گوگڵ یادی هونەرمەندی کۆچکردوو نەزیهە سەلیم دەکاتەوە

نەزیهە سەلیم یەکێکە لە هونەرمەندە بەتواناکان و وەک پڕۆفیسۆری زانکۆ وانەی وتووەتەوە، خاوەنی چەندین بەرهەمی سەرنجڕاکێش بووە، بەڵام بەرهەمەکانی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دزراون و تەنها کەمێکیان پارێزراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٣ی نیسان، گوگڵ یادی هونەرمەندی بەتوانای کۆچکردوو، نەزیهە سەلیمی کردەوە، کە هونەرمەندێکی نیگارکێشای عێراقییە و زیاترین کارە هونرییەکانی لەسەر لادێکانی عێراق و ژیانی جوتیارەکان بووە.

 

ئەو نیگارکێشە، لە خێزانێکی هونەردۆست لە ساڵی ١٩٢٧ لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووە، بەڵام بە بنەچە خەڵکی موسڵی وڵاتی عێراقن، بەهۆی خێزانەکەیەوە لە منداڵییەوە خولیای نیگارکێشانی بۆ دروستبووە و لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایکردووە.

 

نەزیهە سەلیم خوێندنی هونەرە جوانەکانی لە بەغداد تەواو کردووە، یەکەم ژن بووە کە دەرفەتی خوێندنی لە بواری هونەری لە وڵاتی فەڕەنسا پێبەخشراوە، لەدوای تەواوکردنی خوێندنیش ڕاستەوخۆ گەڕایەوە بەغداد بەو ئامانجەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد وانە بڵێتەوە.

 

ئەو نیگارکێشە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕوواد، کە کۆمەڵگەیەکی هونەری بوو لە وڵاتانی دەرەوە دەیانخوێندن و دواتر لە عێراق و بەغداد هونەرەکەیان بڵاودەکردەوە، هەروەها لەلایەن سەرۆک کۆماری پێشوو جەلال تاڵەبانی بە یەکەم ژنی عێراقی ناوبرا کە گرنگی بە هونەر و پێشخستنی هونەر دابێت.

 

نەزیهە سەلیم چەندین کاری تایبەتی هەبوو بەڵام لە دوای پرسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە زۆرینەی بەرهەمەکانی دزران و تەنها شەش دانەی مایەوە، وەک "ژنی کێشراو، مارش، فرۆشیاری شوتی، شەڕ، پۆرترەی کچێک، داپیرە"، چەند تابلۆیەکی دیکەی ماونەتەوە کە بە مەبەست شێوێندراون، کۆی گشی تابلۆکانی لەهۆڵی پێشانگای بەشی هونەرە جوانەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری نمایشکراون.