٣٧ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ئایشە گـروکە تێپەڕ دەبێت

٣٧ ساڵ بەسەر شەهید کردنی عایشە قادر "گروکە"، ژنێکی خۆبەڕێکخستنکراو و ئازاو بوێر تێپەڕدەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایشە قادر "گروکە" لە ساڵی ١٩٣١ لە گەڕەکی بایزاغای شاری کۆیە لە دایکبووە، دووخوشک و دوو برا بوون، لە تەمەنی چوار ساڵی بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی ئیرادەو ژیری هەر لە منداڵییەوە خەڵکی گەڕەک پێیان ووتوە "ئایشە گروکە" واتا ئایشە گوڵ، ئەم نازناوە لەگەڵی بووە تاکو کاتی شەهید بوونی.

 

یەکێک بووە لەوژنانەی کەچۆتە ناو ڕێکخستن و پێشمەرگایەتی و زۆر چاونەترس بوو، کەسێکی نەتەوەیی بووە ئێستا مێژووی ژنانی کۆیە شانازی بەم ژنەوە دەکەن.

 

لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٨ لەگەڵ گوڵەباخی کچی بەنهێنی چوونەتە ناو شاری هەولێر، مەفرەزەیەکی تایبەتی جاش سەر بە ڕژێمی بەعس، هەواڵی لی داون و دەورەیان دراوەو دەستگیریان کردوون، لەبەرئەوەی تەنیا مەبەستیان "ئایشە گروکە" بووە .. ئەوانی تر ئازاد دەکەن و ئەو دەهێڵنەوەوبۆ ماوەی چوار مانگی تەواو بە هەموو شێوازێکی دڕندانەو نامرۆڤانە ئازارو ئەشکەنجەی دەدەن، ئەو ژنە بوێرە سڵ  کەس ناکات، نهێنییەکان ئاشکرا ناکات.=، بەو پەڕی جورئەت و پاڵەوانانە رووبەڕووی جەلادەکان دەبێتەوە، تاوەکولە رۆژی ١٦ی ئابی ١٩٨٨ بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدی دەکەن.