گۆرانی ئەمڕۆ: مریەم خان – باوکی کۆرۆخلی

گۆرانیبێژ مریەم خان

 

مریەم خان لە ساڵی ١٩٠٤ لە شارۆچکەی دێگولی سەر بە شرناخ لەدایک بووە، لە ناو خێزانێکدا کە گرنگی بە دەنگبێژی دەدەن، گەورە بووە، مریەم خان بە هۆی ئەوەی ڕاستی کۆمەڵگە و وڵاتەکەی بە دەنگە پڕ لە سۆز و هەستەکەی دەچڕی بە سوڵتانی کورد ناوی دەرکرد، بە وتنی " بێ دەنگبێژی ناتوانم بژیم، چونکە لە خوێنمدایە" گەشتی دەنگ و گۆرانییەکەی لە بۆتانی باکوری کوردستانەوە بەرەو بادینانی باشووری کوردستان پەلکێشی کرد.

 

دوای ١٢ ساڵ لە دەنگبێژی لە زاخۆ و موسڵ، مریەم خان ڕێگەی بەغداد دەگرێت و لە ڕادیۆی بەغداد درێژە بە هونەر و دەنگبێژییەکەی دەدات، ئەمجارە و بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی گۆرانییەک تۆمار دەکات.

 

مریەم خان کە سەرەتای ژیانی لە شرناخ دەستپێکردووە، لە ساڵی ١٩٤٩ لە بەغداد کۆچی دوایی دەکات و بە مەراسیمێکی شایستە لە گۆڕستانی شێخ مارف بەخاک سپێردرا.