فاتمە بەرناوی... ڕەمزێکی ژنانە لە مێژووی خەباتی ژنانی فەلەستین

فاتمە بەرناوی یەکەمین خەباتگێڕی شۆڕشگێڕە بە پلەی جەنەراڵ و دامەزرێنەری پۆلیسی ژنان لە فەلەستین، هەروەها هێمای مێژووی ژنانی فەلەستینییە لە خەبات و قوربانیدان بۆ دۆزی و نیشتمان.

نەغەم کەراجە

 

غەزە- شۆڕشگێڕی فەلەستینی فاتمە بەرناوی یەکەم ژنە شەڕڤانە کە ماندوونەناسانە خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان تەرخان کردووە.

 

فاتمە بێرناوی لە ساڵی ١٩٣٩ لە شاری قودس لەدایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە قودسەوە کۆچیان کردووە بۆ کامپی پەنابەران لەگەڵ خێزانەکەی لە ئوردن و لە شاری عەممان ماوەتەوە، بەڵام ساڵی ١٩٦٠ بە تەنیا گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی لە قودس و لە کۆمەڵگەی ئەفریقیدا ژیاوە، دوای کارەکانی لە خەبات و شۆڕشدا لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ڕاوەدوونرا و دواتر دیپۆرتکرایەوە بۆ لوبنان، کاتێک هاتە کەرتی غەزە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ، توانی پۆلیسی ژنان لە ساڵی ١٩٩٤ دامەزرێنێت.

 

ئەو یەکەم ژنە زیندانییە لە شۆڕشی هاوچەرخی فەلەستین لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئیسرائیلدا، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦٧دا بەهۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی سینەما سهیۆن لە "ئیسرائیل" دەستگیرکرا، لەگەڵ خوشکە بچووکەکەیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا ، ئیحسان بەرناوی، دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو تا لە ساڵی ١٩٧٩ دوای جێبەجێکردنی گرێبەستی ئازادکردنی زیندانییەکان ئازادکرا، و پەیوەندی بە بزووتنەوەی بەرخۆدانەوە کرد، بە یاوەری ژنانی شۆڕشگێڕ، ئەوانیش لەیلا خالد، عائیشە ئۆدە و ڕەسمیە ئۆدە.

 

لە بزووتنەوە ڕێکخستنی و سیاسییەکاندا پۆستی باڵای هەبووە، لە ساڵی ١٩٨٩ ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی شۆڕشگێڕی و ڕاوێژکاری بزووتنەوەی فەتح و ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی ١٩٩٤دا سەرۆکایەتی یەکەم ئامێری ئەمنی بۆ ژنان بووە.

 

ناوبراو گرنگی بە کاروباری دەستبەسەرکراوانی ژنی ناو زیندانەکان دەدا و زیندانییە ژنەکانی ئازاد دەکرد، ڕۆشنایی دەخستەسەر ئازار و پرسەکانیان و داوای دەکرد مافەکانیان پێ بدرێت و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت، هەروەها ڕێژەیەک لە مووچەی مانگانەی خۆی بۆ ئەوان تەرخان کرد بۆ پەروەردە و ڕێژەیەکی دیکە بۆ خێزانە هەژار و پەراوێزخراوەکان.