قومری حەمەد بە درێژایی تەمەنی لە خزمەتی کۆیەدا بووە

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- قومری حەمەد، خەباتکارێکی دێرینی شاری کۆیەیە، بە درێژایی تەمەنی خزمەتی شارەکەی کردووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانەوە خزمەتی بە ژنان کردووە، هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە مۆڵەتی دایکایەتی و شیرپێدان و مۆڵەتی نەخۆشی و چەندین یاسای تر، لە ڕێگای پڕۆژە یاساوە بەشداربووە لە داڕشتن و پێشکەشکردنی بۆ پەرلەمان، تا ببێتە یاسا.

 

قومری حەمەد قادر، ساڵی ١٩٦٢ لە گەڕەکی قەڵات لە شاری کۆیە لەدایکبووە، ٥ خوشک و ٢ برا بوون، لە ساڵی ١٩٧٧ هاوژیانی پێکهێناوە و ٧ منداڵی هەیە، خۆی وەها ژیانی گەنجی دەگێڕێتەوە، "ئەوکات خوێندنم تەواو نەکرد و وازم لە خوێندن هێنا لەگەڵ هاوژینەکەم هەوڵی دروستکردنی ژیانێکی شایستەمان دەدا، هەوڵماندا منداڵەکانمان وەها پێبگەیەنین کە سوودیان هەبێت بۆ کۆمەڵگە و خۆبەخش بن و تاکی تەندروست بن، سوپاس بۆ خوا سەرکەوتوبووین لەم کارە و هەموو منداڵەکانمان کۆلێژیان تەواو کردووە، ئێستا هەریەک لە بوارێک خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات.

 

قومری حەمەد لە ساڵی ١٩٩٨ بووەتە فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا بە بڕوانامەی پۆلی ٦ی سەرەتایی، ئەو دەورانەی پەیوەست بوو بە کارگێڕی و ژمێریاری و بەشی پلان تیایدا بەشداری کردووە و گرنگی بەو بوارە داوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بە هاوکاری یەکێتی ژنان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونیسێف دایەنگەی منداڵانیان کردەوە و چەندین منداڵی وەرگرت کە تا ئێستاش بەردەوامە لە خزمەت، دواتر قومری بووەتە سەرۆک لیژنە لە بەشی خاوەن پێداویستی تایبەت و لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٣ لە خانەی چاودێری خێزان کاری کردووە.

 

ئەو پۆستەی کە لە ڕێگایەوە خزمەتی زۆری خەڵکی شاری کۆیەی پێکردووە کام پۆست بوو؟

قومری حەمەد باسی کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٢ بوومەتە بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە شاری کۆیە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامم، بەشەکانمان لە کارگێڕی و ژمێریاری، بەشی پلان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چەند سەنتەرێک پێکهاتوە، وەک یەکەی پاراستنی منداڵان (سەنتەری دەروونی)، هەروەها سەنتەری ئۆتیزم کارەکانی جێبەجێ کراوە و زۆری نەماوە دەرگای ئەو سەنتەرەکە بکەرێتەوە، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی خانەی بەساڵاچووان و نەوجەوانان بکەینەوە و ناوەڕۆکمان بۆ شارەوانی ناردووە.

 

قومری حەمەد کەی چووەتەوە بەر خوێندن و پەیامی چیە بۆ ژنان؟

قومری حەمەد دوای دابڕانی لە خوێندن ساڵی ٢٠٠٨ دەست دەکاتەوە بە خوێندن و خاوەنی بەکالۆریۆسە لە یاسای گشتیدا، وەک خۆی دەڵێت: لە هەوڵدام ماستەر بخوێنم، پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە لە کاتی کار کردن لە هەر پلە و پۆستێک بوون، بوونی خۆیان و هێز و توانای خۆیان پیشان بدەن، بە ڕوحێکی لەخۆبوردییەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن.