فیلمی ئەمڕۆ: گۆرانی مانگای سپی

بەشێکی زۆری سینەمای مۆدێرنی ئێران لە دەوری دۆخی ستەمکارانەی کۆمەڵگەیەک دەسوڕێتەوە کە بێباکانە بەرامبەر بە پێداویستییەکانی تاک و بەها ئایینییەکانیش مەترسیی بۆ سەر ژیانی بێتاوانەکان دروست کردووە، ئەم دۆخە لە فیلمی "گۆرانی مانگای سپی"دا دەردەکەوێت، کە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لە ئیرادەی ژنێک بۆ گەڕان بەدوای دادپەروەری لە نێوان ئەو درۆیانەی کە دەوریان داوە، نیشان دەدات.

 

فیلمە ژانەری درامی ئێرانییە، لە نووسین و دەرهێنانی بێهتاش سانعی و و ڕۆڵگێڕانی مریەم موقەدەم،  فیلمەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ٣٨ەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایشکرا.

 

ڕووداوەکانی لە دەوری مینا دەسوڕێنەوە کە دایکی کچێکی کەڕە و هاوژینەکەیلە سێدارە دراوە، پاشان خێزانەکەی دەستیان کرد بە پێشنیارکردنی بیرۆکەی هاوسەرگیری لەگەڵ برای هاوژینەکەی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵیان بمێنێتەوە، یان کچەکەی لێ دەسەننەوە، مینا بەو پێیەی ژنێکی گەنجی جوانە تووشی فشارێکی زۆری کۆمەڵگە و خێزان دەبێتەوە.

 

دوای ساڵێک لە لەسێدارەدانی هاوژینەکەی، بەرپرسێک ئاگاداری دەکاتەوە کە بێتاوان دەرچووە و تاوانبارە ڕاستەقینەکە دەستنیشانکراوە و دەستگیر کراوە، دوای ئەمە ژیانی مینا تێکدەچێت و بڕیار دەدات لەگەڵ کچەکەیدا هەڵبێن و ژیانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن.

 

چیرۆکی فیلمەکە یەکێکە لە چیرۆکە دووبارەبووەکانی ئێران کە لەسێدارەدانی هەڕەمەکی لە وڵاتدا بەربڵاو بووە، لە دۆسیەی مینادا ئەو کەسەی لە سێدارە دراوە هاوژینەکەی بووە، بەڵام ساڵێکی تەواوی پێچوو تا حکومەت دان بەوەدا بنێت کە ئەو شایستەی سێدارە نەبوو.