فریال سلێمان؛ ڕێنیشاندەری ڕێگای ئازادی ژنان

فریال سلێمان خالید، ٣١ ساڵ لەناو خەباتی بێوچاندا بوو بۆ گەشتن بە ڕاستینەی ژن و ژیان و ئازادی، پێی وابوو، پێکەوەیی گەلان هۆکاری سەرکەوتنی شۆڕش و تێكۆشانە.

ناوەندی هەواڵ

 

فریال سلێمان خالید، ناسراوە بە زەلال زاگرۆس، ساڵی ١٩٧٥ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٣ لە بیستەکانی تەمەنیدا دەبێت، کاتێک ئاشنای خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی دەبێت، هەرزوو درک بە تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو شۆڕشە دەکات کە بە ڕاستیی و دڵسۆزییەوە لەپێناو ئازادیی کوردستان و گەلی کورد دایە.

 

بە تێگەشتنە قوڵەکەیەوە بۆ تێکۆشان، فریال بڕیار دەدات ڕوو بکاتە چیاکانی کوردستان و بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان خۆی لە خەباتی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازی کورد و تێکۆشان لەپێناو ئازادیی ژندا گۆش دەکات، دوای ١٥ ساڵ مانەوە لە چیاکانی کوردستان، بۆ گەیاندنی پرسی کورد بە جیهان و نیشاندانی لێهاتوویی و توانای شۆڕشگێڕانەی ژنانی کورد، دەچێتە وڵاتی ئەرمینیا و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە بەردەوامی تێکۆشان دەکات.

 

لە ١٩ـی تەممووزی ٢٠١٢ و لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا بو ئومێد و ئەشقەوە بەرەو ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە  و بەشداری شۆڕش دەبێت، لە ڕێکخستن و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادی دیموکراتیکدا ئەزموون و تێکۆشانی چەند ساڵەی کردەیی دەکات، کاریگەری خۆی لە دامەزراندنی کۆمۆن و ئەنجومەن لە ناوچەی تیربەسپی دەردەخات، لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت پەیوەندی نێوان گەلانی ناوچەکە بە کورد و عەرەب و سریانەکانەوە پتەو بکات و ئەرکەکەی بەجێ بگەیەنێت و لەناو خەڵکەکەشدا بە سادەیی و ئارامی و میهرەبانییەکەی ناسراو بوو.

 

دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری مەنبەج لە دەستی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٦دا، شەهید زەلال پێداگری دەکات لەوەی بچێتە شارەکە و بەشداربێت لە ڕێکخستنی خەڵکی ناوچەکە، چونکە باش دەیزانی بناغەی بنیاتنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، لە بنیاتی تاک و کۆمەڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بنەما و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی تێدا بەرجەستە ببێت، لە دوای منبجیش و لە ساڵی ٢٠١٨ چووەتە دێرەزوور و درێژەی بە خەباتی ڕزگاری گەلانی ناوچەکە داوە، توانی چەمکی پێکەوەیی گەلان و خەباتی نەتەوەیی پێکەوەیی لەپێناو ڕزگارییدا  جێگیر بکات.

 

فریال سلێمان خالید ڕوودەکاتە دیمەشق تا لەوێ کار بۆ بەڕێکخستنکردنی کورد بکات و خۆی بگەیەنێتە بزووتنەوەکانی ژنان، لەو چوارچێوەیەدا پەروەردەکردنی ژنانی عەرەب و هەموو ژنانی سووریای گرتە ئەستۆ، هەر بۆیە وەک نموونەیەک لە خەباتی ژنێکی ئازاد ناسرا.

 

فریال-زەلال درکی بەوە کرد، کە ڕزگارکردنی کوردستان لە دەست داگیرکەران و ستەمکاران لە ڕزگارکردنی ژنانەوە دەست پێدەکات، بۆیە بە مەبەستی ڕێکخستنی ڕیزەکانی ژنان و ئاشناکردنیان بە خەباتی ژنان و گرنگی ڕێکخستنی ڕیزەکانیان چووە باشووری کوردستان و بەدیاریی کراویش شاری کەرکوک.

 

دوای ٣١ ساڵ خەبات لە پێناو ژن و ژیان و ئازادییدا، پێشەنگ و شۆڕشگێڕ زەلال زاگرۆس، لە ١٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، لە شاری کەرکوک لە هێرشێکی تیرۆریستیدا لەلایەن دوو ماتۆڕسواری دەمامکدارەوە و بە دەستی سیخوڕی و خیانەت تیرۆر کرا.