دایە نیشتیمان، ژنێک گیانی خۆی فیدای ئازادی ژن دەکات

بەربەستەکانی ژیان ڕێگە لە توانا و ئیرادەی ژنێک ناگرن بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادی ژن و نەهێشتنی ستەمی سەر ژنان.

 

شەهین جیهانی لە ساڵی ١٩٧٣، لە گوندی موژەژ سەر بە کامیاران چاوی بە ڕووناکی ژیان هەڵهێناوە، دایکی ناوی خاوەر ساعدییەناهە باوکیشی ناوی ئەحمەد جیهانییە، شەهین دەبێت بە منداڵی سێهەمی خێزانەکەی، دایکی خەڵکی گوندی مارەنج و باوکی خەڵکی گوندی موژەژ بووە، هەر لە گوندی موژەژ ژیانیان دەستپێکردووە، لەگەڵ ڕۆیشتنی بە پێیەکانی وردە وردە بەرەو ئەو باخانە هەنگاوی دەنا کە کێڵگەی کشتوکاڵی خێزانەکەیان بووە، بە تەمەنێکی کەم خەریکی کاری کشتوکاڵی دەبێت، وەک جوتیارێکی بچکولە ئەرکێکی زەحمەتی ئەنجام دەدا.

 

کاتێک تەمەنی دەگاتە کاتی خوێندن شەهین هەوڵدەدات بخوێنێت، بەڵام وەک بەشێکی زۆر لە هاوتەمەنەکانی خوێندنی بۆ بە پێویست نەزانراوە، بۆیە لە جیاتی خویندن قوتابخانە زیاتر فێری کاری کشتوکاڵی بووە لە کێڵگەکاندا، بەهۆی ئەوەی برا و خوشکی بچکۆلەی هەبوو سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵەکانیش بوو بەم شێوەیە ژیانی منداڵی بەڕێکرد.

 

لەگەڵ بوونی توندوتیژی ئەرکی خێزانەکەی جێبەجێدەکرد

لە پاش تەمەنی منداڵی و لەگەڵ دەستپێکی تەمەنی گەنجیدا بێ ویستی خۆی لەگەڵ گەنجێکی گوندەکەیان بە ناوی تۆفیق سەعید ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و لە موژەژدا درێژەی بە ژیانی داوە، دەبنە خاوەنی دوو منداڵ، بە هۆی ژیانەوە چەندین دەربەدەری دەبینن و لە چەندین ناوچەی جیاوازدا دەژین، هەروەها بە هۆکاری کۆمەڵایەتی هاوژینی شەهین دەستگیر دەکرێت، لە پاش دەستگیرکردنی هاوژینەکەی ئەرکی بەخێوکردنی دوو منداڵەکەی، کاری ماڵی باوکی هاوسەرەکەی و خەرجی هاوسەرەکەی لە زیندان دەکەوێتە سەر شان.

 

لە ڕێی کاری فەرش چنینەوە هەوڵی دەدا خەرجی دابین بکات، لە پاش ئازادبوونی هاوژینەکەی شەهین و هاوژینەکەی پێکەوە لە ژوورێکدا دەژین، وە دەیکەنە دوو بەشەوە بەشێکی بۆ ژیانی خۆیان و بەشێکی دیکەی کاری فەرش چنینی تێدا ئەنجام دەدات، سەرەڕای ئەو هەموو ئەرکەی سەرشانی شەهین لە ڕێی هاوژین و خێزانی هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبوویەوە، بەڵام لەبەر منداڵەکانی هەموو توندوتیژییەکانی قبوڵ دەکرد.

 

"شەهین ببوە ژنێکی کۆڵنەدەر"

بەهۆی ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی شەهین دەیکرد بۆ خێزان و منداڵەکەی بووە جێی سەرنجی خەڵکانی دیکە، هەموویان خۆشیان دەویست، کوڕە بچوکەکەی شەهین بەهۆی ئەوەی هەمیشە بە شوێن ژیانێکی نوێدا دەگەڕا لەو ڕێیەوە ئاشنا بوو بە پارتی کرێکارانی کوردستان، دواجار بەشداری خەباتی ئەو پارتە بوو، لە پاشاندا کوڕە گەورەکەشی بە هەمان شێوە بەشداری خەبات و تێکۆشان بوو لەو پێناوەی چیتر ژنێکی تر وەک دایکیان مەینەتی نەچێژێت.

 

ئەم ڕێگایە وایکرد دایە شەهین و هاوژینەکەشی بەشداری تێکۆشانەکان بن، دواتر بڕیاردەدەن بچنە باشووری کوردستان و درێژە بە خەباتەکەیان بدەن، لە ناوچەی قەڵادزێ نیشتەجێ دەبن، ئەو ژنانەی دەپاراست کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا، هەوڵی دەدا پیاوانیش هۆشیار بکاتەوە دەربارەی پرسەکانی ژنان.

 

بەهۆی نەخۆشییەوە لە ٢٠٢١ شەهید دەبێت

لە ساڵی ٢٠١٧ دا و لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا بەشداری شاخ دەبێت و ناوی نیشتیمان بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، جگە لە شاخ لە ڕۆژئاوای کوردستانیش تێکۆشانی ئەنجامداوە، لە کاتی پەروەردەدا لە شاخ، دایە نیشتیمان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، حەزی بەوە نەدەکرد سەردانی پزیشک بکات، چونکە دەیوت کە لە خەباتی دووردەخاتەوە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە.

 

بەڵام نەخۆشی ڕێگەی نەدا درێژە بە خەباتەکانی بدات، لە ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠٢١ بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد و لە قەندیل بە خاک سپێردرا.