لە پای دڵسۆزی بۆ کەسوکاری شەهیدان ناسناوی"دایکی شەهیدانیان" پێبەخشیووە

ڕێگریەکانی ڕژێمی بەعس چۆکی بە وەسفیە دانەدا و بەردەوام بوو لە خەباتەکەی لە قوتابخانەکانەوە تا شاخ.

وەسفیە بەنی وەیس لە ساڵی ١٩٥١  لە گوندی بانمیلی سەر بە خانەقین لەدایکبووە، منداڵێکی شیرین و خۆشەویست بووە لە ناو خێزان و دراوسێکانیدا، لە ساڵی ١٩٥٩ لە قوتابخانەی خەدیجە کوبرا لە شاری خانەقین دەستی بە خوێندن کردووە.

 

وەسفیە لە خێزانێکی نیشتمان پەروەر بووە و سەرەتای خەباتی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی، لە ساڵی ١٩٧١ لە زانکۆی بەغدا لە بەشی زمانی ئینگلیزی وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی جیاوازی نەتەوەییەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆلیژی ئاداب بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی و دەبێتە ئەندامی لیژنەی کۆلێژی ئادابی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٥ خوێندن تەواو دەکات و پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات.

 

لە ساڵی ١٩٧٦ لە کەلار وەک مامۆستا دەستبەکار دەبێت، لە ساڵی ١٩٧٧دا ڕۆڵی دەبێت لە کردنەوەی ڕێکخراوێکی ژناندا، لە ساڵی ١٩٨٢دا یەکەم ژن بووە لە ڕێکخستنی شارەکانەوە بەشداری لە یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە گوندی بالیسان دەکات.

 

کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی دەردەچێت، وەسفیە ڕوودەکاتە شاخ و دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەکات، لە ساڵی ١٩٨٩ لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری تەواردا لە شاری سەقز بە ناوی خوازراوی سۆزانەوە بابەتی بڵاو کردەوە.

 

وەسفیە ماوەی ١٠ ساڵ لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنانی کوردستان بووە، لە ڕێگەی کۆمیتەکانی ڕێکخستنەوە بەردەوام بووە لە خەبات تا ساڵی ٢٠١٠، هەر لەو ساڵەدا بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردرا، لەبەر دڵسۆزی بۆ کەسو کاری شەهیدان و ڕێزی بۆ شەهیدەکان کە هەمیشە منداڵی شەهیدەکانی بە منداڵی خۆی دەزانی، ناسناوی "دایکی شەهیدانیان" پێبەخشیووە.

 

وەسفیە وتارێکی لە ٨ی ئاداری ٢٠١٦ لە ڕۆژنامەی ژیانەوەدا بڵاوکرایەوە کە ئاستی تێگەیشتنی دایکی شەهیدان دەردەخات بۆ بە پێویست زانینی یەکگرتووی ژنان، خەباتی ئەم ژنە تێکۆشەرە بەردەوام بوو تا ڕۆژی ٢٥-٢٦ی نیسانی ٢٠١٦، لە نزیک شارەدێی وارماوای سەر بە شارۆچکەی شارەزوور بە ڕووداوی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدات و لە خانەقین بە خاک دەسپێردرێت.