بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی سنە خۆی کردە قوربانی

شەهین یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی هەمیشە هەوڵی دەدا بۆ ڕزگارکردنی شار و خەڵکەکەی، بەڵام ڕژێمی ئێران نەیهێشت درێژە بە خەباتەکەی بدات.

شەهین باوەفا لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی جۆرئاوای سنە لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتووی تەواو دەکات و لە بەشی پەرستاری لە زانکۆی پارێزگای گیلان دەست بە خوێندن دەکات، دوای تەواو کردنی خوێندن لە بنکەی تەندروستی کوردستان لە شاری سنە لە نەخۆشخانەی پەهلەوی دەست بە کار دەبێت.

 

دواتر دەڕواتە ناوەندی پزیشکی دارویشی کەبیری ئێران کە ناوەندێکی خاوەن زانستی گەورە بووە و دوای چوار ساڵ بەسەرکەوتووی تەواوی دەکات، لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئێران، ڕۆژهەڵات نیمچە سەربەخۆیەکی بەدەستهێنا.

 

کاتێک ڕژێم هێرشی کردە سەر شارەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی سنە و بریندارەکانیان دەبرد بۆ نەخۆشخانە توانای ناسینی ناخی نەخۆشەکان و دکتۆرەکانی هەبوو، لە هەموو شوێنێکی نەخۆشخانەکەدا کاری دەکرد، دوای داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ناوی شەهین درا بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێت.

 

ژیانی زیندانی شەهین دەست پێدەکات و لە زیندانیش ژنێکی یارمەتیدەر بووە، لە زیندان تۆمەتی ئەوەی دەخە پاڵ کە شەهین ٩ پاسداری ئێرانی لە نەخۆشخانە کوشتووە، دوای ٤٠ ڕۆژ لە زیندانی کردنی لە شەوی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ دوو هاوڕێی لە ناوەندی دادگای شۆڕشی سنە لە بەرچاو هاوڕێکانی شەهین گولەبارانکرا.

 

دواتر تەرمی شەهین دەدەنەوە بە خەڵكی سنە و خەڵکیش پێشوازی لە تەرمی ژنێکی تێکۆشەر دەکەن کە بۆ ئازادی شارەکەیان خەباتی کردوە.