کەرەم ئەحمەد میراتێکی خەباتی لە دوای خۆی بەجێهێشت
کەرەم ئەحمەد، یەکێک لە پێشەنگەکانی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین گیانی بەختکرد، میراتێکی خەباتی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
ناوەندی هەواڵ
ئەو کەسانەی لە کانتۆنەکانی تەبقا، ڕەققە، جەزیرە و فوراتەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکاندا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش بریندار بوون، کە یەکێکیان کەرەم ئەحمەد شەهەب حەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققە بوو.
کەرەم ئەحمەد شەهەب حەمەد، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا و تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو، لە شاری دێرەزوور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایکبووە و لەگەڵ ٥ خوشک و ٢ برا گەورەدا بووە، لە پەیمانگای هونەری ژنان درێژەی بە خوێندن داوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی سووریا نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، هەر بۆیە لەگەڵ بنەماڵەکەی بە دوای ژیانێکی سەلامەت و سەقامگیردا ڕوویان لە ڕەققە کردووە.
بە خەونی خوێندن لە زانکۆدا ڕووی لە دێرەزوور کرد
دوای گەیشتنی بۆ شاری ڕەققە، هەوڵیدا بە کارکردن لە بوارە جیاجیاکاندا بژێوی خێزانەکەی پەیدا بکات، جارێکی تر بە خەونی خوێندنی ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆ و بە تایبەتی لە زانکۆی فورات گەڕایەوە دێرەزوور، بەڵام لەبەر ئەوەی داعش دێرەزووری داگیر کرد، خەونەکەی نەهاتە دی، لەو پرۆسەیەدا فشارەکان لەسەر ژنان زیاتر بوون، چەند جارێک هەوڵی دەربازبوونی لە شارەکەی ژێر دەسەڵاتی داعش دا و جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ڕەققە بۆ لای بنەماڵەکەی، دۆخی ئەوان لەوەش سەختتر بوو کاتێک دایکی بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەوە گیانی لەدەستدا.
ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە شاری ڕەققە بوو
کەرەم ئەحمەد بە پێناسەی ڕزگارکردنی شاری تەبقا کلیلی ئازادییە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە شاری ڕەققە کرد و لەوێ دەستی بە کارکردن کردەوە لە لیژنەی پەروەردە و دواتر وەک ڕێکخەری ناوچەی ڕەققەی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دەستنیشان کرا.
هاوکات هەڵوێستی خۆی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەربڕی کە هەمیشە ژنانی پێشەنگ و تێکۆشەری کردووەتە ئامانج. بۆیە لە ٨ی کانوونی دووەمدا لە پێشەنگی ئەو کاروانەدا بوو کە بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر بەنداوی تیشرین بەڕێکەوتبوون، بە باوەڕییەوە بە دۆزی خۆی، لە دژی ستەم وەستایەوە و لەو دۆزەدا گیانی خۆی بەخت کرد، لەدوای خۆی میراتێکی خەباتی بەجێهێشتووە کە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.
"دەبینین سیاسەتەکانی داگیرکەری تورکیا و داعش لە ناوچەکەدا هاوشێوەن"
کەرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، لە چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەوان بە بەردەوامی دژی توندوتیژی دژی ژنان دەجەنگن و هەرگیز دەستبەرداری دۆزی خۆیان نابن، ڕایگەیاند کە هەوڵدەدەن لە ڕووی داراییەوە پشتگیری خۆیان بکەن و وتبوویشی: ئێمە بەردەوامین لە خەباتی خۆمان دژی هێرشەکان، دەبینین سیاسەتەکانی داگیرکەری تورکیا و داعش لە ناوچەکەدا هاوشێوەن، داعش تاوانی قورسی دژی خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدا، کاتێک سەیری ئەوان و چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین، دەبینین کە سیاسەتەکانیان وەک یەکن و لەلایەن یەک دەوڵەتەوە خەرجییان بۆ دابین دەکرێت، بەو فیتنەیانە کە ئامانجیان لە ناوبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایە، هەوڵ دەدەن گورزی گەورە لە ئیرادەی ئازادی ژنان بدەن و ڕێگری لە پێشکەوتنی شۆڕش بکەن، بەڵام بەم شێوازانە ناتوانن ڕێ لە ڕێگای ئازادی بگرن.
کەرەم ئەحمەد داوای لە ژنان و گەلان دەکرد کە بەردەوام بن لە بەرخۆدانی خۆیان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان و سازش بۆ بڕیارەکانی داگیرکەران نەکەن و تا سەرکەوتن بە ئیرادەوە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، هەروەها جەختی لەوە دەکردەوە کە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکرێت کە لە خاکە داگیرکراوەکاندا ئەنجام دەدرێن، دەبێت دەنگی خەڵک بە جیهان بگات.