ژنێکی کورد لە دەرەوەی وڵات هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستێکی سیاسی دەدات

بۆ یەکەم جار ژنە کوردێک دەیەوێت دەنگی ژنانی کورد بگەیەنێت بە گەلانی تر لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پۆستێکی سیاسی لە وڵاتی فینلەندا.

بۆ یەکەم جار ژنە کوردێک دەیەوێت دەنگی ژنانی کورد بگەیەنێت بە گەلانی تر لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پۆستێکی سیاسی لە وڵاتی فینلەندا.

 

شنیار بایز

سلێمانی- سنور حوسێنی لە دایکبووی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی ٢٨ ساڵە لە وڵاتی فینلەندا دەژی و خوێندکاری بەشی ژمێریاریە، لە تەمەنێکی بچوکیدا لەگەڵ خانەوادەکەیدا کوردستانیان جێهێشتووە و ڕوویان لە وڵاتی فینلەندا کردووە، سنور لە ناو خانەوادەیەکی کوردپەروەردا گەورە بووە هەر ئەمەش وای کردووە زیاتر ئاشنای کورد ببێت و خاوەن هەستی کوردایەتی بێت.

سنور لە پاڵ خوێندنەکەیدا هەمیشە هەوڵی داوە پشتیوانی زیاتری میلەتی کورد بێت، بە تایبەت دەربارەی پرسەکانی ژنان کە ببێتە پاڵپشتێکی باش بۆ ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت.

 

نزیکەی مانگێکە وڵاتی فینلەندا خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی نوێی شارەکانی، سنور حوسێنی وەک ژنێکی کورد و هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە خۆی کاندید کردووە بۆ شارەوانی شاری تورگو.

 

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئاژانسی ژنها لەگەڵ سنور حوسێنی باس لە چالاکیەکانی خۆی دەکات و دەڵێت پێم وایە مرۆڤ لە هەر شوێنێک بژی دەبێت هەوڵ بۆ هیوا و ئامانجەکانی بدات، دەشڵێت: "ڕاستە من لە تاراوگەدا ژیان دەکەم دوورم لە وڵاتی خۆم، بەڵام هەوڵی من تێکەڵ بوونە لەگەڵ گەلانی تر تا بتوانم خۆم و گەلەکەمیان پێ بناسێنم، وەک کوردێک کاریگەریم لەسەر ئەوروپیەکان هەبێت، دەبێت چاوەڕێی هیچ کەس و لایەنێک نەکەین، بەڵکو خۆمان پاڵپشتی لە خۆمان بکەین".

 

 یەکێک لە ئامانجەکانی سنور خستنەڕووی دۆزی کوردە بۆ گەلانی تر

ئەو کاندیدە ئاماژە بەوە دەکات هەمیشە هەوڵی ناساندنی کوردی داوە بەلاشیەوە گرنگە دەنگی تەواو کۆبکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی شارەوانی شاری تورگو، هەروەها دەڵێت: "ئەوروپا لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و شکاندنی هیزی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر ئاشنای گەلی کورد بوون، و خەباتی ژنانی کورد لە جیهاندا دەنگی دایەوە، منیش دەمەوێت لە ڕێگەی خۆمەوە زیاتر خزمەت بەو ئاشنایەتییە بکەم و ببمە دەنگی ژنانی کورد".

 

یەکێک بووە لە ژنە چالاکوانەکان و لە چەندین چالاکیدا بەشداری کردووە

 سنور باس لەوە دەکات لە چەندین چالاکی و کەمپین و کۆمیتەدا کاری کردووە وەک کار کردن بۆ ژنانی زیندان، پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوا، و بە شێوەیەکی گشتی کەمپینیان دژ بە کوشتنی ژنان لە کوردستان و خۆکوشتنی ژنان بەڕێوە بردووە، دەشڵێت: "هەمیشە هەوڵم داوە یارمەتی ژنان بدەم و دەنگیان بگەیەنم، هەوڵیش دەدەم وەک ژنێک چارەسەریی بۆ کێشەکانی ژنان بدۆزمەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەوانەش پێویستی بە خۆچالاک کردن و ڕیکخستنبوون هەیە".

 

"کوردانی فینلەندا پاڵپشتیەکی باشم لێدەکەن"

لە وڵاتی فینلەندا ماوەی هەفتەیەکە دەستکراوە بە بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی شارەکانی فینلەندا، و لە ٧-١٠ی نیسان هەڵبژردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بانگەشە کردن زیاتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەکرێت، سنور دەڵێت کوردانی فینلەندا بەشێوەیەکی زۆر باش بانگەشەم بۆ دەکەن و پاڵپشتیم لێدەکەن.

 

باس لە تێڕوانینی سیاسەتی فینلەندا دەکات سەبارەت بە کوردەکان

ڕەگەز پەرستی ئەو دەردەیە کە جیهان پێوەی دەناڵێت، زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە هۆی قوڵبوونەوەی هەستی ڕەگەزپەرستیەوە ناکۆکی لە ناو کۆمەڵگەدا دروستکردووە، فینلەنداش ساڵی ٢٠١٨ بە یەکێکە لە وڵاتانی ڕەگەزپەرست هەڵبژێردرا، بە تایبەت دژ بە ڕەش پێستەکان، سنور حوسێنی لەو بارەیەوە دەڵێت: " سەرباری ڕەگەزپەرستی وڵاتی فینلەندا، چەندین چالاکی بۆ ناساندی کورد ئەنجامدراوە لە لایەن کوردانی فیلەنداوە، لە سەروبەندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژانە چالاکی دەکرا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان".

لە کۆتایی قسەکانیدا سنور ئاماژە بەوەدەکات کە پێویستە کورد یەک دەنگ بێت تا هیچ هێزێک توانای تێکشکاندنی نەبێت.

 

ت.پ