چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نووسەر ڕووخۆش عەلیدا تێپەڕ دەبێت

چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نووسەر و مامۆستا ڕووخۆش عەلی تێپەڕ دەبێت، دوای ژیان ئاوایشی خەرمانێک لە نووسین و هەگبەیەک لە تێکۆشانی ژنی کوردی بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێهێشت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووخۆش عەلی، نووسەر و مامۆستا، لە ١٣ی ئایاری ١٩٥٧ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، ڕووخۆش یەکەم منداڵی خێزانەکەیانە و یەک برا و سێ خوشکی هەیە، بەهۆی ئەوەی باوکی کەسێکی سیاسی بووە و بەردەوام لە خەباتدا بووە، بەشێکی ژیانی منداڵیان لە ماڵی مامۆستا باقری مامی بەسەر دەبەن و لەوێ دەژین، مامیشی هاندەری دەبێت بۆ خوێندنەوە و خۆشویستنی پەرتووک.

 

ڕووخۆش لە ساڵی ١٩٦٤ لە قوتابخانەی خەبات لە شاری سلێمانی دەست بە خوێندن دەکات، لە ساڵی ١٩٧٢-١٩٧٣ دەبێتە خوێندکار لە ناوەندی خانزاد، دوای تەواوکردنی قۆنا‌غی سێی ناوەندی دەیەوێت بچێتە بەشی وێژەیی، بەڵام بە هۆی بارودۆخەوە ناتوانیت، بۆیە لە ساڵی ١٩٧٦ دەچێتە ئامادەی پیشەسازی سلێمانی و خوێندن تەواو دەکات، پاشان بە کۆنمرەی ٧٦ لە پەیمانگای نەوت لە شاری کەرکوک وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی واژۆ نەکردنی پەڕاوی بەعسی بوون و ناتوانێت دەست بە خوێندن بکات لەو بەشە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٠دا لە  فەرمانگەی میاهی جەوفی دادەمەزرێت و دەبێتە فەرمانبەر کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵە.

 

هەستی نیشتمانی لای ڕووخۆش بەهێز دەبێت

ڕووخۆش دوو هۆکاری سەرەکی دەیبەستێتەوە بە ژیانەوە، ئەویش خوێندنەوە و پەرتوکە لەگەڵ هەستی نیشتیمانی، ئەو لە تەمەنێکی منداڵیدا بڵاوکراوە سیاسیەکانی بڵاودەکردەوە، چونکە زۆربەی ئەو بەیاننامە و نامیلکانە لە ماڵی ئەواندا چاپدەکران، لە دواتردا چووە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، وەک خۆی دەیووت بەشێکی زۆری ئاواتەکانم لە ناو ئەو بیرە نوێیەدا دۆزییەوە و ئاوێتەبوون پێکەوە، بێ هیچ ترسێک لە ڕژێمی بەعس.

 

دوای ناسینی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، ڕووخۆش بڕیار دەدات لە گوند و چیاکانی کوردستان تێژکۆشان بکات، دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ ئیتر ئەوانیش دێنەوە ناو شار و ژیانیان لەوێوە درێژە پێدەدەن، ڕووخۆش دەست دەکاتەوە بە کارکردن و دەبێتە مامۆستای وەرشە لە قوتابخانەدا و کەسێکی بەهرەمەند بووە و کاری سیرامیکی گەرمیشی کردووە، وەک مامۆستایەک  لە چەند پێشەنگایەکدا بەشداری دەکات و توانیویەتی چەندین گۆزەی جوان دروستبکات بە دەستی ڕەنگینی بینەخشێنێت.

 

لەگەڵ ئەوەی هەموکات و لە هەموو بارودۆخێکدا ژنانی نیشتیمانی ئێمە ڕۆڵیان هەبووە لە گۆڕانکاریەکاندا، بەڵام لەلایەن مێژوونووسانەوە بایەخ بە ڕۆڵی ژن نەدراوە و ڕۆڵی لاوەکیان پێدراوە، بۆیە کاتێک باسی ڕووخۆش دەکرێت یەکسەر نووسین و مێژووی ژنمان بیردەکەوێتەوە، چونکە دوای گەڕانەوەیان بۆ شار و نەمانی دەسەڵاتی ڕژێمی ڕووخاو لە کوردستاندا ڕووخۆش بۆ پاراستنی خەباتی پڕ سەروەریی ژنان لە لەناوچوون، دەست دەداتە پێنووس و خامەیەکی سپی تا ڕۆژە پڕ لە شکۆکانی ژنانمان بۆ بگێڕێتەوە و باس لە ئازایەتی ژنانمان بۆ بکات بۆ مێژوو.

 

لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆچی دواییکرد

ڕووخۆش عەلی دوایی ئەوەی تووشی شیرپەنجە دەبێت، بڕیار دەدات تا دوا هەناسەکانی بجەنگێت لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا لەکاتێکدا دەستی وەستاندووە تا نەتوانێت بنووسێت، بەڵام ڕووخۆش خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزترە، ئەو دەست دەکات بە ڕاهێنان بە دەستی چەپی و خۆی فێری نوسین دەکات و بەردەوام دەبیت لە گەیاندنی پەیامەکەی، تا لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٨دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا ژیان ئاوایی دەکات و دەگەڕێنرێتەوە بۆ باشووری کوردستان و لە گۆڕستانی بەکرەجۆی شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت و بۆ هەمیشە نیشتیمان لە ئامێزی دەگرێت.

 

سەرچاوە: بەرنامەی بیرەوەری-کەناڵی ژن تیڤی