خۆڕادەست نەکردنی بێریتان هێڤی ٣١ ساڵە نوێ دەبێتەوە

٣١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆڕادەست نەکردنی بێریتان هێڤی، کە بە گیانی خۆی مێژووی قارەمانێتی دژی خیانەتی پەدەکە و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک نووسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٩٢ سوپای داگیرکەریی تورک بە هاوکاری پەدەکە لە باشووری کوردستان لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان هێرشێکی گەورەی دەستپێکرد، لە بەرامبەر ئەو هێرشەشدا بەرخۆدانێکی مێژوویی بە پێشەنگایەتی ژنان کرا، یەکێک لەو پێشەنگانە ژنە شۆڕشگێڕ "بێریتان هێڤی" بوو، کە گیانی خۆی کرد بە مەشخەڵی ئازادیی گەلەکەی، لە ٢٥ی تشرینی یەکەم کە تا دوا هەناسە شەڕی کرد، کاتێک فیشەکی پێ نەما و دوژمن و نۆکەرەکانی چواردەورییان گرت، بۆ ئەوەی ڕادەست نەبێت چەکەکەی خۆی شکاند و لە لووتکەی چیای لێلکان خۆی خستە خوارەوە.

 

لە دەرسیمەوە بۆ لێلکان

بێریتان هێڤی کە ناوی "گوڵناز کاراتاش"ە، خەڵکی شاری دەرسیمی باکووری کوردستانە، ئەو شارەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کرا، لە ساڵی ١٩٧٠ خیزانەکەی دەرسیمییان بەجێهێشتبوو، لە سالۆخانی سەر بە چەولک جێگیر بوون و لەوێ گوڵناز لەدایک بووە، دواتر خانەوادەکەی دەگوازنەوە بۆ خارپێت, لەوێ لە گەڕەکێک بە ناوی "فەوزی چاکماک" جێگیر دەبن، کە بە گەڕەکی عەلەوییەکان و کوردە شۆرشگێڕەکان دەناسرا، لە کاتی سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوول ١٩٨٠ی تورکیا، ئەو گەڕەکانە ڕۆژانی زۆر دژواریان بە خۆیانەوە بینی، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرایە سەریان، ئەمەش زۆر کاریگەریی لەسەر گوڵناز جێهێشت و لەو ساتەوە کەوتە لێگەڕین.

 

لە ساڵی ١٩٨٩ کاتێک لە زانکۆی ئابووریی ئیستەنبووڵ وەرگیرا، لەگەڵ هاوڕێ خوێندکارە وڵاتپارێزەکانیدا، ڕەوتێکی بەرهەڵستکاریی پێش خست و چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوەبرد دژی ڕژێمی داگیرکەر، هەر بۆیە ماوەیەک لە زیندانی بایرامپاشا زیندانی کران، دوای ئازادکردنی لە ٩ی ئایاری ١٩٩٢، لە چیای جوودی بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو.

 

بێریتان هێڤی لەبری ڕادەستبوون شەهیدبوونی هەڵبژارد

٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢، خیانەتکاران بە پێشەنگایەتی پەدەکە، شەڕێکی گەورەیان لە دژی گەریلاکانی ئازادیی دەستپێکرد، لە لۆلان، خواکورک، مەتینا و هەفتانین، بە زەمینی هێرش دەکرایە سەر گەریلاکان، لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش و بۆردوومانی ئەنجام دەدا ، شەهید بێریتان هێڤی لە ٢٥ی  تشرینی یەکەم کاتێک جەنگەکە قورس بوو، چادرەکەی شەهید بێریتان و هەڤاڵانی لەلایەن دوژمنان و نۆکەرانەوە گەمارۆ درا، بە بەرخۆدانییەکی قارەمانانە گەمارۆکە دەشکێنن، شەهید بێریتان بریندار بوو، بەڵام کۆڵی نەدا و خۆی گەیاندە سەر تاشە بەردێکی لووتکەی چیای خواکورک، تا دوا فیشەک شەڕی کرد، دواتر داوای لێدەکەن ڕادەست ببێت، بەڵام ئەو لەبری ڕادەستبوون چەکەکەی پارچە پارچە کرد و خۆی فڕێدایە خوارەوە و شەهید بوو.

 

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم بە ڕۆژی بەسووپابوونی ژنانی کورد دیاریی کراوە و تێیدا ژنان بەڵێن نوێ دەکەنەوە، کە تا دوا فیشەک و هەناسە، دژی داگیرکاریی دوژمن و نۆکەر و خیانەتکاران تێدەکۆشن و بەرەنگار دەبنەوە.