هۆنراوەی ئەمڕۆ: کۆمەڵکوژی

 

هۆنراوەی "کۆمەڵکوژی" لەلایەن نەزەند بەگیخان نووسراوە، باس لە هاواری ئەو باوکە کوردە دەکات کە لە ئامەدی باکووری کوردستان دەوڵەتی تورکیا لەناو کارتۆنێکدا ئێسکوپروسکی کوڕە شەهیدەکەیان پێدایەوە.

 

کۆمەڵکوژی

زەمین جارێکی تر ڕابوو

بە ڕووخساری خوێناوییەوە

وەک کاتێدرال هاتە سەرپێ

کەللەسەرەکێکی مردووی لەدەستدابوو

 

زەمین جارێکی تر ڕابوو

تا باسی کەسێ بکا

زارۆکێ کە پێدەکەنێ

لە کاتی گوللەباراندا

 

زەمین جارێکی تر ڕابوو

تا باسی هاوارێ بکا

زریکەی کچێک

لە کاتی لاقەکردندا

 

زەمین جارێکی تر ڕابوو

تا باسی سووتانی پیرەمێردێ بکا

لە کاتی دوعاکردندا

 

زەمین جارێکی تر ڕابوو

تا باسی شیعرێ بکا

هۆنراوەی شاعیرێک

لە کاتی بڕینی زمانیدا

 

زەمین جارێکی تر ڕابوو

تا باسی بێدەنگی بکا

بێدەنگییەکی قورس

لە دەوری جەستەی گڕگرتووی کوردستاندا