٢١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەستورەی ئەردەڵاندا تێدەپەڕێت

ژنانی کورد لە هەموو بوارێکدا دەستی باڵایان هەیە، مەستورەی ئەردەڵانیش یەکێکە لەو ژنە مێژوونووس و ناودارانەی کورد کە چەندین هۆنراوەی لە دوای خۆی بە جێهێشتووە.

مەستورەی ئەردەڵان لە ساڵی ١٨٠٤ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، شاعیر و مێژوونوسێکی بەتوانای کوردە، خۆی ناوی ماه شەرەفەدین بووە و نازناوی مەستورە بووە، پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ باوکیدا هەبووە و لە زۆربەی کۆڕە ڕۆشنبیریەکاندا لەگەڵ باوکی بەشداری کردووە.

 

مەستورە هەر سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی زانیووە، لە ساڵی ١٨٢٨-١٨٢٩ لەگەڵ خوسرەو خانی ناکام ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، هەرچەندە بە دڵی خۆی نەبووە، بەڵام بە هۆی کێشەی خێزانیەوە کێشەکە بە هاوسەرگیری مەستورە چارەسەر دەکەن.

 

لە پارچە هۆنراوەیەکدا بەم شێوەیە پیاهەڵدان بە مەستورەدا کراوە؛

مەستورە و فەردش وێنەی گەوهەرەن

نە موڵک عەفاف ئەو چون جەوهەرەن

 

مەستورە لە نووسینی هۆنراوەدا دەستێکی باڵای هەبووە و نزیکەی ٢٠ هەزار بەیت هۆنراوەی هەبووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەشێکی زۆری هۆنراوەکانی نەماون و تەنها دوو هەزار بەیتێکی ماوەتەوە و ژمارەی هۆنراوە فارسیەکانی لە کوردیەکانی زیاتر بووە.

 

مەستورە لە قەسیدەیەکیدا بەم شێوەیە دەست پێدەکات؛

گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتانتت

بریندارم بە ئێشی سینەدۆزی تیری موژگانت

 

مەستورە بە نووسینی "مێژووی ئەردەڵان" دەبێتە یەکەم مێژوونووس، لەسەردەمی مەستورەدا خەڵکی لە ترسی شازادەی قاجارەکان ژنانیان دەشاردەوە و لە هەموو مافێک بێ بەش دەکران، بەڵام مەستورە وەکو ژنێکی چالاک دەرکەوت و بووە ڕزگارکەری ژنان، لە دوای خۆشی چەندین کتێبی بۆ ژنان بەجێهێشتووە.

 

مەستورەی ئەردەڵان لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا  و لە ساڵی ١٨٤٨کۆچی دوایی دەکات و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.