ڕۆژی جیهانیی مامۆستایە و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە مافەکانیان بێبەشن

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ساڵانە لە ٥ی تشرینی یەکەم ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بەرز ڕادەگیرێت و بە چالاکی جۆراوجۆر ماف و ئەرکەکانی مامۆستایان دەخرێتە ڕوو. یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەش دەگەڕێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەی ساڵی ١٩٦٦ی ڕێکخراوی کار/یونسکۆ سەبارەت بە دۆخی مامۆستایان، کە تیشک دەخاتەسەر پێوەرەکانی سەبارەت بە ماف و بەرپرسیارێتی مامۆستایان، ستانداردەکان بۆ ئامادەکاری سەرەتایی و خوێندنی زیاتریان، دامەزراندنی زیاتر، بارودۆخی وانەوتنەوە و فێربوون، ڕۆژێکە بۆ یادکردنەوەی کە مامۆستایان چۆن پەروەردە دەگۆڕن، هەروەها بیرکردنەوە لەو پشتگیرییەی کە پێویستیانە بۆ بڵاوکردنەوەی بەهرە و پیشەکەیان بە تەواوی لە ئاستی جیهانیدا.

 

ئەگەرچی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانە، بەڵام مامۆستایانی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک مانگە سەرەڕای لێدانی زەنگی خوێندن نەچوونەتە هۆڵەکانی خوێندن و بەردەوامن لە بایکۆت کردن، بەهۆی ئەوەی دوو مانگە مووچە و مافیان خۆیان لەبەرامبەر ئەرکەکانیان وەرنەگرتووە و لە سەرەتاییترین مافی کارکردنیان بێبەشن، کە ئەمەش دۆخی ئابووریانی خراپ کردووە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ چەندین ساڵە بە مانگرتن و بایکۆت داوا دەکەن شایستە داراییەکانیان بدرێت و دابمەزرێن، بەڵام تا دێت دۆخیان خراپتر دەبێت و وەڵام نادرێنەوە.