زانکۆیی لەو بوارەدا وەرنەگرتووە.

 

لە شانۆوە بۆ هۆلیوود

پەیوەندی لامار لەگەڵ هونەر لە تەمەنێکی گەنجەوە دەستی پێکرد. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە قوتابخانەی دەرهێنەری شانۆ ماکس ڕینهارت لە بەرلین ناوی خۆی تۆمار کردووە بۆ خوێندنی نواندن و دراما. لە ساڵی ١٩٣٣ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە فیلمی چیکی "Ecstasy" بەشداری کردووە. ئەم فیلمە بەهۆی هەندێک لە دیمەنە ئاشکراکانیەوە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بووە یەکێک لەو بەرهەمانەی کە پەیوەندی بە سەرەتای ژیانی هونەرییەوە هەیە.

 

دواتر ژیانی هاوژینی لەگەڵ فریتز مەندەلی بازرگانی چەکی نەمسایی پێک هێنا و ژیانی هاوژینی سەخت و سنووردار بوو. بەڵام لەم ماوەیەدا نوقم بوو لە جیهانی چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیدا. بەشداری کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەندازیاران و ئەفسەرانی سەربازی دەکرد، گوێی لە گفتوگۆکانیان دەگرت لەسەر چەک و سیستەمی پەیوەندی بێ وایەر کە یارمەتی دەدا زانیاری تەکنیکی بەدەستبهێنێت و دواتر بەکاریبهێنێت.

 

دوای ئەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی جیابوونەوە، ئەوروپای بەجێهێشت و بەرەو ئەمریکا و گرێبەستێکی لەگەڵ ستۆدیۆکانی میترۆ-گۆڵدوین-مایەر (MGM) واژۆکرد. بەم شێوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانیدا دەستی پێکرد. هەر زوو بوو بە یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی هۆلیوود، بەڵام ناوبانگ و جوانییەکەی سێبەری لەسەر حەزەکانی دیکەی لە بواری زانست و داهێناندا دانا.